ئەندامانی بەرگریی شارستانیی سوریا، کە ناسراون بە کڵاوسپییەکان، دووشەممە و سێشەممە (18 ئەیلول) خۆپیشاندانیان سازکرد بۆ سەرکۆنەکردنی بەئامانجگرتنی ناوەندە فریاگوزاری و تەندروستییەکان لە ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆندا لە باکوری سوریا.
خۆپیشاندەران هاتنەسەر شەقامەکان لە دەوروبەری ئیدلیب و حەما و حەلەب بە لافیتەوە کە داوایان لە روسیا و رژێمی سوریا دەکرد هێرشەکانیان بوەستێنن دژی کارمەندە مرۆییەکان لەو ناوچانە.
لافیتەیەك نوسرابوو: "کڵاوسپییەکان و کارمەندانی مرۆیی ئامانج نین."
دانەیەکی دیکە نوسرابوو "پاراستنی کارمەندانی تەندروستی بەرپرسیارێتی هەمووانە" و "کیمیایی ئەسەد و روسیا هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی ملیۆنان منداڵ".
ئەندامی بەرگریی شارستانیی سوریا لە ئیدلیب عیسام ساڵح وتی: "هێرشی ئاسمانی چەندبارە بۆ سەر ناوەندەکانی بەرگریی شارستانیی لەلایەن هێزی ئاسمانیی روسیا و سوریاوە و ئەو تۆپبارانەی زۆرێك لە تیمەکانی فریاگوزاری و تەندروستی تووشی بوون لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا وایکرد ئەندامانی بەرگریی شارستانیی سوریا چەند خۆپیشاندانێك ئەنجامبدەن."
بە دیارونای وت رێکخراوە ناوخۆییهکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پزیشکان و مامۆستایانیش پەیوەندییانکرد بە خۆپیشاندانەکەوە.
وتی خۆپیشاندانەکەی دەوروبەری حەلەب "سەرنجڕاکێش بوو چونکە زۆر پزیشکی چالاك و ژمارەیەك مامۆستا بەشدارییان تێداکرد" و ئاماژەیکرد بەوەی هەموویان هاوکاریی یەکتر دەکەن بۆ کەمکردنەوەی مەینەتیی مەدەنیەکان لە ناوچەکە.
وتیشی ئەو لافیتانەی لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا بەرزکرانەوە سەرکۆنەی بەئامانجکردنی دەزگا فریاگوزارییە گرنگەکانیان دەکرد و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرد مەدەنی و منداڵ بپارێزن.
وتی: "ئامانجی ئەم خۆپیشاندانە فشارخستنە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ دابینکردنی پارێزگاری بۆ کارمەندانی بەرگریی شارستانیی و پزیشکەکان دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆ بەمدواییانە کە کڵاوسپییەکان تۆمەتباردەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ تیرۆریستان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی ساختەی کیمیایی [لە ئیدلیب]."
ساڵح وتی ئەم هەوڵانە ئامانجیان دابینکردنی رەواییە بۆ هێزەکانی روسیا و سوریا تا کڵاوسپییەکان بكهنه ئامانج وەك ئامانجێکی سەربازیی رەوا.
وتی "مەدەنیەکانیش پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکانەوە کرد بۆ دەرخستنی پێزانینیان بەو رۆڵەی کڵاوسپییەکان دەیگێڕن" کە سنووردار نیە تەنیا به ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری و تەندروستی و ئاگرکوژاندنەوەوه.
وتی ئەوان جادەكانیش چاکدەکەنەوە، هاوڵاتیان رێنمایی دەکەن دەربارەی کێشەی سەلامەتی و بۆنە و چالاکیی تایبەت بۆ منداڵان ئەنجامدەدەن.