هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

پەرتوکێك ناوی ئەو بەندکراوانە تۆماردەکات کە لە زیندانەکانی رژێمدا کوژراون

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

نوسەری سوری، غادە بكیر لە ئیدلیب لە بۆنەیەکی ئیمزاکردنی پەرتوکە نوێکەیدا بەناونیشانی "کاتێك بەندکراوەکان دەدوێن"، كه‌ باس لە ژیانی ئەو دەستگیرکراوانە دەکات کە لە زیندانەکانی رژێمی سوریادا گیانیان لەدەستداوە. [خاوەنی وێنە: غادە بكیر]

نوسەری سوری، غادە بكیر لە ئیدلیب لە بۆنەیەکی ئیمزاکردنی پەرتوکە نوێکەیدا بەناونیشانی "کاتێك بەندکراوەکان دەدوێن"، كه‌ باس لە ژیانی ئەو دەستگیرکراوانە دەکات کە لە زیندانەکانی رژێمی سوریادا گیانیان لەدەستداوە. [خاوەنی وێنە: غادە بكیر]

لە پەرتوکە نوێکه‌دا بەناونیشانی "کاتێك بەندکراوەکان دەدوێن"، غادە بكیر باس لە ژیانی ئەو دانیشتوانانەی ئیدلیب دەکات کە لەلایەن رژێمی سوریاوە دەستگیرکرابوون و بەهۆی ئەشکەنجەوە لە زینداندا گیانیان لەدەستداوە.

پەرتوکەکە لیستی 600 ناوی تێدایە كه‌بەندکراوبوون و لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون تەنیا لە زیندانەکانی ئیدلیبدا و چیرۆكه‌كانیان تۆمارده‌كات.

پەرتوکەکە لەسەرەتای شەڕی سوریاوە دەستپێدەکات و باس لەوە دەکات چۆن ئەو کەسانە دەستگیرکراون و چاوپێکەوتنیش لەگەڵ خێزانەکانی ئەو کەسانە لەخۆدەگرێت کە لەکاتی بەندکردنیاندا گیانیان لەدەستداوە.

لەدیدارێکدا لەگەڵ دیارونا، بكیر وتی یەكێك لەو کارە سەختانه‌ی رووبەڕووی بۆتەوە لەکاتی کارکردنیدا لەسەر ئەم پەرتوکە ئەوە بووه‌ کە هەندێك لە خێزانەکان رەتیانکردۆتەوە بڕوابکەن کە کوڕەکانیان مردوون.

پیاوێکی بەساڵاچوو پەرتوکی "کاتێك بەندکراوەکان دەدوێن" دەخوێنێتەوە، کە پەرتوکێكی نوێی نوسەری سوری غادە بكیره‌ و باس لە ژیانی ئەو دەستگیرکراوانە دەکات کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە لە زیندانەکانی رژێمدا. [خاوەنی وێنە: غادە بكیر]

پیاوێکی بەساڵاچوو پەرتوکی "کاتێك بەندکراوەکان دەدوێن" دەخوێنێتەوە، کە پەرتوکێكی نوێی نوسەری سوری غادە بكیره‌ و باس لە ژیانی ئەو دەستگیرکراوانە دەکات کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە لە زیندانەکانی رژێمدا. [خاوەنی وێنە: غادە بكیر]

وتی زۆربەیان ئێستاش هیواخوازن لە ژیاندا مابن و لەوانەیە رۆژێك بگەڕێنەوە.

دیارونا: بە کورتی باسی ئەم پەرتوکەمان بۆ بکە.

غادە بكیر: بیرۆکەی پەرتوکەکەم دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا لە 2012، ئەو کاتەی شەهید ئەحمەد دەعاس، کە گەنجێكی سەراقیب بوو، خۆپیشاندانی ئاشتیانەی دەکرد، لە بازگەیەك دەستگیرکرا لەلایەن چەکدارانی سەربە رژێم و میلیشیای شەبیحە، کە ئەو کاتە کارگەیەکی نەوتیان لە سەراقیب کردبووە زیندان و شوێنی ئەشکەنجەدان.

گەنجەکە تەمەنی لە بیستەکاندا بوو، لەژێر ئەشکەنجەدا شەهید بوو، لاشەکەی بە پارچە پارچەکراوی زیندانەکەی جێهێشت.

هەر لەو کاتەدا، ئەحمەد یاسر حاج ئەحمەد، کە هەر خەڵكی سەقاریب بوو، گیرا و لە کارگەی نەوتەکەوە برا بۆ ئیدلیب و دواتر بۆ دیمەشق، لەوێ ئەشکەنجەدرا و ئەویش لاشەکەی بە پارچە پارچەکراوی زیندانی جێهێشت.

لەو کاتەوە بیرۆکەی ئەم پەرتوکەم بۆ هات كه‌ چیرۆکی ئەوانە بخەمەڕوو کە لە زیندانەکاندا لەژێر ئەشکەنجەدا شەهیدبوون، بۆئەوەی ژیانیان لە منداڵییەوە تا شەهیدبوونیان بگێڕمەوە.

دیارونا: بۆ ئێستا؟

بكیر: بەهۆی بواری تایبەتیەوە کارەکانم لەسەر پەرتوکەکە وەستاند و ئەمساڵ دەستمپێکردەوە دوای ئەوەی رژێم ناوی ئەوانەی بڵاوکردەوە کە لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون. ، ئەمەش دوای ئەوەی خێزانەکانیان چەندین ساڵ چاوەڕوان بوون، سەرباری ئەو وێنانەش کە بەدزییەوە لەلایەن [وێنەگر] "قەیسەر"ەوە لەناو زیندانەکانی ئەسەدەوە دزەیانپێکرا و لاشە پارچەکراوەکانیان نیشاندەدا، له‌گه‌ڵ ژمارەیه‌ك لەسەر نێچه‌وانیان. من ویستم ئەو لاشانە بکەمەوە بەو مرۆڤانەی ژیان و خەون و هیوایان هەبوو، تا بیسەلمێنم كه‌ تەنیا ژمارە نەبوون.

دیارونا :پەرتوکەکە ئاماژەدەکات به‌ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان لەلایەن تیمێکەوە. باسی ئەو تیمەمان بۆ بکە و پەرتوکەکە لەکوێ بڵاوکرایەوە؟

بكیر: کارەکە لەلایەن ناوه‌ندی بەرائه‌وه‌ بۆ كۆمه‌كی دەروونی و چاکبوونەوە ئەنجامدرا لەگەڵ گۆڤاری زەیتون لە تورکیا.

کارەکە لەلایەن هەردوو تیمەکەوە دابەشکرا. تیمی بەرائه‌، کە خۆمی تێدابووم لەگەڵ نورەدین عەباس و حەلا حاج عەلی سەردانی خێزانەکانی شەهیدەکانمان کرد، زانیارییەکانمان لەسەر شەهیدەکان لە منداڵییانەوە کۆکردەوە تا کاتی شەهیدبوونیان لەگەڵ وێنەکانیان، ئینجا چیرۆکەکانیانمان نوسینەوە.

تیمی زەیتون، کە رائید رازوك و وەعاد بەلخی تێدابوون، چیرۆکەکانیان پاكنوسکرد و لەڕێی چاپخانەی نونه‌وه‌ لە تورکیا پەرتوکەکەیان بە چاپ گەیاند.

پەرتوکەکە لە فیستیڤاڵی پەرتوکی ئه‌ستەنبوڵدا نمایشکرا و ژمارەیەکی لە تورکیا بڵاوکرایەوە و ئەوی تری هێنرا بۆ سوریا. لە سوریاش ناوه‌ندی بەرائه‌ لە ئیدلیب و دێهاتەکانی بڵاویکردەوە، کۆپیە ئەلیکترۆنییەکەشی لەم دواییانەدا بڵاوکرایەوە بۆئەوەی هەرکەس بیەوێت بیخوێنێتەوە دەستی پێبگات.

دیارونا: ئێوە سەرنجتان لەسەر ئیدلیبە، بۆ؟ ئایا پرۆژەیەكتان هەیە کارەکان بەرفراوانتر بکەن بۆئەوەی هەرێمی دیکە لەخۆبگرێت؟

بکیر: ئێمە کارەکانمان لەسەر پارێزگای ئیدلیب و دێهاتەکانی کرد لەبەرئەوەی تاکە هەرێم بوو توانیمان تێیدا هاتوچۆبکەین و چاوپێکەوتن لەگەڵ خیزانەکان ئەنجامبدەین، چونکە رژێم هیچ بوونێکی لەوێ نیە. ترساین لەوەی لە بازگەیەکی رژێم بمانوەستێنن و بگیرێین.

هیواخوازین ئەم کارەمان ببێتە یەکەم هەنگاو بۆ بەبەڵگەکردنی چیرۆکەکانی هەموو شەهیدانی تەواوی پارێزگاکانی سوریا.

دیارونا: چەند کەس لە خەلكی ئیدلیب زیندانبوون و چەند لەوان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژران؟

بكیر:بەداخەوە ئامارێکی ورد نیە لەسەر ژمارەی ئەوانەی لە ئیدلیب گیران چونکە هیچ بنکەیەکی تۆمارکردن بوونی نیە.

هەوڵدرا بۆئەوەی تۆماربکرێن بەڵام تەواو نەبووە، چونکە زۆربەی دەزگاکانی سەربە ئیدارە ناوخۆییەکان لەلایەن هێرشی ئاسمانیەوە کرانە ئامانج و هەموو شتێك لەناوچوو.

بۆ پەرتوکەکەی ئێمە، توانیمان بەهاوکاریی سەرچاوەکانمان 600 دۆسیە تۆماربکەین و ئەو چیرۆکانەشمان خستنەڕوو کە توانیمان تۆماریانبکەین بەڵام ژمارەی [دروستی] بەندکراوەکان زۆر لەوە زیاترە.

دیارونا: چی بەربەستێك هاتە پێشتان لە پرۆسەی تۆمارکردندا؟ هەروەها خێزانەکان چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا کردن؟

بكیر: تیمەکە چەندین بەربەستی هاتەبەردەم لەکاتی کارەکاندا، وەك ئەوەی خێزانی شەهیدەکان رەتیاندەکردەوە هیج زانیارییەك بدەن لەسەر کوڕەکانیان لەترسی ئەوەی گەر رژێم دواتر بێتە ئیدلیبەوە لەوانەیە ژیانیان لە مەترسیدا بێت و لەلایەن شەبیحەوە بکوژرێن.

هەندێکیش رەتیانکردوە قسەبکەن بەو هیوایەی کە راپۆرتی شەهیدبوونی کوڕەکانیان راست دەرنەچێت و لەزیندان رزگاریان ببێت. هەندێکی تریش نەیاندەویست باوەڕبکەن بە راپۆرتی شەهیدبوونی کوڕەکانیان سەرەڕای ئەوەی ناویان لەو لیستەدا بوو کە رژێم لە چەند ناوچەیەکی ئیدلیب بڵاویکردبووه‌وە.

ئەمە جگە لە دژواریی هاتوچۆ لە دێهاتەکانی ئیدلیبدا و ئەو مەودا درێژانەی کە ئەبوایە رۆژانە بیبڕین، لەگەڵ سەختی قسەکردن لەگەڵ خێزانەکاندا و وروژاندنی یادەوەریی به‌ئازار لەکاتی وەبیرهێنانەوەی وردەکاریی ژیانی شەهیدەکاندا.

جگە لەوەش هەندێك لەخێزانەکان زیاتر لە یەك شەهیدی زیندانیان هەبوو، ئەمەش گفتوگۆی لەگەڵیان پڕئازارتر ده‌کرد بۆ ئێمە و ئەوانیش.

بەڵام سەرەڕای گرفتەکان، زۆر لە خێزانەکان دڵخۆشیی خۆیان نیشاندا کە ئێمە کوڕەکانیامان له‌بیربوو، ده‌مانویست لەم پەرتوکەدا بۆ هەتاهەتایە له‌ یاده‌وه‌ریدا بمێننه‌وه‌.

سەختییەکی تریش کە رووبەڕوومان بووەوە ئەوەبوو کە دەبوایە کارەکە لە کاتێکی سنورداردا تەواوبکەین کە لە مانگونێوێك زیاتر نەخایەنێت و ژمارەیەکی دیاریکراوی شەهیدیش لەخۆبگرێت. ئەمەش وایکرد کە نەتوانین چەندین چیرۆك بەسەربکەینەوە. هەرچەندە سەدان زیندانی لە پارێزگای ئیدلیب و دێهاتەکانی هەبوون، قەبارەی پەرتوکەکە دەرفەتی ئەوەی نەداین کە بەربڵاوتر کارەکە ئەنجامبدەین. بۆئەوەی ئەم لەمپەرە تێپەڕکەین هاتین ناوی هەموو شەهیدەکانمان خستە لیستێکەوە لەكۆتایی پەرتوکەکادا.

دیارونا: هیچ زانیارییەك هه‌یه‌ سەبارەت بەوانەی هێشتا لە گرتوخانەکاندان؟

بكیر:هیچ زانیارییەك سەبارەت بەو دەستبەسەرکراوانه‌ نیە کە هێشتا لە گرتوخانەکانی رژێمدان. زۆربەی خێزانەکان دەڵێن هیچ هەواڵێکیان سەبارەت بە کوڕەکانیان نیە بۆ زیاتر لە چوار پێنج ساڵ. ئەوان بە زۆر بردراون و نازانرێت لەکام گرتوخانەدا راگیراون سەرەڕای هەوڵی خێزانەکانیان بۆ بەدەستهێنانی هەر زانیارییەك سەبارەت بە کوڕەکانیان. هاوکات، دەسەڵاتە [جیاوازەکانی هێزە] ئەمنیەکان رەتیدەکەنەوە ئەوان لە بەندیخانەکاندا بن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500