هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

تیمێكی نێودەوڵەتی له‌ 2019 دەستدەکات بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش

خالید تائی

شارەزایانی عێراقی گۆڕێكی بەکۆمەڵ هەڵدەدەنەوە لە تکریت کە تەرمی ئه‌و سەربازه‌ قوتابیانه‌ی تێدایە کە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژکران لە کەمپی سپایکەر ساڵی 2014. [خاوەنی وێنە: دەزگای شەهیدانی عێراقی]

شارەزایانی عێراقی گۆڕێكی بەکۆمەڵ هەڵدەدەنەوە لە تکریت کە تەرمی ئه‌و سەربازه‌ قوتابیانه‌ی تێدایە کە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژکران لە کەمپی سپایکەر ساڵی 2014. [خاوەنی وێنە: دەزگای شەهیدانی عێراقی]

کۆمسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق هەینی (12 تشرینی یەکەم) رایگەیاند چاوەڕوانن ئەو تیمە نێودەوڵەتییەی ئەرکی لێکۆڵینەوەیە لە تاوانەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ساڵی داهاتوو دەستبکات بە کارەکانی.

تیمێكی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دامەزراوە لەسەر بڕیاری 2379ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 2017 بۆ پشتگیریكردنی هەوڵەکانی عێراق بۆئەوەی داعش بە سزای تاوانەکانی بگات.

پارێزەرێكی مافی مرۆڤ، ئەسەد ئەحمەد خان سەرۆکایەتی تیمەکە دەکات و ئەرکردارە بە کۆکردنەوە و پاراستن و هەڵگرتنی بەڵگەکانی ئەو کردەوانەی دەکرێت بچنە خانەکانی تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی و جینۆسایده‌وه‌.

خان سەردانی یەکەمی بۆ عێراق لە 12 بۆ 14 ئاب ئەنجامدا و لەسەردانەکەیدا چاویکەوت بە چەند بەرپرسێکی عێراقی.

ئەندامی تیمێكی عێراقی پشکنینی خوێن ده‌كه‌ن بۆ ژنێکی ئێزدی وەك بەشێك لە ئەرکی دروستکردنی بانکێکی زانیاری بۆ ناسینەوەی ئەو ژنە ئێزدیانەی لەلایەن داعشەوە لە 2014 کوژران و لە گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگال نێژران. [خاوەنی وێنە: دەزگای شەهیدانی عێراقی]

ئەندامی تیمێكی عێراقی پشکنینی خوێن ده‌كه‌ن بۆ ژنێکی ئێزدی وەك بەشێك لە ئەرکی دروستکردنی بانکێکی زانیاری بۆ ناسینەوەی ئەو ژنە ئێزدیانەی لەلایەن داعشەوە لە 2014 کوژران و لە گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگال نێژران. [خاوەنی وێنە: دەزگای شەهیدانی عێراقی]

وتەبێژی کۆمسیۆنەکە، عەلی بەیاتی بە دیارونای وت: "سەردانی بارەگای کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی کرد لە بەغدا و ئەندامانی کۆمسیۆنەکەش ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی خان و تیمەکەی."

"کۆمسیۆنهەموو هەوڵێكی دەخاتە گەڕ بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرکەوتنی ئەرکەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ،" بەیاتی وتی و باسی لەوەش کرد كه‌ ئەو بەڵگە و بەڵگەنامانەی تاوانەکانی داعش دەخەنەڕوو دەدرێنە دەست تیمەکە.

ئه‌ركه‌كه‌ لانیکەم دوو ساڵ دەخایەنێت

بەیاتی وتی تیمەکە کار لە سەر هه‌ندێك لایەنی تەکنیکیش دەکات وەك وەرگرتنی هاوکاری دارایی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستپێکردنی کارەکان.

وتی پارەکە كۆمه‌كی تیمەکە ده‌كات بۆئەوەی بارەگاکەیان دابنێن و ئەندامانی زیاتر بهێننە ناو کارەکانەوە، وتیشی چاوەڕوانن "عێراقیە شارەزاكانی بوارەکانی یاسا و لێکۆڵینەوەی تاوان و پزیشکی داد" بچنە ناو تیمەکەوە.

بەیاتی وتی نەتەوە یەکگرتووەکان دوو ساڵی داناوە ئەم ئەرکە تەواوبکرێت و ئەگەری نوێکردنەوەشی هه‌یه‌.

وتی: "چاوەڕواندەکەین کارەکە کاتی زیاتری بوێت لەو رێکەوتەی بۆی دانراوە،" چونکە ئەو بابەتانەی دەبێت دەستیان بۆ ببرێن زۆرن و ئاڵۆزن.

وتیشی: "تیمی لێکۆڵینەوەکە ئەو بەڵگەنامانە کۆدەکه‌نەوە کە پەیوەندییان هەیە بە تاوانە گەورەکان و ئەو پێشێلکارییانەی لە یاسای نێودەوڵەتیدا بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مۆرڤایەتی و جینۆساد پۆلێنکراون."

بەیاتی وتی بڕیارە تیمەکە لێکۆڵینەوە بکات بۆ ئەو بەڵگەنامانە بەهاوکاریی نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارە عێراقیەکان.

هه‌روه‌ها وتی ئەرکەکە پێویستی بە پشکنینی ئەو بەڵگانەیە کە تۆمارکراون لەسەر تاوانەکانی داعش، هەروەها گوێگرتن لە گەواهیدانی و شایه‌تحاڵان و ئەوانەی لەژیاندا ماون لەگەڵ خێزانی قوربانیەکان بۆئەوەی دادی قۆناغی دوای جەنگ بێتەئاراوە.

وتیشی: "گەیشتن بەو ئامانجە و پێدانی مافەکانی خەڵك هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ بنیاتنانی بناغەکانی ئاشتی و ئاشتبوونەوە و سه‌قامگیری."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500