هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

ناوه‌ندێك بۆ چاکبوونەوەی جەستەیی لە موسڵ دەکرێتەوە

خالید تائی

شاره‌زایانی خاچی سووری نێودەوڵەتی لاقی دەستکرد تاقیدەکەنەوە لە ناوه‌ندی چاکبوونەوەی جەستەیی لە موسڵ. [خاوەنی وێنە: خاچی سووری نێودەوڵەتی - عێراق]

شاره‌زایانی خاچی سووری نێودەوڵەتی لاقی دەستکرد تاقیدەکەنەوە لە ناوه‌ندی چاکبوونەوەی جەستەیی لە موسڵ. [خاوەنی وێنە: خاچی سووری نێودەوڵەتی - عێراق]

بنکەیەکی نوێی چاکبوونەوەی جەستەیی، کە یەکەمجارە لە موسڵ دەکرێتەوە، چارەسەری کەمئەندامانی تێدا دەکرێت و خزمەتگوزاریی تایبەتیش دابیندەکات كه‌ له‌وه‌پێش له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوون، وەك بەشه‌ ده‌ستكرده‌كانی جەستە و خزمه‌تگوزارییه‌كانی پته‌وكردنی ئێسك و چاره‌سه‌ری جه‌سته‌یی (فیزیۆتێراپی).

ناوه‌ندی چاکبوونەوەی جەستەیی نەینەوا، کە لەماوەی چوار مانگدا لەلایەن خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە دامه‌زرێنرا، بەفەرمی لە 14 تشرینی یەکەمدا کرایەوە.

له‌لایه‌ن بەڕێوبەرێتی تەندروستی نەینەواوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت.

بەڕێوبەری بەرنامەی چاکبوونەوەی جەستەیی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عێراق، تێرێسه‌ پاوێڵ، وتی: "بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاستی وێرانی ژێرخانەوە، ئەوانەی قاچ و دەستی ده‌ستكردیان پێویستبوو دەبوایە چەندین کاتژمێر بڕۆن بۆ سلێمانی و هەولێر بۆ ئەوەی ده‌ستیان به‌و خزمەتگوزاریانه‌ بگات."

عێراقییەك کە بەشێکی جەستەی بڕدراوه‌ته‌وه‌ چارەسەر وەردەگرێت لەو بنکە نوێیه‌ بۆ چاکبوونەوەی جەستەیی لە موسڵ. [خاوەنی وێنە: ماڵپەڕی رادیۆی سەلام]

عێراقییەك کە بەشێکی جەستەی بڕدراوه‌ته‌وه‌ چارەسەر وەردەگرێت لەو بنکە نوێیه‌ بۆ چاکبوونەوەی جەستەیی لە موسڵ. [خاوەنی وێنە: ماڵپەڕی رادیۆی سەلام]

بەرپرسانی عێراقیش دەڵێن هەزاران کەس برینداربوون لە سەردەمی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا و لە کاتی شەڕی دەرکردنی گروپەکەدا لە پارێزگاکە.

محەمەد جەمال، 25 ساڵ، بە دیارونای وت دوو ساڵ لەمەوپێش قاچی راستی لەدەستدا لەکاتێكدا موشەکێکی داعش لەنزیك ماڵه‌كه‌یانی دا لە گەڕەکی زەهرای رۆژهەڵاتی موسڵ.

موشەکەکە لەو کاتەدا تەقیەوە کە ئەم و خێزانەکەی هەوڵیاندەدا هەڵبێن و خۆیان بگەیەننە هێزە عێراقییەکانی شەڕیاندەکرد بۆئەوەی گەڕەکەکە لە داعش بگرنەوە.

جەمال وتی خەریكبوو لە رووداوەکەدا بکوژرێت. وتی له‌سه‌ره‌تادا لەدەستدانی قاچی خستبوویە رەوشێکی سامناکی دەروونییەوە، بەڵام توانیی بەردەوامی بداتەوە بە ژیانی و بە خوێندنەکەی لە زانکۆ.

ئێستاش هیواخوازە بنكه‌كه‌ی نەینەوا بتوانێت هاوکاری بێت بۆئەوەی بتوانێت بە دارشەق رێبکات.

وتی: " پێویستمان بە بنكه‌كه‌یه‌. تیرۆریستەکان تاوانەکانیان ئەنجامدا بەڵام ناتوانن مافی بەردەوامیدانمان بە ژیانێکی ئاسایی لێبسێننەوە."

کێشەی گەشتکردن نەما

بەرپرسی راگەیاندنی تۆڕی رێکخراوەکانی کۆمه‌ڵگەی مەدەنی نەینەوا، موهەنەد ئه‌ومه‌ری، وتی ناوه‌نده‌كه‌ی نەیەنەوا دامه‌زرێنرا "لەئەنجامی هەوڵە هاوبەشەکانی دەزگا کۆمەکبەخشە ناوخۆییەکان و خاچی سووری نێودەوڵەتیدا."

بە دیارونای وت بنكه‌كه‌ لاق و دەستی ده‌ستكرد دابیندەکات لەگەڵ خزمەتگوزاری تەندروستی و چاکبوونەوە بۆ نزیکەی 5,000 کەمئەندام، كه‌ 750 لەوانه‌ منداڵن.

وتی بۆ زیاتر لە ساڵ و نیوێك رێخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هه‌وڵیانده‌دا بریندارانی مه‌ده‌نی ده‌ستنیشان بكه‌ن و چاره‌سه‌ری خێرایان بۆ دابینبكه‌ن لە گەڕەکەکانی سەرانسەری موسڵدا.

ئه‌ومه‌ری وتی: "سەردانمان دەکردن لە ماڵەکانیان و دوای بینینیان راپۆرتی تێروتەسەلمان لەسەر رەوشیان دەنوسی."

وتی: "هاوکاریان بووین بۆئەوەی چارەسەریان بۆ دابینبکرێت له‌ڕێی ناردنیانه‌وه‌ بۆ رێخراوە نێودەوڵەتییەکان وەك خاچی سوور و دکتۆرانی بێسنوور و رێخراوی کۆچی جیهانی."

وتیشی بەر لە کردنەوەی بنكه‌كه‌ی نەینەوا، ئه‌و دانیشتوانه‌ی دەست و قاچیان لەدەستدابوو دەچوون بۆ هەولێر بۆ چارەسەر و ئەوەش ئەرکی دارایی و هیلاکی رێی دەخستە سەرشانیان.

ئه‌ومه‌ری وتی: "ئێستا ئەو ئەرکانەیان لەسەرشان نەماوه‌ لەدوای کردنەوەی ناوه‌نده‌كه‌ لە ناوجەرگەی موسڵدا."

پشتیوانیکردنی عێراقییە کەمئەندامەکان

ئەندامی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حەسەن شەبیب بە دیارونای وت ئه‌و عێراقیانه‌ی بەدەست کەمئەندامییەوە دەناڵێنن، بەشێکن لەو میراتە "تراژیدی و قەیراناوییە"ی داعش دوای خۆی بەجێیهێشت.

وتی: "هەندێك له‌ کەمئەندامان لەکاتی شەڕەکە برینداربوون لەکاتێکدا ئەوانی دیکە دەست و قاچیان لەدەستداوە چونکە تیرۆریستەکان وەك سزا بۆیان بڕیونەتەوە."

وتیشی: "ته‌ركیز ده‌خه‌ینه‌وه‌ سەر چارەسەرکردنی قوربانییەکان. کردنەوەی [ناوه‌ندی چاکبوونەوەی جەستەیی نەینەوا] هەنگاوێکی ئەرێنییە بەڵام پێویسته‌ خزمه‌تی و پشتیوانیی زیاتریشیان بۆ دابینبكه‌ین."

ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حوسامەدین عەبار وتی قوربانییەکانی شەڕی داعش کە کەمئەندام بوون پێویستە نەك هەر لە نەینەوا بەڵكو لە تەواوی پارێزگا بەرکەوتووەکاندا هاوکاری بکرێن.

بە دیارونای وت: "بەرلەوەی داعش شارەکانمان داگیربکات پلانمان هەبوو بۆ دروستکردنی بینای مەزن بۆ خزمەتکردنی هەموو جۆرەکانی کەمئەندامیی هاوڵاتیان و دابینکردنی خزمەتگوزاری پزیشكی و جەستەیی و دەروونی بۆیان."

وتی: "ئێستا دەزانین کە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەستبەجێ جێبەجێکردنی ئەو پلانانە." وتیشی پێویستە کەمئەندامان هەستنەکەن پەراوێزخراون.

عەبار وتی: "دەبێت پشتیوانییان بكه‌ین و هاوکاریان بین بۆئەوەی داهاتوویان بونیاتبنێن و رەوتی ژیانیان بەرەو باشتر بچێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ئه‌و ناوه‌نده‌ له‌كوێیه‌؟

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌