هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

دانیشتوان و کاربەدەستانی موسڵ بازاڕەکان دەکەنەوە

خالید تائی

زۆرێك لە دوکانەکانی بازاڕی باب سەرای موسڵ نۆژەنکراونەتەوە لەڕێی هەوڵی هاوبەشی دانیشتوانی ناوچەکە و حکومەتی نەینەواوه‌. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی چاوی موسڵ]

زۆرێك لە دوکانەکانی بازاڕی باب سەرای موسڵ نۆژەنکراونەتەوە لەڕێی هەوڵی هاوبەشی دانیشتوانی ناوچەکە و حکومەتی نەینەواوه‌. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی چاوی موسڵ]

تەواوی ساڵی رابردوو دانیشتوانی موسڵی کۆن دەست لەناو دەستی حکومەت کاریاندەکرد بۆ نۆژەنکردنەوەی دوکان و بازاڕە رووخاوەکان و بوژاندنەوەی چالاکی ئابوری.

لەوەتەی ئەم هەوڵانە دەستیانپێکردووە، ژمارەیەکی زۆر دوکان لە بازاڕی باب سەرای کە ناسراوە بە بیناسازییه‌ کەلەپورییه‌كه‌ی و یەکێکە لە کۆنترین ناوەندەکانی بازاڕکردن لە موسڵ، بنیاتنراونەتەوە.

دوکان و بازاڕەکانی دیکە هێشتا نۆژەندەکرێنەوە بەهۆی ئەو زیانەی پێیانگەیشتووە لەکاتی شەڕی دەرکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دا.

ئەحمەد زەکەریا، دانیشتوویه‌كی موسڵی کۆن وتی: "ئەوەی شارەکەمانی زیاتر لەهەموو شتێك پێناسرابوو جوانی و پڕجیلوەیی بازاڕە کۆنەکانی بوو."

چەند کرێکارێك دوكانه‌كانی بازاڕی باب سەرای موسڵی کۆن بیناده‌كه‌نه‌وه‌. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی چاوی موسڵ]

چەند کرێکارێك دوكانه‌كانی بازاڕی باب سەرای موسڵی کۆن بیناده‌كه‌نه‌وه‌. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی چاوی موسڵ]

وتی بەڵام ئەمانە زۆربەیان بەهۆی داعشەوە رووخێنران.

بە دیارونای وت: "دوکانداران بە ئەرکی خۆیان دانا زیانەکان چاکبکەنەوە بە هاوکاریی ئیداره‌ی پارێزگای نەینەوا."

وتی هەرچەندە ئەرکەکە سەختە، ئەوەی بەدەستیانهێناوە تەواو شتێکی مەزنە و ئاماژەیکرد بەوەی زۆرێك لەم دوکانانە دروستکراونەتەوە و هەندێك لە بازاڕەکان چالاکی زیاتریان تێدا دەبینرێت.

زەکەریا وتی حکومەتی پارێزگاكه‌ هەوڵیداوە پرۆسەی بنیاتنانەوە خێرابکات بە یارمەتیدانی بازرگانەکان تا دوکانەکانیان بنیاتبنێنەوە.

وتی: "پێش ئەوە، لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکانداروپەردووه‌كانیان لابردلە شەقامه‌كانی بازاڕەکە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان دەگەڕاندەوە."

'هەوڵی نائاسایی'

پارێزگاری موسڵ زوهەیر ئەعرەجی وتی بنیاتنانەوەی بازاڕەکان "لەڕێی هەوڵه‌ نائاساییه‌كانی دوکاندارانەوە بەدەستهاتووە، کە ئەرکەکەیان بەپاڵپشتی حکومەتی خۆجێیی لە ئەستۆگرتووە".

بە دیارونای وت: "پێشتر چەند لیژنەیەکمان دروستکردووە بۆ ئاسانکاری ئەرکی دەرکردنی مۆڵەتی دروستکردن بۆ دانیشتوان تا دوکانەکانیان بنیاتبنێنەوە بەشێوەی نەخشەسازیی کەلەپوری."

وتی شارەوانیەکان رێنماییان پێدرابوو داروپەردووی نێو بازاڕەکان لابەرن، تۆڕەکانی ئاو و کارەبا چاکبکەنەوە و یارمەتی پرۆسەی بنیاتنانەوە بدەن.

وتیشی جگه‌ له‌ بازاڕی باب سەرای، کە هەموو دوکانەکانی بەرەو تەواوبوون دەچن، کار بەردەوامە بۆ بنیاتنانەوەی بازاڕی باب تۆب و دوکانەکانی نزیکی.

وتی بازاڕی تریش له‌ موسڵی کۆن، لەنێویاندا باب جسر عەتیق، وادی حەجەر، عەتمی و زۆر دوکانی پەڕاگەندەی دیکە بەهۆی داعشەوە زیانیان بەرکەوت.

وتیشی: "کارەکانمان بەردەوامە و دۆخی خزمەتگوزاری باشترە لە پێشوو. ئاوی خواردنەوە براوەتە گەڕەکەکانی ئەو ناوچەیە و پێدانی کارەبا باشە."

هه‌روه‌ها وتی خوێندنگە و ناوەندە تەندروستیەکان نۆژەنکراونەتەوە و نەخۆشخانەکان کراونەتەوە لەجێی نەخۆشخانەی رووخاوی جمهوری، لەکاتێکدا هەڵمەت بۆ بنیاتنانەوەی 250 خانوو پاڵپشتی لەلایەن بەخشەر و خاوەنکارەکانی کەرتی تایبەتەوە پێگەیشتووە.

ئەعرەجی وتی: "هه‌رجی مزگەوتی نوری و منارەی حەدباشه‌، ئیمارات 50.4 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ نۆژەنکردنەوەیو لەگەڵ بنیاتنانەوەی ماڵەکانی دەوروبەری بە هاریکاریی یونێسکۆ."

پەیداکردنەوەی رزق و رۆز

راوێژکاری پارێزگاری نەینەوا دورەید حیکمەت بە دیارونای وت حکومەتی خۆجێیی نەینەوا و دانیشتوانی پارێزگاکە سوورن لەسەر بەتەواوی کردنەوەی بازاڕەکانی شارەکە.

وتی: "دانیشتوان بەشدارن لە بنیاتنانەوە و بەشداریی هەوڵەکانمان دەکەن، نەك تەنیا بەوەی دەیانەوێت رزق و رۆزیان بەدەستبهێننەوە، بەڵکو لەبەرئەوەی بەهای مێژوویی ئەم بازاڕانە دەزانن و دەیانەوێت دووبارە بوژاندنەوەیان ببینن."

وتیشی کردنەوەی بازاڕەکان "بێگومان بازاڕکردن دەبوژێنێتەوە و پێداویستی بنەڕەتی بۆ هاوڵاتیان دابیندەکات و لە قەیرانی نەبوونی کار کەمدەکاتەوە،" ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ ئەوان "سەرچاوەیەکی سەقامگیری و پشتگیرین".

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بەرەکات شەمو وتی کاری بەردەوامی ئێستا بۆ بنیاتنانەوەی بازاڕەکانی موسڵ "دەستپێکێکی هاندەرە و هۆکارێکە بۆ گەشبینی".

بە دیارونای وت: "شاری موسڵ، بەتایبەتی موسڵی کۆن، پێشتر لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە ناوچەی کارەساتبار پۆلێنکرابوو."

وتی: "ئەمڕۆکە هەوڵدەدات سەرچاوەکانی بەردەستی بگەڕێنێتەوە، بە بنیاتنانەوەی بازاڕەکان و باشتربوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستی پێویست."

وتی پارێزگای نەینەوا پێویستی بە پاڵپشتیی دارایی زیاترە لە بەخشەرە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ یارمەتیدان تا سەربکەوێت بەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم بنیاتنانەوەی ژێرخان و کەلەپورەکانی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500