هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەروەرەدە و خوێندن

له‌ باکوری سوریا خوێندکاران به‌لێشاو ده‌چنه‌وه‌ قوتابخانه‌

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

قوتابیان لە شارۆچکەی جەرنیەی پارێزگای رەقە لە رۆژی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندندا. [خاوەنی وێنە: جابر حەسەن]

قوتابیان لە شارۆچکەی جەرنیەی پارێزگای رەقە لە رۆژی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندندا. [خاوەنی وێنە: جابر حەسەن]

قوتباخانەکان لە هه‌رێمه‌كه‌ی باکوری سوریا، کە لەلایەن ئیدارەی ئۆتۆنۆمی کورد و عەرەبەوە بەڕێوەدەبرێت، ژمارەیەکی زۆر خوێندکاریان بەخۆوە بینیوە ئەمساڵ دوای کردنەوەی چەندین قوتابخانەی نوێ.

باشبوونی ئاسایش و لابردنی مینەکان و هەوڵەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ بوژانەوەی پرۆسەی پەروەردە، هۆکارەکانی پشتی زیادبوونی ژمارەی خوێندکارانن کە ئەمساڵ بۆ خوێندن گەڕاونەتەوە.

هاوسەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی مەدەنی رەقە، مەیاده‌ شێخ بە دیارونای وت لیژنەکەیان "زۆر پێداگرە لەسەر بەردەوامیدان بە ساڵی خوێندن و سەرکەوتن بەسەر بەربەستەکاندا".

وتی: "ئامانجی سەرەکیمان دابینکردنی پێداویستیەکانی خوێندکارانە لەگەڵ کەشێکی لەبار بۆ خوێندن."

منداڵانی تەبقە لە رۆژی یەکەمی سااڵی نوێی خوێندندا. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

منداڵانی تەبقە لە رۆژی یەکەمی سااڵی نوێی خوێندندا. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

وتیشی ئەمساڵ ژمارەی خوێندکارانی سەرەتایی و ناوەندی له‌ 80,000 خوێندکار تێپه‌ڕیكرد، ئەمەش نزیکەی دووقاتی ژمارەی خوێندکارانی ساڵی رابردووە.

وتی ئەوەش پەیوەندی هەیە بە هەستکردن بە باشبوونی باری ئەمنییه‌وه‌ لەلایەن دانیشتووانەکەوە لەگەڵ بوژانەوەی چەندین قوتابخانە کە تێکدرابوون كاتێك هەرێمەکە لەژێر دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا بوو، کە بەکاریهێنابوون وەك بەندیخانە و بارەگا.

وتیشی: "40 قوتابخانە لە ناوەندی شارەکە و 280 قوتابخانەش لە سەرانسەری رەقە و ناوچە گوندنشینه‌كانی ده‌وروبه‌ری کراونەتەوە."

هه‌روه‌ها وتی ئەو قوتابخانانەی جارێکی دیکە کرانەوە لە رەقە بریتین لە وەحدەی عەرەبیە و موسعەب بن عومەر و جەواد ئەنزور و سەڵحابییە غەربییە و قەحتانییە و کەلتە شەرقییە و قوتابخانەی تاریق بن زیاد.

وتی: "کاری چاکردنەوەی ئەو قوتابخانانە تەواوبوو، كورسی و پێداویستییەکانی دیکەی بەڕێوەبردن و خوێندنیان بۆ داببینکراوه‌."

پەروردە 'گرنگترین ئەولەویەته‌'

فەرمانبەرێکی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی مەدەنی تەبقە، غەنیم فەرەج، وتی لە شارۆچکەی تەبقە و ناوچەکانی دەوروبەری، کە زۆر دوورنین لە رەقەوە، سیستەمی پەروەردە باشبوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

بە دیارونای وت: "پەروەردە کراوە بە گرنگترین ئەولەویەت، چونکە لەلایەکەوە هەموو پاشماوەیەکی داعش دەسڕێتەوە و لەلایەکی دیکەوە نەوەی نوێ سازدەکات بۆئەوەی بۆ داهاتوو ئامادەبن."

وتی یەکەمجار سەرنج لەسەر گەنجەکان بوو لەگەڵ ئەو منداڵانەی تەمەنی قوتابخانەیان تەواونەکردبوو، ئاماژەشی کرد به‌وه‌ی لەگەڵ لیژنەی ژنان و منداڵان باخچەی ساوایانیشیان کردۆتەوە.

فەرەج وتی: "هاوکاریەکان بەردەوامن لەنێوان دەزگاکانی ئیدارە ئۆنۆمییەکەدا بۆئەوەی پێداوسیتیەکانی ئەم ساڵی خوێندن و پرۆسەی پەروەردە هەموویان دابینبکرێن."

وتیشی هەموو قۆناغەکانی خوێندن -- سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی -- ئێستا لە هەرێمی تەبقە هەن.

متمانە بە ئیداره‌ی ئۆتۆنۆمی

جابر حەسەن، مامۆستا لە شارۆچکەی جەرنییە، وتی متمانەی دانیشتووان بە ئیداره‌ی ئۆتۆنۆمی و لیژنەکانی لە قەزا و ناحییەکانی رەقە و لابردنی مینەکان لە ناوچەکانی پارێزگاکە دڵنیایی داوەتە دایکان و باوکان تا منداڵەکانین بنێرنەوە قوتابخانە.

وتی لیژنەی پەروەردە لە جەرنییە لە باکوری تەبقە، ژمارەیەکی زۆر قوتابخانەی نۆژەنکردۆتەوە بەهاوکاریی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی باڵای ئیدارەی مەدەنی دیموکراتی له‌ تەبقە.

حەسەن وتی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران چوونەتە قوتابخانە سەرەکییەکانی تەبقە، کە بریتین لە مازیونە، موێلە، جەرنییە، موستەریحە، بیر نایف، حبێتەر، مەحمودلی، خیربەت و تەنجەرە.

وتیشی: "هەموو کارە سەرەتاییەکانی چاکردنەوە تەواوبوون و قوتابخانەکان پڕکراون لە پێداویستیەکانی وەك كورسی و کەلوپەلی دیکە لەگەڵ ئامێرەکانی گەرمکردنەوە بۆ پاراستنی خوێندکاران لە سەرمای سەختی زستان."

تاقیکردنەوەی ئەوانەش کراوه‌ کە بۆ ماوەیەك لە خوێندن دوورکەوتبوونەوە، بۆئەوەی بزانرێت ئاستیان چەندە و بەوپێیەش بیانخەنە ئەو ساڵەی کە پێویستە بچن بیخوێنن.

مەنسور خەڵەف، باوکی دوو منداڵ کە لە قوتابخانەی سەرەتایین، وتی دانیشتوانی شارۆچکەی مەنسورە لەسەر کەناری روباری فورات لە ئامادەباشیدان بۆئەوەی ساڵی نوێی خوێندن سەرکەوتووبێت.

بە دیارونای وت دانیشتوانەکە هاوکاری تەواوی ئیدارەی ئۆتۆنۆمی دەکەن، بەتایبەتی لە لیژنەکانی بنیاتنانەوەی پەروەردە، بۆ دڵنیاییدان لەوەی پرۆسەی خوێندن سەرکەوتوودەبێت.

وتی مامۆستاکانیش راهێنانیان بینی بەر لە دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندن، ئەو خوێندکارانەش کە پێویستیان بە چەند ئامادەکارییەك هەبوو وانەی چڕیان وه‌رگرت لە هاویندا بۆئەوەی بگەنەوە بەو ئاستەی کە لێیدابڕابوون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500