شرۆڤەکردنی ئەم ڤیدیۆیە، کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە، تیشك دەخاتە سەر ئەو رادەیەی کرێملین ئامادەیە بیگرێتەبەر بۆئەوەی بڕوا بە عەرەبی و روسی زمانەکان بێنێت كهئەمریکا پشتگیری "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەکات.
ماڵپەڕی روسکایا ڤێسنا (بەهاری روسی) کە لەلایەن کرێملینەوە کۆنترۆڵدەکرێت، ڤیدیۆیەکی لەسەر یوتیوب له 6 ئەیلول بڵاوکردەوە و تێیدا دەردەکەوێت چەکدارێکی داعش داندەنێت بەوەدا گوایە ئەمریکا پشتگیری لە گروپەکەی ئەو کردووە.
بەڵام چەندین زانیاری گوماناوی لەسەر راستیی ئەو دانپێدانانە خراونەتەڕوو.
ڤیدیۆ هەشت دەقیقەییەکە پیاوێك نیشاندەدات کە دەست و چاوی بەستراوەتەوە و دەچەمێتەوە لەبەردەم گروپێكدا کە له ڤیدیۆكهدا دەرناکەون.
پیاوێك بە جلی سەربازییەوە بە عەرەبی زاراوەی سوری "چاوپێکەوتنەکە" ئەنجامدەدات لەگەڵ ئەو کەسەی کە گوایە چەکداری داعشە بەناوی سوهەیب عیزەدین زەوابی (ناسراو بە عومەر حورانی) و كه خەڵكی دێر بوختەیه و ئەویش بە زاراوەی سوری وەڵامدەداتەوە.
جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئەو عەرەبیەی قسەی پێدەکرێت لەگەڵ ئهو ژێرنووسە رووسیەی لەلایەن روسکایا ڤێسناوە ئامادەکراوە. ژێرنووسەکە نەك هەر وەڵامەکانی بە هەڵە وەرگێڕاوە بەڵکو راوێژكاریە ئاشکراکەش لە پشتی ڤیدیۆکە دەشارێتەوە.
ئەو کەسەی چاوپێکەوتنەکە ئەنجامدەدات بە چەند پرسێکی سادە دەستپێدەکات -- "ناوت چییە؟"، "ناسناوت چییە؟"، "خەڵكی کوێیت؟" -- گیراوەکەش لەژێر لێوەوه وەڵامدەداتەوە و ئەوەی دیمانەکە ئەنجامدەدات دوای ئەو دووبارەیان دەکاتەوە.
ئەنجامدەری دیمانەکە پرسیاری چوارەم دووبارە دەکاتەوە -- "سەر بە کام هێزە بوویت؟" -- چەندین جار ئەوە دووبارە دەکاتەوە بە شێوازی جیاواز و دەستگیرکراوەکەش نازانێت چۆن وەڵامی بداتەوە.
یەکەمجار زەوابی دەڵێت: "لهناو داعشدا بووم". ئەنجامدەری دیمانەکە لەبەرامبەردا دەڵێت: "بەڵێ، داعش، بەڵام بەدیاریکراوی کام گروپە؟ کێ گەورەی گروپەکەی تۆ بوو؟ کێ ئەمیری گروپەكهی تۆ بوو؟"
دەستگیرکراوەکە دەڵێت: "لە [هێزی] حەجەر ئەلئەسوەد بووین،" ئەنجامدەری دیمانەکەش پرسیارەکە دووبارەدەکاتەوە و دەڵێت: "باشە کێ سەرۆكی گروپەکەی حەجەر ئەلئەسوەد بوو؟"
دەستگیرکراوەکە بەبێدەنگی دەمێنێتەوە، دواتر ئەو كهسهی چاوپێكهوتنهكه سازدهدات دەڵێت: "کێشەی تۆ چییە؟ کێ سەرۆکی ئەم گروپەی تۆیە، ئەمیرەکە کێیە؟"
زەوابی دەڵێت: "کابرای عێراقی [ئەبو] بەکر بەغدادی،" کە مەبەستی سەرۆکی داعشە.
"کێ سەرۆکی ئێستای گروپەکەی تۆیە؟ ئەو گروپەی کە تۆ تێیدا بوویت کە گرتیانیت؟" ئەو کەسەی پرسیار دەکات جارێکی دیکە لێی دووبارە دەکاتەوە.
یەکێک لە دەرەوەی کامێرا وەڵامەکان دەڵێتەوە بە زەوابی، کە دواتر دەردەکەوێت ئەو وەڵامانە دەداتەوە کە ئەو كهسهی چاوپێكهوتنهكه ئهنجامدهدات دەیەوێت گوێی لێبێت.
"فەرماندەی زەمینی هێزی حەجەر ئەلئەسوەد ئەبو ئەیوب عێراقییە،" -- کە ناوەکەی لە ژێرنووسەکەدا بۆ ئەبو بەکر عێراقی وەرگێردراوە.
"قەبارەی گروپەکە [لە بیابانی سوەیدا] نزیکەی 1،500 چەکدارە و ژمارەی چەکدارەکانی ئهو هێزەی منی تیابووم 250 کەسە. چەکەکان لەلایەن ئەمریکیەکانەوە دابینکران."
پرسیار و وەڵامە دووبارەکراوەکان لە تێکستە رووسیەکەدا نین.
دەستگیرکراوەکە رێنومایی دهكرێت
لە زنجیرەی دووەمی پرسیارەکاندا ئەو کەسەی دیمانەکە ئەنجامدەدات لەسەر هێرشی ئەم دواییانەی داعش بۆسەر سوەیدا پرسیاردەکات.
دەپرسێت: "تۆ لەکاتی هێرشەکەدا چیت کرد؟"
زهوابی دەڵێت: "گروپەی ئێمە خۆکوژی تیادا بوو. ئێمە دەبوو لە یەککاتدا لە دەرەوە و ناوەوەی سوەیدا هێرش ئەنجامبدەین. گروپێكمان بەرەو ئیدلیب چوون بۆئەوەی ڤیدیۆیەکی وروژێنەری هێرشی کیمیایی دروستبکەن بۆئەوەی سوپای عەرەبیی سوریا [رژێم] تۆمەتباربکرێت."
ئەم وەڵامە ئەو چیرۆکەیە کرێملین بڵاویدەکاتەوە بۆئەوەی تۆمەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمەوە دژی دانیشتوانی سوریالێڵبکات.
جێگای خۆیەتی ئەوە وەبیربهێنرێتەوە کە سوەیدا لە باشوری رۆژهەڵاتی سوریایە نزیك بە سنووری ئوردن و زیاتر لە 400 کیلۆمەتر دوورە لە ئیدلیبهوه، کە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریایە و نزیکە لە سنووری تورکیا.
یەكێکی دیکە لەو کێشانە ئەوەیە کە وەرگێڕانە روسیەکە جیاوازە لە عەرەبیەکە کاتێك زەوابی لێیدەپرسرێت لە کوێ راهێنانی کردووە.
بە عەرەبی دەڵێت: "داعش لە کەمپی ئاوارەکانی روکبان راهێنانی پێکردم."
کەچی ژێرنووسە روسیەکە دەڵێت: "ئەمریکیەکان راهێنانیان پێکردم لە ریزەکانی داعشدا لە کەمپی ئاوارەکانی روکبان."
سەرباری ئەو کێشانەی ڤیدیۆکە، ئاشکراشە کە لە پشتی کامێراوە دەستبەسەرەکە رێنمایی دهكرێت، بەڵام كاتێك داندەنێت بەوەدا كه بۆ پارە چۆتە ناو داعشەوە دوودڵیی پێوە دیارە و لە زۆربەی ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە لەژێر لێوەوە قسەدەکات.
بەکارهێنەرانی تۆڕه كۆمهڵایهتیهكان گاڵتە بە ڤیدیۆکە دەکەن
زۆربەی عەرەبی و رووس زمانەکان قسەیان لەسەر راستیی ڤیدیۆکە کردووە له تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا و کێشەکانی ڤیدیۆکەیان دەرخستووە.
لەسەر یوتیوب زۆربەی رووس زمانەکان چهندین کۆمێنتی نەشیاویان لەسەر بڵاوکردۆتەوە.
ئەبو بابلیك کۆمێنتی کردووە: "ئەمە چ بەرهەمێکی شانۆییە؟ لە 1.11 دەقەدا سەربازەکە پرسیارێك لە بەندکراوەکە دەکات و پێیدەڵێت كه چ ناوێك بدات."
ڤۆڤا کوپێلکین نوسیوێتی: "رۆژێکی دیکەی فیلمگرتن لە ئوستانکینۆ ... [ستۆدیۆی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی روسیا]."
ئەحمەد حەسەن نوسیوێتی: "ئەمە تەنیا بۆ تەمەشاکەرانی روسی [زمانە]، کە نازانن لە پشتی پەردەوە چی دەگوزەرێت، چۆن [کەسێك] بە عەرەبی [بە بەندکراوەکە] دەڵێت دەبێت چی بڵێت."
رامیل غەیفولین نوسیوێتی: "نیوەی وەرگێرانەکە هەڵەیە. بەلامەوە جێگای سەرسوڕمان نییە کە ئەم [ڤیدیۆیە] خۆیان دروستیانکردبێت."
پریستسیلا تەباکی دهپرسێت: "ڤیدیۆکە هیچ لە راست ناچێت بە هیچ شێوەیەك. ئەو چۆن دەزانێت کێ خواردن و چەکی پێداون؟" ... ئایا بە لۆری ئەمریکی خواردن بۆ کەمپی چەکدارەکان دەبەن؟ .... ئەمە بهئاشكرا پڕوپاگەندەیە."
تەماشاکەرانی عەرەبی زمانیش هەمان کاردانەوەیان هەبووە.
محەمەد سو سەعید لەسەر فەیسبووك نوسیوێتی: "نمایشێکی خراپە، شەبیحە دهبهنگهكان [شهبیحه وشەیەکی سوكایهتیپێكردنه كه بۆ کەسانی سەربە رژێمی سوریا بەکاردێت]. رووسه بهرازهكان درۆ لە رژێمەوە فێربوون و ئێستا پەرە بەو درۆیانە دەدەن."
خالید عەلسا باسی لە تایتی غەسالە کردووە و نوسیوێتی: "دەستبەسەرکراوەکە باسی ئەوەی نەکرد کە [روسەکان] چییان بەکارهێناوە بۆئەوەی مێشکی بشۆنەوە. ئەفسەرەکە بیریچوو لێی بپرسێت پێرسل یان ئاریەڵ بوو؟"
ئەبو وەلید ئەلبوکەمالی لە کۆمێنتێکدا لەسەر هەمان پۆست دهڵێت: "درۆیەکی سێ رهههندییه ... چەکدارێکی داعش کە لە کەمپی روکبان راهێنانی پێکراوە دەزانێت کە سوپای سوریای ئازاد و جەبهەی نوسرە لە ئیدلیب چی پلانێکیان هەیە."
مێژوویەك لە پڕوپاگەندە
ئەم دوا هەوڵەی روسیا بۆ بەدناوکردنی ئەمریکا دەکرێت وەك ئەوە سەیریبکرێت کە هەوڵێکە بۆ لابردنی سەرنج لەسەر بەکارهێنانی کیمیایی لەلایەن رژێمەوە لەگەڵ تاوانەکانی دیکەی جەنگ کە دژی مەدەنیەکان لە سوریا ئەنجامدراون.
بهگوێرهی راپۆرتێكی ئاژانسی فرانس پرێس، لە 11 ئەیلولدا کرێملین بانگهشهی كرد كه چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ئیدلیبی گەمارۆدراو دەستیانکردووە بە کارکردن لەسەر فیلمێك کە وا بۆ جیهان دەردەخات پاشماوەی هێرشێکی کیمیایی بێت کە گوایە لەلایەن رژێمەوە ئەنجامدراوە.
روسیا هەمان چیرۆکی بڵاوکردەوە دوای هێرشە کیمیاییەکەی نیسانی رژێم لەسەر دوما، کە لانیکەم 40 کەسی کوشت و 500 کەسی دیکەی خستە نەخۆشخانە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری روسیا ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ وتی بەریتانیا فشاری خستۆتە سەر کڵاو سپییەکان بۆئەوەی هێرشێکی کیمیایی ساخته ئەنجامبدەن.
باڵوێزی بەریتانیا له نەتەوە یەکگرتووەکان، کارین پیەرس، وتەکانی کۆناشێنکۆڤی بە "قێزەون" و "درۆیهكی بێشهرمانه" ناوهێنا و وتی ئەو تۆمهتانه بەرهەمی "ئامێری پڕوپاگەندەی روسیان".
ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا 21 ئاب هەڕەشەی بەرپەچدانەوەیان کرد گەر سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت لە هێرشی رژێمدا بۆسەر پارێزگای ئیدلیب.
وتیان: "ئێمە جهخت لهسهر نیگهرانیمان دهكهین لە ئەگەری هێرشی تری -- نایاسایی -- به چەکی کیمیایی."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا جۆن بۆڵتۆن وتی: "هەر بۆئەوەی لێرەدا سەرلێشێواوی دروستنەبێت، ئەگەر رژێمی سوریا چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت ئێمە زۆر بەتوندی وەڵامدەدەینەوە و ئەوان بهڕاستی دەبێت زۆر بیر لهوه بکەنەوە بەرلەوەی لەو بارەیەوە بڕیارێك بدەن."