هێزە عێراقیەکان و خێڵەکیەکان چوار ئەندامی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش)یان کوشت لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا کە دووشەممە (17 ئەیلول) دەستیپێکرد لە شاری شەرگاتی باکوری سەلاحەدین، سەرچاوەیەکی ئەمنی وتی.
فەرماندە لە لیوای 51ی خێڵەکی لە شەرگات، شێخ عەشەم سەبهان جەبوری سێشەممە بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە بهرفراوانەکە هەوڵی "بنەبڕکردنی شانەکانی داعش دەدات لە شەرگات".
وتی هێزەکان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین، بهڕێوبهرێتی پۆلیسی سەلاحەدین، پۆلیسی شەرگات، سوپای عێراق و لیوای 51ی خێڵەکی بەشداریدەکەن لەم ئۆپەراسیۆنەدا.
وتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکە لە گوندی کەنعوس و ناوچەکانی دەوروبەری چڕبۆتەوە، بەتایبەتی ناوچەی حەویجە عوهیباد و دوورگەکانی رووباری دیجلە، کە زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بە خۆشاردنەوەی ژمارەیەك تیرۆریست دەکەن لێیان."
ههروهها وتی: "سەرەتا دەوری ناوچە بەئامانجکراوەکانمان گرت و دواتر هێرشمانکردە سەر پێگەکانی دوژمن لە ئاسمان و زەمینەوە و تائێستا چوار ئەنداممان کوشتوە."
وتی دووان لە شوێنهكانی حەوانەوەی گروپەکە رووخێنران، یەکێکیان ماڵێکی بچوکی نزیك پرۆژەی ئاوی گوندی کەنعوس بوو، لەگەڵ دوو تونێل.
وتیشی: "هێزەکانمان بەردەوامدەبن لە ئۆپەراسیۆنەکە تا هەموو ئەو تیرۆریستانەی خۆیان شاردۆتەوە لەناودەبرێن. زانیارییەکانمان ئاماژە بەوە دەدەن کە هێشتا نۆ تیرۆریست ماون؛ باش دەورمان گرتوون و رێیان پێنادەین هەڵبێن."
ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە بەردەوامەکان
جەبوری وتی ئۆپەراسیۆنی هاوشێوە "هەموو هەفتەیەك" ئەنجامدەدرێت لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی سوپای عێراق و پۆلیس و خێڵەکانەوە، بەپاڵپشتی فڕۆکەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
وتی ئەم ئۆپەراسیۆنانە هەوڵێكن بۆپاککردنەوەی ناوچە دوورەدەستەکانی ناوەوە و دەرەوەی شەرگات لە پاشماوەکانی داعش، هەروەها ئەندامە توندڕەوەکانیان لە قەزای حەویجەی خۆرئاوای کەرکوك و قەزای حەزرەی باشوری موسڵ كردۆته ئامانج.
وتیشی: "دوو هەفتە لەمەوبەر، هەڵمەتێکمان لە جەبەل مەکحول ئەنجامدا و 16 تیرۆریستمان کوشت و مانگی رابردووش هەڵمەتی فراوان و کاریگەرمان ئەنجامدا، لەنێویاندا دانەیەك بوو کە 10 تیرۆریستمان کوشت لە خۆرئاوای سینیە."
وتی پاشماوەکانی داعش چیتر توانای ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستیی گەورەیان نەماوە.
جەبوری وتی: "تەنیا بەشەو هاتوچۆدەکەن و کاتی کەمیان هەیە و ئۆپەراسیۆنی بچوك ئەنجامدەدەن، وەك تەقاندنەوەی بۆمبێکی دەستکرد یان رفاندن و کوشتن، بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەی کە هێشتا ماون."
وتیشی: "هێزەکانمان دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و دوژمن توانای رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ یان تەنانەت خۆحەشاردانی نیە بۆ ماوەیەکی زۆر لە بنکەکانیدا."