هێزە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێن ژمارەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەیان زیادکردووە کە ئەنجامیدەدەن لە ناوچە بیابانیەکانی باشوری ئەنبار بەدرێژایی رێگە سەرەکیەکان بۆ كردنه ئامانجی چالاکی و حەشارگەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش).
دوایین ئۆپەراسیۆنی لەو چەشنە لە 11 ئەیلولدا بوو، کە تێیدا کەتیبەکانی سوپا، یەکە ئامادەکان و پۆلیسی خۆجێیی ئۆپەراسیۆنێکی گەڕانی بهرفراوانیان ئەنجامدا لە ناوچەی دەوروبەری دەریاچەی رەزازە.
لە نێوەندی ئابەوە، هێزەکانی عێراق چەندین ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە لەو ناوچە بیابانیە فراوانە کە لە دەریاچەی رەزاز لە خۆرهەڵاتهوه درێژدەبێتەوە تا سەر سنووری ئەردەن و سعودیە لە خۆرئاواوە.
ئەمە بۆتە هۆی دەستگیرکردن یان کوشتنی ژمارەیەك له ئەندامی داعش و تێکشکاندنی تەقەمەنی، چەك و کەلوپەلی شوێنی حەوانەوەی گروپەکە.
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار نەعیم کەعود بە دیارونای وت: "لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە بیابانی باشوری ئەنبار چڕتربوونەتەوە و لەئێستادا بەشێوەیەکی مامناوەندی نزیکەی هەموو هەفتەیەك دانەیەك ئەنجامدەدرێت."
وتی بەڕێژەیەکی باڵا له هەماهەنگی نێوان سوپای عێراق و پۆلیس و خێڵەکیەکان ئەنجامدەدرێن، لەگەڵ پشتیوانی فڕۆكهكانی هێزی ئاسمانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
وتیشی ئەم ئۆپەراسیۆنانە ئەنجامدەدرێن به پشتبهستن به "راپۆرتی هەواڵگری دوای ئهركه چاودێرییهكان یان ئەو زانیاریانەی لەلایەن ئەو مەدەنیانەوە دەدرێن کە لە گوندە دوورەدەستەکانی بیابان دەژین".
ههروهها وتی ئامرازێکی گرنگن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی "چەکدارەکان ناتوانن توانای خۆیان بنیاتبنێنەوە" بە سوودبینین لە ناوچەکە.
پاراستنی ناوچە بیابانیەکان
کەعود وتی پاراستنی بیابانەکە یارمەتی پاراستنی شارەکانی ئەنبار دەدات، ههروهها ئەو رێگە نێودەوڵەتیەی بەدرێژایی سنووری ئەردەن و سوریا دەڕوات لەگەڵ رێگەی حەج، کە لە شارۆچکەی عەرعەرەوە دەستپێدەکات لهدیوی ئهودیوی سنوور لهگهڵ سعودیە.
قائیمقامی روتبە، عیماد مەشعەل، بە دیارونای وت: "لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕاندا، فیرقەی یهكی پیادە دوو تیرۆریستی کوشت لە تەلعات و سێ قاچاخچیی ماددەی هۆشبەریشی دەستگیرکرد به گومانی ئهندامێتی داعش."
وتی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان لە بیابانی باشور "بەگشتی دۆخی ئەمنییان بەهێزکردووە لە روتبە و شاڕێگەکانیان پاراستووە، لەنێویاندا شاڕێگەی نێودەوڵەتی، باشتر لە جاران".
وتیشی: "هێزەکان ئەنجامی باشیان بەدەستهێناوە چونکە دوژمن لاوازکراوە و شانە و حەشارگەکانی بەخێرایی دەکرێنە ئامانج." ههروهها وتی پاشماوەکانی داعش "کاتی ئەوەیان نیە هەناسەیەك بدەن" لەنێوان ئۆپەراسیۆنەکاندا.
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، عەزال فەهداوی وتی هێزە ئەمنیەکان بەسەر چەند ئاستەنگێکدا زاڵدەبن، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە خاكەوە هەیە، کە ناسراوە بە فراوانییهكهی و دۆڵهكان و ئەشکەوتەکان و چاڵوچۆڵیهكانی، کە سەختە کۆنترۆڵبکرێت.
فەهداوی بە دیارونای وت سەرەڕای ئەو دۆخە سەختانەی رووبەڕوویان دەبنەوە، هێزە عێراقیەکان توانیویانە بەربگرن بە پاشماوەکانی داعش لەوەی بچنە دۆخی هێرشبردنەوە.
وتیشی: "هەوڵە ئەمنیەکان لەسەر زەمین و لە ئاسمان بەهێزدەبن لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان بەشێوەیەکی خێراتر ئەنجامدەدرێن."