هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێرشێكی ئاسمانی هاوپەیمانان لە حەشارگەیەکی داعش دەدات نزیك کەرکوك

خالید تائی

فڕۆکەیەکی جەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبینرێت بەشداریدەکات لە هێرشێكی ئاسمانیدا بۆسەر پێگەکانی داعش لەم وێنەیەدا، کە 4 تشرینی یەکەم 2017 بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: تیمی هۆشیاركردنه‌وه‌ی ئه‌لیكترۆنیی ئەمریکا]

فڕۆکەیەکی جەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبینرێت بەشداریدەکات لە هێرشێكی ئاسمانیدا بۆسەر پێگەکانی داعش لەم وێنەیەدا، کە 4 تشرینی یەکەم 2017 بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: تیمی هۆشیاركردنه‌وه‌ی ئه‌لیكترۆنیی ئەمریکا]

دەزگای دژەتیرۆری عێراقی دووشەممە (5 تشرینی دووەم) رایگەیاند كه‌ زانیاریی داوەتە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەربارەی حەشارگەیەکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش) نزیك کەرکوك کە بووه‌ هۆی هێرشێكی ئاسمانیی سەرکەوتوو.

وتەبێژی دەزگای دژه‌تیرۆر، سەباح نوعمان بە دیاورنای وت: "زانیاریی وردمان دایە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەربارەی حەشارگەیەك کە شانەیەکی تیرۆریستی تێدابوو نزیك بە کەرکوك."

وتی: "هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان دەستبەجێ هێرشێکی کوشندەی کردەسەر حەشارگەکە، کە پێکهاتبوو لە زنجیرەیەك تونێلی 500 مەتری."

وتی لە هێرشەکەدا نۆزدە چەکداری داعش کوژران.

وتیشی دەزگای دژەتیرۆر ماوەیەك بوو چادوێریی جوڵەی شانەکەی دەکرد و زانیاریی باشی هەبوو لە سەرچاوەی تایبەتەوە دەربارەی شوێنی خۆشاردنەوەیان، کە سەریکێشا بۆ دانانی کاتی هێرشە دەستپێشخەرانەکە.

نوعمان وتی شانەکە مەبەستیبوو هێرشی تیرۆریستی ئەنجامبدات دژی ئامانجە مەدەنی و ئەمنیەکان لە شاری کەرکوك و شارۆچکەکانی دەوروبەری.

وتیشی: "ئەو هێرشە دەستپێشخەرانەیە هەڕەشە تیرۆریستیەکەی پوچەڵکردەوە و دەرفەتی ئەوەی بە داعش نەدا ئامانجە تاوانکارییەکانی بپێکێت."

هەماهەنگیی ئەمنی بەسوود

نوعمان وتی ئۆپەراسیۆنەکەی کەرکوك "ئاستی هەماهەنگی و هاریکاریی بەردەوام و بەسوود لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان" دەردەخات.

وتیشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامبووە لە پشتگیریی هەوڵەکانی عێراق "بۆ بنەبڕکردنی پاشماوەكانی دوژمن، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەست و بیابانیەکان و بۆ هێنانه‌كایه‌ی ژینگەیەکی سەلامەت و سەقامگیر".

نوعمان وتی: "کاری هاوبەشمان لە گۆڕینەوەی زانیاری و چاودێریی چالاکیەکانی پاشماوەکانی داعش بەباشی بەڕێوەدەچێت، بە هێرشی ئاسمانی سەرکەوتوانەوە بۆسەر بنکەکانیان."

ئاماژەیکرد بەوەی ماوەیەکە هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆریش ئۆپەراسیۆنی تایبەت ئەنجامدەدەن، کە توانیویانە خانە و شانەی تیرۆریستیی مەترسیدار لەناوبەرن لەگەڵ سەرچاوەی پشتگیرییان.

بۆنمونە لەنێوەندی تشرینی یەکەمدا، سەرکەوتووبوون لە هەڵوەشاندنەوەی شانەیەکی حەوت ئەندامی دوایئەوەی لە شاری کەرکوك چاودێرییان کردن.

وتی شانەکە بەرپرسبوو لە هێرشکردنە سەر مەدەنیەکان لە شارەکە و وتیشی چەکی سوك و بۆمبی دەستکرد و ئامرازی تەقاندنەوە به‌ ده‌ستگیركراوه‌كان گیرا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500