هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

پرۆژەی ئاسایشی هیت ئامانجی رێگرتنە لە دزەکردن

خالید تائی

لەم وێنەیەدا کە 6 ئاب لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە پۆلیسێکی عێراقی لە شاری هیتی خۆرئاوای ئەنبار بەڵگەنامەکانی شۆفێرێك دەپشکنێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکەی. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی هیت]

لەم وێنەیەدا کە 6 ئاب لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە پۆلیسێکی عێراقی لە شاری هیتی خۆرئاوای ئەنبار بەڵگەنامەکانی شۆفێرێك دەپشکنێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکەی. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی هیت]

پرۆژەیەکی ئەمنی نوێ جێبەجێدەکرێت کە هەوڵی پاراستنی ناوەندی قەزای هیتی خۆرئاوای ئەنبار دەدات لە دزەکردنی توندڕەوان، نوسینگەی قائیمقام سێشەممە (2 تشرینی یەکەم) رایگەیاند.

قائیمقامی هیت بە وەکالەت، شەرحەبیل کەحلان عوبێدی بە دیارونای وت: "لیوای 29 لە فیرقەی 7ی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە کاروباری پێدانی کۆدی نهێنی (ئەمنی) بە زۆرینەی خەڵکی ناوەندی هیت تەواوکردوە."

وتی: "هەر خێزانێك کۆدێکی هەیە و کاتێك ناوەندی قەزاکە جێدەهێڵن و دێنەوە، پێویستە تەنیا ئەو بەڵگەنامەیە نیشانبدەن کە کۆدی ژمارەی ئەمنیی لەسەرە تا ستافی ئەمنی لە بازگەکان رێیان پێبدەن بێنه‌وه‌ ناوه‌وه‌."

وتیشی کۆدەکە پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوە کە دانیشتووی شارەکەن.

لەم وێنەیەدا کە 16 ئابی 2017 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، ئەفسەرێکی عێراقی بازگەکانی دەوربەری شاری هیتی خۆرئاوای ئەنبار دەپشکنێت. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار]

لەم وێنەیەدا کە 16 ئابی 2017 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، ئەفسەرێکی عێراقی بازگەکانی دەوربەری شاری هیتی خۆرئاوای ئەنبار دەپشکنێت. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار]

روونیکردەوە وەك بەشێك لە پرۆژە ئەمنیەکە، نوسینگەی هەواڵگریی لیوای 29، داتابەیسێکی ئەلەکترۆنیی دروستکردووە کە ناو و زانیاریی تایبەتی هەموو دانیشتوانی ناوەندی هیتی تێدایە.

عوبێدی وتی: "کاتێك خاوەنی کۆدەکە دەگاتە بازگەیەکی ئەمنی، ژمارەکەی داخڵدەکرێت و زانیارییەکەی لە داتابەیسەکەدا دەخرێتەڕوو، بەراورد دەکرێت بەو ناسنامانەی هەڵیانگرتووە."

وتی پرۆژەکە "دابەشکردنی باجیش له‌خۆده‌گرێت بە ژمارەیه‌كی ئەمنیەوە کە دەدرێت لە جامی پێشەوەی ئۆتۆمبیله‌كان و کاتێك ئۆتۆمبیلێك دەچێتە بازگەیەك، لە داتابەیسەکەدا بۆ ژمارەکەی دەگەڕێن".

پرۆژەکە روو لە تەواوبوونە

عوبێدی وتی: "زیاد لەسه‌دا 90ی خەڵکەکە ژمارەی تایبەت، هه‌م بۆ خۆیان و هه‌م بۆ ئۆتۆمبیلەکانیان دابینکراوە. ژمارەیەکی کەم لە خەڵك ماوە، کە بەهیواین لە ماوەی مانگێکدا بیانخەینە پرۆژەکەوە."

وتی هەندێك لەوانەی هێشتا نه‌خراونه‌ته‌ داتابه‌یسه‌كه‌وه‌ "پێویستیان بە پشکنینی ئەمنی زیاترە پێشئەوەی کۆدێکیان بدرێتێ، چونکە لێکچوون هه‌یه‌ لەنێوان ناوەکانیان و ناوی کەسانی داواکراودا".

وتی جیا لەوەش، نزیکەی 86 خێزان لە هیت هێشتا ئاوارەن و لە کەمپەکانی کیلۆ-18 و خالیدیە و عامریەت فەلوجە دەژین.

دووشەممە، عوبێدی بەشدارییكرد له‌ کۆبونەوەیەکی ئەمنیی فراواندا لەگەڵ پارێزگاری ئەنبار و فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و جەزیرە و خۆرئاوای ئەنبار.

وتی گفتوگۆکانیان لەسەر گەڕاندنەوەی تەواوی ئاوارەکان بووە لەگەڵ داخستنی هەموو کەمپ و نشینگەکان لە پارێزگاکەدا.

عوبێدی ئاماژەیکرد بەوەی پرۆژەی کۆدەکە، کە یەکەمجارە لە پارێزگاکە جێبەجێدەکرێت، ئەمنیەتی گشتیی شارەکەی بەهێزکردووە و ژیانی ئاسانترکردووە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە.

وتی: "چیتر تیرۆریستان ناتوانن لە بازگەکانەوە دزەبکەن لەڕێی بەڵگەنامەی ساختەوە یان ژنان بەکاربهێنن بۆ گواستنەوەی تەقەمەنی."

وتیشی: "ئەمڕۆ شارەکەمان سەقامگیرە و ماوەیەکی درێژە هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی رووینەداوە بەهۆی ئەم پرۆژەیە و هەندێك هەنگاوی بەرپێگرانەی دیکەوە." هه‌روه‌ها ستایشی "پەیوەندی ئەرێنی نێوان خەڵکی ناوچەکە و هێزە ئەمنیەکانی" کرد.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500