هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

عێراق بەدوای چارەنوسی ئێزدییە ونبووەکاندا دەگەڕێت

خالید تائی

تەندروستکارێکی عێراقی نمونەی خوێنی کچێکی ئێزدی وەردەگرێت وەك بەشێك لە هەوڵێکی حکومەت بۆ دەرخستنی چارەنوسی ئێزدییە ونبووەکان. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پاراستن و کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق]

تەندروستکارێکی عێراقی نمونەی خوێنی کچێکی ئێزدی وەردەگرێت وەك بەشێك لە هەوڵێکی حکومەت بۆ دەرخستنی چارەنوسی ئێزدییە ونبووەکان. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پاراستن و کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق]

حکومەتی عێراق ماوەیەکە داتابەیسێك دروستدەکات بۆ هەموو ئەو ئیزدییانەی هێشتا ناونوس نەکراون دوای داگیرکاریی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و سوریا" (داعش) چوار ساڵ لەمەوبەر.

تیمێکی حکومەت دەستیکرد بە کارکردن لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە لە 4 ئەیلول بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی تاکەکەسی و نمونەی خوێنی خێزانی ئەو ئێزدییانەی هێشتا وەك ونبوو ماونەتەوە.

تیمەکە، کە چەندین پسپۆڕی پزیشیکی لێکۆڵینەوەی تێدایە، تائێستا داتابەیسێکیان دروستکردووە بۆ زیاد لە 600 ئێزدیی ونبوو.

دروستکردنی ئەو داتابەیسە رێکارێکە بۆ هەنگاوێکی گەورەتر، بۆ هەڵدانەوەی چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ کە داعش لە شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری جێیهێشتن.

خێزانی ئێزدییە ونبووەکان سەردانی ناوەندێکی کۆکردنەوەی زانیاری دەکەن لە قەزای شەنگال له‌ عێراق. [خاوەنی وێنە: پەیمانگای عێراق بۆ شەهیدان]

خێزانی ئێزدییە ونبووەکان سەردانی ناوەندێکی کۆکردنەوەی زانیاری دەکەن لە قەزای شەنگال له‌ عێراق. [خاوەنی وێنە: پەیمانگای عێراق بۆ شەهیدان]

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، عەلی بەیاتی بە دیارونای وت داتابەیسەکە ناو و تەمەنی کەسە ونبووەکانی تێدایە، لەگەڵ رۆژی ونبوونیان.

وتی هەروەها نمونەی خوێنی کەسوکاری کەسە ونبووەکانی تێدایە کە دەکرێت بەکاربهێنرێن بۆ ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردنی پاشماوەی قوربانیانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا.

هیوا و ترس

بەیاتی وتی: "ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییه‌ ونبووه‌كان هێشتا چارەنوسیان نادیارە."

سەرچاوە خۆجێیەکان پێیانوایە هەندێك ئەندامی ئەو گروپە کەمینەیە کە هێشتا ونن، زیندوون و داعش وەك دەستبەسەر رایگرتوون لە سوریا.

ئەم ئەگەرانە زیاتر جەختیان لێکرایەوە دوای رزگارکردنی هەشت ژن و منداڵی ئێزدی لەدەست داعش لە ئەیلولدوای چوار ساڵ لە زیندانیکردنیان.

لەکاتێکدا هەندێك تروسکایی هیوا ماوە، ترسی واقیعیش هەیە لەوەی زۆرێك لە ئێزدییەکان لەلایەن گروپەکەوە کوژرابن و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژرابن.

زیاد لە 200 گۆڕی بەکۆمەڵ کە پاشماوەی نزیکەی 12,000 قوربانییان تێدایە تائێستا لە عێراق دۆزراونەتەوە کە دەکرێت ببنە بەڵگەی گرنگ بۆ ئەو تاوانانەی جەنگ کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون، نەتەوە یەکگرتوەکان سێشەممە (6 تشرینی دووەم) رایگەیاند.

بەیاتی وتی لەنێویاندا 70 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری هەن کە دەوترێت جەستەی قوربانیانی ئێزدیی تێدایە.

وتی زۆرێك لەم گۆڕە بەکۆمەڵانە هێشتا هەڵنەدراونەتەوە، لەبەرئەوەی "رێکاری ورد و هونەریی فراوان"یان پێویستە و وتیشی هەوڵی جددی له‌ ئارادایه‌ بۆ هەڵدانەوەی هه‌موو گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکە.

بەیاتی وتی: "دروستکردنی داتابەیسەکە هەنگاوێکی سەرەتاییە بەم ئاراستەیە و یارمەتی ئاشکراکردنی چارەنوسی زۆر کەسی ونبوو دەدات."

وتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ بەرپرسە لە چاودێریکردنی هەوڵەکانی حکومەت لەمبارەیەوە.

وتیشی: "چاودێرێکمان هەیە لە هەریەکە لە تیمە فیدراڵی و خۆجێیە پەیوەندیدارەکاندا بۆ بەبەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی تیرۆریزم و بەخشینی دادوەری به‌ قوربانیان و سوورین لەسەر جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە داواکراوەکان."

هەنگاوێکی دڵخۆشکەر

بەڕێوبەری گشتی لە کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خەیری بوزانی وتی تا 10 تشرینی یەکەم، 3,086 ئێزدی هێشتا ونن، لەنێویاندا 1,429 ژن و 1,657 پیاو.

بە دیارونای وت: "دوای داگیرکردنی شەنگال، بەگشتی داعش 6,417 پیاو و ژن و منداڵی رفاند، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان."

وتی تائێستا، 3,331 رفێندراو ئازادکراون، لەنێویاندا 1,159 ژن، 337 پیاو و 1,835 منداڵ لە خوار تەمەنی 14 ساڵانه‌وه‌.

بوزانی وتی پابەندە بە گرتنەبەری هەر رێکارێك کە یارمەتی ئاشکراکردنی چارەنوسی ئەو کەسە ونبووانە بدات.

وتیشی: "خێزانی قوربانیان دەیانەوێت کاربەدەستان بزانن چی به‌سه‌ر خۆشەویستانیان هات و کۆتایی به‌ خه‌م و ئازاره‌كانیان بهێنن."

قائیمقامی شەنگال، مەحما خەلیل بە دیارونای وت تەواوکردنی داتابەیسی ئێزدییە ونبووەکان رێکارێکی دڵخۆشکەرە کە یارمەتی وەڵامدانەوەی خێزانەکان دەدات.

وتی: "ستایشی ئەم هەوڵە دەکەین. دەبێت چیمان پێدەکرێت بیکەین تا پشتیوانی ئەم خێزانانە بین، چونکە کاتێکی زۆر تێپه‌ڕیوه‌ بەبێ ئەوەی بەووردی بزانن چی بەسەر خۆشەویستانیان هاتووە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500