رێکخراوەکانی سەربە سوپای پاسداران شوێنپێی خۆیان لە ناوچەی غوتەی دەرەوەی دیمەشق فراوانترکردووە، چالاکوانێك وتی.
چالاکوان محەمەد بەیك بە دیارونای وت ئەو رێکخراوانه تەرکیزدەکەنە سەر پشتێنەیەك بەدەوری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقدا، لەو بەشەی دیمەشق کە زۆرینەی هێزەکانی سوپای پاسدارانی لێیە.
وتیشی رێکخراوەکانی سەربە سوپای پاسداران ئێستا لە ناوچەکانی دەوروبەری فرۆکەخانەکە دەبینرێن، بەتایبەتی لە شارۆچکەکانی حیتایتێت تورکمان، زەبدین، مەلیحە، عەین تەرمە، کەفر بهتنە و دوما.
هەروەها وتی زۆربەی ئەو رێکخراوانە بەشێوازی خێرخوازی کاردەکەن، ئاماژەشیدا بەوەی ئامانجی سەرەکییان سیاسییە -- بۆ بەدەستهێنانی متمانە و سۆزی دانیشتوان بۆ رەوایەتیدان بە هەژمونی ئێران و ئەجێندا گەورەکەی لە سوریا.
بەیك وتی: "دانیشتوانی سوری لەو ناوچانە لە بارودۆخی سەختدا دەژین کە لەلایەن ئەو رێکخراوانەوە قۆستراوەتەوە."
ئهو رێكخراوانه کۆمەکی مرۆیی پێشکەشدەکەن و هەندێك جاریش پاره بەبڕێکی کەم بەڵام بهبەردەوامی، بۆ دڵنیابوون لەوەی دانیشتوان بێن و لەدەرگایان بدەن و لهپاڵیشیدا گروپی دیدهوانیشیان بۆ راکێشانی منداڵان دامهزراندووه.
بەیك وتی ئەو سوریانەی لەو رێکخراوانە کاردەکەن کەم خۆیان دەردەخەن و خۆیان لە دەرکەوتنی گشتی و مەیدانی دەپارێزن بەبیانوی ئەوەی دەبێت "کارە خێرخوازیەکەیان بەشێوەی نهێنی ئەنجامبدەن".
وتی: "بەڵام هەموو کەس ئەوە دەزانێت کە باسنەکردنی لە میدیادا بۆ دڵنیابوونە لەوەی زیادکردنی هەژمونی ئێران لە ناوچەکەدا بەبێدەنگی بمێنێتەوە لەترسی کاردانەوەکان."
وتیشی لەنێوان رێکخراوە هەرە چالاکەکاندا لە ناوچەکە دەزگای جیهاد بیناو دەزگای شەهیدان ههن لەگەڵ ژمارەیەك رێکخراو و کۆمپانیای ناوخۆیی کە راستەوخۆ پارە لەو رێکخراوانە وەردەگرن.
هەروەها وتی رێکخراوەکانی وەك زانکۆی نێودەوڵەتی مستەفا ودیدهبانانی ئیمام مەهدی کارەکانیان لەژێر رێنماییەکانی ئێراندا دەکەن.
لەڕێی بڵاوکردنەوەی باوەڕمەندی بە ویلایەتی فەقیه لە دەزگاکانی سوریادا، سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵدەدات کۆنترۆڵی خۆی بەربڵاوبکات بەسەر دانیشتووانە شیعەکەی وڵاتەکەدا.
ئهو میلیشیایانهی هەواداری سوپای پاسدارانن بەیعەتیانداوە بە والی فەقیه (پارێزهری دادپهروهری، رێبەری ئێران ئایەتوڵا خامنەیی) کە باڵاترین دەسەڵاتی هەیە بەسەر سوپای پاسداراندا.
پارێزەری سوری بەشیر بەسام بە دیارونای وت بۆئەوەی هانی هەمان بەیعەت بدەن لەناو زۆرینەی دانیشتوانی سوریادا، ئەو باوەڕمەندیە چالاکانە بڵاودەکەنەوە لەناو دەزگا ئایینی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییە جۆربەجۆرەکاندا.
وتی ئامانجیان پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی گەنجانی سوریایە کە دڵسۆزیی خۆیان بۆ والی فەقیه و سوپای پاسداران دووپاتبکەنەوە.
کایەکە درێژبۆتەوە بۆ نیشتەجێبوونیش
بەیك وتی سەبارەت بە هەندێك رێکخراوی پاڵپشتیلێکراو لەلایەن ئێرانەوە، کایەکە درێژبۆتەوە بۆ زۆر زیاتر لە دابینکردنی کۆمەك.
هەندێکیان روویانکردۆتە رێکخستنی خانووکڕین بە نرخێکی زۆر هەرزان لەڕێی دەڵاڵەکانەوە بە سوودوەرگرتن لە بڕیارەکانی زەویکڕین کە لەلایەن حکومەتی سوریاوە دەرکراون وەك بڕیاری ژمارە 10.
یاسای نوێکردنەوەی شارستانی، کە بە بڕیاری ژمارە 10 ناسراوە، رێگە بە حکومەت دەدات دەستبگرێت ەسەر موڵكوماڵی خهڵكدا بۆ دروستکردنی هەرێمی گەشەپێدان و قەرەبووکردنەوەی خاوەنەكانیان بەپێدانی پشك لە پڕۆژە نوێکاندا.
بەیك وتی: "ئامانجی سەرەکی سوپای پاسداران کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە و بەستنەوەیەتی بە ناوچەی سەیدا زەینەبهوه کە بنکەی سەرەکییە بۆ یهكینهكانی سەربە ئێران."
هەروەها هەوڵیشدەدات ئەو ناوچەیە ببەستێتەوە بە ناوچەی نوێی 102 کە لە سنووری باڵوێزی ئێران لە دیمەشق دروستدەکرێت، وەك ئەوەی لە بڕیاری 66ی ساڵی 2012دا پەسەندکراوە.
بەیك وتی سوپای پاسداران دەیەوێت ناوچەیەکی نوێ له باشور لە نزیك فڕۆکەخانەکە دروستبکات تا درێژببێتهوه بۆ ناوجەرگەی دیمەشق، هاوشێوەی ئهو ناوچەیهی باشور لە نزیك فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی رەفیق حەریری لە بەیروت کە لەلایەن حیزبوڵاوە کۆنترۆڵکراوە.