چالاکوانی ئێزدی، نادیە موراد و دکتۆری کۆنگۆیی، دێنیس موکوێگی رۆژی هەینی (5 تشرینی یەکەم) خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2018یان بردەوە بۆ کارکردنیان لەدژی توندوتیژیی سێسکی لە جیهان و لەکاتی شەڕدا.
ئەوان لە بۆنەیەکی رۆژی 10 کانونی یەکەمدا لە ئۆسلۆ خەڵاتەکەیان پێدەبەخشرێت.
موراد، 25 ساڵ، یەکەم عێراقیە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بباتەوە.
ئەو پێشتر ژیانێکی ئارام دەژیا لە گوندی کۆچۆی شەنگال لە باکوری عێراق. بەڵام کاتێك رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش) لە 2014 ناوچەکەی داگیرکرد، لەلایەن گروپەکەوە رفێندرا و چارەنوسی بۆ هەمیشە گۆڕا.
موراد یەکێکە لەو هەزاران ژن و کچە ئێزدییانەی کە رفێندران، لاقەکران و مامەڵەی دڕندانەیان لەگەڵدا کرا لەلایەن داعشەوە لەکاتی هێرشەکەی ئەو ساڵەدا بۆسەر ئەو کەمینەیەی بە کوردی دەدوان، کە نەتەوە یەکگرتوەکان بە جینۆساید ناوزەدیکرد.
دوای هەڵاتنی، بووە پێشەنگی هەوڵەکانی پاراستنی ئێزدییەکان و دواتریش لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە وەك باڵیۆز بۆ قوربانیانی بازرگانیكردن به مرۆڤهوه دەستنیشانکرا.
لە کاردانەوەیدا بۆ خەڵاتەکە، وتی سەرکەوتنێکی بەرچاوە بۆ هەموو ئەو ژنانەی بەدەست توندوتیژیی سێکسییەوە دەناڵێنن.
موراد بە دەزگای نۆبڵی وت: "زۆر پڕمانایە، نەك تەنیا بۆ من، بەڵکو بۆ هەموو ژنانی عێراق و جیهان."
"بۆ ئەو کۆمەڵگە بچوکانەی دەچەوسێنرێنەوە، ئەم خەڵاتە پێمدەڵێت دەنگیان بیستراوە."
'ئازایهتییهكی نائاسایی'
لیژنەی نۆبڵ ستایشی "ئازایهتیی نائاسایی" مورادی کرد و رایگەیاند ئەو "رەتیکردەوە ئەو نۆرمە کۆمەڵایەتیانە پهسهندبکات کە دەخوازن ژنان بێدەنگ بن و شەرمەزاربن بەرامبەر ئەو مامەڵە خراپانەی بەرامبەریان دەکرێن".
سەرۆکی نوێی عێراق بەرهەم ساڵح ستایشی خەڵاتەکەی مورادی کرد وەك "داننان بە بەڵای کارەساتبار"ی ئێزدییەکاندا لەگەڵ داننان بە "ئازایهتیی ئەو لە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و قوربانیانی تیرۆر و توندوتیژیی سێکسی".
ساڵح وتی خەڵاتەکەی موراد "شەرەفێکە بۆ هەموو ئەو عێراقیانەی شەڕی تیرۆریزم و داخراویی هزری دەکەن" و "داننانە بە ئازایهتیی ئەودا لە بەرگری لە مافە مرۆییهكانی قوربانیانی تیرۆریزم و توندوتیژیی سێکسی".
پەرلەمانتاری عێراقی ڤیان دەخیل کە نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی ئێزدییەکان دەکات لە پەرلەمانی عێراق، وتی: "ئێمە زۆر دڵخۆشین. ئەوە زهبرێكی ترە لەڕووی تیرۆریزم دەدرێت."
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێس وتی: "لە بەرگریكردندا لە قوربانیانی توندوتیژیی سێکسی لە شەڕدا، [موراد و موکوێگی] بەرگرییان لە بەها هاوبەشەکانمان کردووە."
گوتێرێس وتی وەك باڵیۆزی نیازپاکی له نەتەوە یەکگرتوەکان لە 2016وە بۆ ماددەی هۆشبەر و تاوان، موراد "هەوڵی کۆکردنەوەی پشتگیریی داوە بۆ قوربانیانی بازرگانیكردن به مرۆڤ و بەکۆیلەکردنی سێکسی و ههروهها دادپەروەری بۆ تاوانباران".
وتیشی: "بانگەشه بەهێزهكهی سۆزی خەڵکی راکێشا لە جیهاندا و یارمەتیدهر بوو بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی زۆر گرنگی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئەو تاوانه مەترسیدارانەکە ئەو و زۆرێکی دیکە رووبهڕووی بوونهتهوه."
موراد درێژەی دا بە خهباتكردن بۆ ئەو 3,000 ئێزدییەی هێشتا ونن.
بەرزکردنەوەی هۆشیاریی جیهانی
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە شوباتی 2016 -- كاتێك موراد 23 ساڵ بوو -- رایگەیاند كه مورادی پاڵاوتووە بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.
وتەبێژی وەزارەت، ستار نەورۆز ئەوکاته بە دیارونای وت پاڵنەری پاڵاوتنەکە خواستی "بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی جیهانە بەرامبەر کارەساتی ژنانی عێراق بەگشتی و ژنانی ئێزدی بەتایبەتی، بەدەستی داعش".
وتیشی: "ئەو بووە سیمبۆڵی ململانێی ژنان دژی ئەو هێزە تاریکانەی هەوڵی بەکۆیلەکردن و کەمبایەخکردنی شەرەفیان دەدەن."
موراد لە 16 کانونی یەکەمی 2015 وەك نوێنەری قوربانیانی داعش دەرکەوت، کاتێك بەدەنگی بەرز و بەئاشکرا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکاندا قسەیکرد دەربارەی بە کۆیلەکردن و لاقەکردنی بەدەستی داعش.
ئەوکاته، بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان وت هەواڵی پاڵاوتنهكهی ورەیەکی بەهێزی بەخشی بە هەموو قوربانیانی تیرۆر و هەنگاوێكە بەرەو زیاتر دەرخستنی تاوانەکانی داعش بەرامبەر مرۆڤایەتی.
موراد بە دیارونای وت پێشوازیدهكات لە پاڵاوتنی وەك دەرفەتێك بۆ دەرخستنی پێشێلکارییەکانی داعش و بەرگرتن بەوەی لاوان بچنە ناو ئەو گروپە توندڕەوە و گروپی تری لهو جۆره.
موراد دەدوێت
لەکاتی شایهتیدانیدا له كۆبوونهوهی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لە کانونی یەکەمی 2015 دەربارەی رفاندنی خەڵك لە دۆخی ململانێی چەکداریدا، موراد وتی: "لاقەکردن بەکارهات بۆ تێکشکاندنی ژنان و کچان و دڵنیاییدان بەوەی ئەم ژنانە هەرگیز ناتوانن ژیانێکی ئاسایی بژین."
موراد باسی لە رفاندنی خۆی کرد لە ئابی 2014 لەگەڵ نزیکەی 150 خێزانی ئێزدیی دیکە.
وتی "لەڕێگا سوکایەتییان پێکردین. دەستیان لێداین و لاقەیان کردین." وتیشی لە موسڵ چەکدارانی داعش کچانی ئەم خێزانانەیان وەك "دیاری" دەگۆڕییەوە.
وتیشی پیاوێك ویستویەتی بیبات و کاتێك ناڕەزایی دەربڕیوە، لێیداوه، لهكاتێكدا ئەو لە پیاوێکی دیکه پاڕاوهتهوه کە بیبات لە ترسی پیاوی یەکەم.
وتی پیاوی دووەم داوای لێکردووە ئایینەکەی بگۆڕێت بەڵام رەتیکردۆتەوە. داوای لێکردووە شووی پێبکات و چەند رۆژێك دواتر ناچاریکردووە پەیوەندی بکات بە گروپه سەربازییەكهیهوە و ناچاریکردووە جلی وا لەبەربکات کە جەستەی دانهدهپۆشی.
باسی لەوەکرد چۆن لێیداوە و داوایلێکردووە جلەکانی دابکەنێت و خستوێتیه ژوورێکەوە لەگەڵ پاسەوانەکانی، کە دواتر تا ئەوکاتەی بوراوەتەوە تاوانیان دژی ئەنجامداوە. وتی: "تكاتان لێدهكهم - بەتەواوی داعش لەناوبەرن."
موراد بۆ ماوەی سێ مانگ بە دەستبەسەری مایەوە تا ئەوکاتەی توانیی هەڵبێت.
بە نەتەوە یەکگرتوەکانی وت: "لە موسڵ و تەلەعفەر و حەمدانیە، لەماوەی سێ مانگدا بە دەیان جار کۆیلەکراوم، فرۆشراوم و بەکرێدراوم؛ لە دایکم و خوشك و براکانم جیاکرامەوە و لەوکاتەوە دایکمم نەبینیوهتهوە."
دەرخستنی تاوانەکانی داعش
موراد لە 2016 بە دیارونای وت: "ئەمە کێشەیەکی مرۆییە کە پەیوەندی بە دین، مەزهەب، تائیفە و ئێتنیك یان شوناسی سیاسییەوە نیە."
وتی: "ئامانجم ئەوەیە تاوانەکانی داعش دژی مرۆڤایەتی دەربخەم و هۆشداری بدەمە گەنجان پەیوەندی نهكهن بە ریزەکانی رێکخراوێکی توندڕەوی وەك داعشەوە."
موراد وتی: "ئەو راستیەی کە نوێنەرایەتی ئەم دۆزە مرۆییە دەکەم، کە پێشوازیی لێکراوە لە هەموو جیهانەوە، راستییەکەی سەرکەوتنە بەسەر داعشدا."
وتی بەڵام گەورەترین سەرکەوتن بە تێکشکاندنی ئەو ئایدۆلۆژیا توندڕەوە دێت لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەرێکی نێودەوڵەتی بۆ رێزگرتنلە مافەکانی ژنان و منداڵانلە شەڕدا لە تەواوی جیهاندا.