هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

سوریەکانی ناوچەکانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن لە دژواریدان دوای ئەوەی گروپەکانی کۆمەك مۆڵه‌تی حكومه‌ت له‌ده‌ستده‌ده‌ن

ئاژانسی فرانس پرێس

چەند کوڕێکی سوری لە شەقامەکاندا دانیشتوون لەکاتێکدا کاروانێکی کۆمەکی مرۆیی خواردن دەهێنێت لە شاری دومای ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە غوتەی خۆرهەڵات لە 15 ئازار. لەکاتێکدا شارەکان لەدوای ئۆپۆزسیۆنەوە دەکەونە دەست رژێم، زۆر گروپی کۆمەکی نێودەوڵەتی ناچارکراون خزمەتگوزاریەکانیان بوەستێنن. [حەمزە عەجوه‌/ئاژانسی فرانس پرێس]

چەند کوڕێکی سوری لە شەقامەکاندا دانیشتوون لەکاتێکدا کاروانێکی کۆمەکی مرۆیی خواردن دەهێنێت لە شاری دومای ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە غوتەی خۆرهەڵات لە 15 ئازار. لەکاتێکدا شارەکان لەدوای ئۆپۆزسیۆنەوە دەکەونە دەست رژێم، زۆر گروپی کۆمەکی نێودەوڵەتی ناچارکراون خزمەتگوزاریەکانیان بوەستێنن. [حەمزە عەجوه‌/ئاژانسی فرانس پرێس]

دەیان هەزار سوری لەو ناوچانەی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە گیراونەتەوە کۆمەکی مرۆییان لێدەبڕێت، بەجۆرێك دەزگا فریاگوزاریەکان کە ساڵانێکە یارمەتییان دەدەن ئێستا ناتوانن دەستیان پێیانبگات.

لەکاتێکدا شارەکان لەدوای ئۆپۆزسیۆنەوە دەکەونەدەست رژێم، زۆر گروپی کۆمەکی نێودەوڵەتی ناچارکراون خزمەتگوزاریە گرنگەکانیان لە تەندروستی و خۆراك و پارێزگاری بوەستێنن چونکە مۆڵەتی حکومییان نیە بۆ کارکردن.

لە مانگی نیسانەوە ئەمە دۆخی مەدەنیە کێشەدارەکانی باشوری سوریایە، لە ناوچەی غوتەی خۆرهەڵاتی دەرەوەی دیمەشقو چەند بەشێکی پارێزگای حومس، بەبێ ئەو پاڵپشتییە گرنگه‌ی پێشتر پشتیان پێیدەبەست ماونەتەوە.

وتەبێژی رێکخراوی کەیر ئینتەرناشناڵ کە پێشتر کۆمەکی بۆ ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆن دەنارد، جۆێل باسۆڵ وتی: "کۆی گشتی، بە دەیان هەزار کەس کاریگەریی وەستانی کۆمەکە مرۆییەکانیان لەسەرە."

"کاتێك ئێمە لە کارکردن دەوەستین، راستیەکەی مانای وایە هاوبەشەکانیشمان لە کارکردن دەوەستن و هیچ تواناییەکی مرۆییان نامێنێت له‌و ناوچه‌یه‌دا."

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتوەکان دوای زیاتر لە حەوت ساڵ لە شەڕی سوریا، 13 ملیۆن کەس لە وڵاتەکە پێویستیان بە یارمەتی مرۆییە.

هەرزوو کۆمەك بە سیاسی کرا و دوو ئۆپەراسیۆنی جیاواز سەریانهەڵدا.

یەکێکیان لە دیمەشق بوو، کە نەتەوە یەکگرتوەکان و دەزگاکانی دیکە تەنیا بە مۆڵەتی رژێم کۆمەکیان دابەشدەکرد.

هاوکات، رێکخراوە ناحکومییەکان لە تورکیا و ئەردەن لەڕێی سیستمێکی دیکەوە هاوته‌ریب یارمەتی مەدەنیەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنیان دەدا.

ئەمساڵ، رژێم زۆرێك لەو ناوچانەی هێنایەوە ژێردەستی خۆی لەڕێی زنجیرەیەك لە سەرکەوتنی سەربازییەوە و ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتیانەی ناچارکرد بە کشانەوە.

نۆرینگە پزیشکیەکان دادەخرێن

محەمەد زوعابی، 29 ساڵ، خه‌ڵكی مسه‌یرفەی باشوری سوریا، وتی: "ئەو کۆمەکەی لە دەزگا نێودەوڵەتیەکانەوە دەهات بۆ باشور بەتەواوی وەستاوە."

وتی: "لەئێستادا کەمیی ئارد و كه‌لوپه‌لی پزیشکی و نەخۆشخانەش بەگشتی هەیە دوای ئەوەی نێوەندە پزیشکیەکان و نۆرینگە گەڕۆکەکان داخران و کاریگەریی خراپیان لەسەر خەڵك دانا."

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتوەکان، 66 ئۆتۆمبیلی کۆمەك لە حوزەیراندا لە ئەردەنەوە چوونە باشوور، بەڵام لە تەمموزدا هیچ دانەیەك نەهات کاتێك هێزەکانی رژێم دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرت.

دانیشتوانی باشوری سوریا باسیان لە داخستنی نەخۆشخانەکان و نەبوونی کاڵای تەندروستی و ئارد کرد.

وتیان پزیشك و کارمەندە مرۆییە سوریەکان هەڵاتوون، چونکە داواکراوبوون لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بەهۆی کارکردن لە ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆن یاخود داوای مۆڵەتی دەستپێکردنەوەی کاری فریاگوزارییان لە رژێم کردبوو -- بەڵام نەیاندرابوویە --.

لیژنەی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی، مێرسی کۆر و رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی هەموو پشتڕاستیان کردەوە کە پرۆژەکانی کۆمەکیان وەستاندووە.

بەڕێوبەری ناوچه‌یی لە لیژنەی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی، لۆریان براموێڵ وتی: "لەکاتی شەڕەکەدا، لەکاتێکدا ناوچەکان کەوتنەدەست حکومەت، لیژنەی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی پشتگیریی بۆ ئەو ناوچانە وەستاند."

لیژنەی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی رایگەیاند كه‌ کۆمەکی گەیاندۆتە زیاد لە 300,000 کەس لە باشوری سوریا لە ماوەی ساڵی رابردوودا، هەروەها پشتگیریی شەش نۆرینگەی پزیشکی کردووە.

رژێملە نیساندا غوتەی گرتەوەدوای هێرشێك کە 1,700 مەدەنی تێدا کوژرا.

مۆڵەتی 'سنووردار'

دانیشتوانی تەلبیسە، شارۆچکەیەك لە حومس کە لە ئایاردا رژێم گرتیه‌وه‌، وتیان ده‌رمان و خۆراك دەستناکەون یان زۆر گرانن.

سامی، 20 ساڵ، وتی: "پێش ئەوەی رژێم بێت، نەخۆشخانەیەکی کارا و سێ نوسینگەی پزیشكی لە تەلبیسە هەبوون، بەڵام لەئێستادا هەموویان داخراون چونکە پێویستیان بە مۆڵەتی وەزارەتەکان هەیە."

ئەو ناوچانەی کەوتونەتەوە دەستی رژێم دەتوانن سوود لەو خزمەتگوزارییانە ببینن كه‌ لەلایەن دەوڵەتەوە دابینکراون و کۆمەکیان لەلایەن مانگی سوری عەرەبیی سوریاوە پێبگات، کە راڕەوی سەرەکییه‌ بۆ كۆمه‌ك كه‌ لەلایەن دەوڵەتەوە مۆڵەتپێدراوە.

بەڵام دانیشتوان وتیان نەخۆشخانە حکومییەکان زۆربەیان دوورن، لەکاتێکدا کۆمەکی مانگی سوور ناگات بەو کۆمەکەی لەلایەن رێکخراوە ناحکومیە نێودەوڵەتیەکانەوە پێیان دەگەیشت.

ئەوانیدی وتیان ترسیان لە مامه‌ڵه‌كردن لەگەڵ خزمەتگوزارییەکانی رژێم هەیە چونکە دەکرێت تۆڵەیان لێبکرێتەوە بەرامبەر ژیانی چەند ساڵەیان لەژێردەستی ئۆپۆزسیۆندا.

نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئابدا رایگەیاند: "دەستڕاگەیشتن به‌ کۆمەك لەو ناوچانەدا كه‌ دەسەڵاتیان گۆڕاوە بەردەوام سنووردار ده‌كرێت."

"ئەمە رێدەگرێت لە وەڵامی دەستبەجێ بۆ ئەو پێداویستیە مرۆییانەی کە هێشتا زۆرن دوای ژیان لەژێر باری سه‌ختی گەماردا بۆ ماوەیەکی درێژ."

رێکخراوە ناحکومیە نێودەوڵەتیەکان هێشتا لە باکوری خۆرهەڵاتی ژێردەستی کوردەکان و ئیدلیب، دوایین بنکەی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن لە باکوری خۆرئاوا، کاردەکەن.

هەندێکیشیان رەنگە پلانیان هەبێت بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی رژێم بۆ کارکردن لە دیمەشق.

بەڕێوبەری ناوچه‌یی مێرسی كۆر، ئارناود کوێمن، وتی رێكخراوه‌كه‌ی لەئێستاوە داواکاریی پێشکەشکردووە و جەختیکردەوە لەوەی بڕ و قەبارەی ئۆپەراسیۆنە سنووربڕەکان بەئاسانی جێیان ناگیرێتەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500