هه‌واڵه‌كانی عێراق
هەڵبژاردن

چالاکوانانی سوریا هەڵبژارنە ناوخۆییەکان بە گاڵتەجاڕی ناودەبەن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

سوریەکان بنکەیەکی دەنگدان دەبەنبەڕێوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ناوخۆیی و پارێزگا لە ناوچەكانی سه‌رده‌ریا له‌ تەرتوس لە 16 ئەیلول. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە]

سوریەکان بنکەیەکی دەنگدان دەبەنبەڕێوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ناوخۆیی و پارێزگا لە ناوچەكانی سه‌رده‌ریا له‌ تەرتوس لە 16 ئەیلول. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە]

رژێمی سوریا یەکشەممە (16 ئەیلول) دەستیکرد بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لەو ناوچانەی وڵاتەکە کە لەژێردەستی خۆیدان، هەنگاوێك کە چالاكوانان بە "گاڵتەجاڕی" لەقەڵەمیان دا.

وتیان ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەوڵێکە بۆ خۆلادان لە چارەسەرێکی ئاشتیانەی سیاسی بە چاندنی هاوپەیمانانی رژێم لە هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌دا كه‌ رووبه‌ڕووی خەڵك ده‌بنه‌وه‌.

بنکەکانی دەنگدان لە ناوچەکانی ژێردەستی رژێمدا یەکشەممە دەرگاکانیان کرایەوە بۆ ئەنجامدانی یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنە کارگێڕییەکانی پارێزگاکان لەوکاتەوەی کە شەڕی سوریا لە 2011 دەستیپێکرد، بۆ هەڵبژاردنی ئەندامان و سەرۆکی ئەنجومەنەکان.

میدیای دەوڵەتی سوریا رایگەیاند کە "زیاد لە 40,000 کاندید" هەوڵیاندەدا بۆ "18,478 کورسی لە هەموو پارێزگاکاندا" -- راگەیاندنێك کە بەگومانەوە دەخوێنرێتەوە.

بەرپرسانی حکومی دەنگدەدەن لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی سوریادا لە بنکەیەکی دەنگدان کە بەتایبەتی بۆ ئەوان کراوەتەوە لە دیمەشق. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە]

بەرپرسانی حکومی دەنگدەدەن لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی سوریادا لە بنکەیەکی دەنگدان کە بەتایبەتی بۆ ئەوان کراوەتەوە لە دیمەشق. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە]

پارێزەری سوری، بەشیر بەسام بە دیارونای وت: "کەمترین شت دەربارەی ئەم هەڵبژاردنانە بوترێت ئەوەیە کە گاڵتەجاڕیین."

پرسیاری ئەوەیکرد کە چۆن دەتوانرێت هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت لەکاتێکدا نیوەی خەڵکی سوریا یان لە دەرەوەی وڵات ئاوارەن یان لە چەند کەمپێکی ئاوارەییدا دەژین.

وتی: "لەبەرئەوەی ئەم خەڵکانە ناتوانن دەنگبدەن، ئەنجامەکان لەئێستاوە بڕیاری لەسەر دراوە بۆ کاندیدەکانی سەربە رژێم."

ئاماژەیکرد بەوەی بە چاوخشاندن بە لیستی کاندیدەکاندا ئەوە دەردەکەوێت کە زۆربەی ئەوانەی خۆیان هەڵبژاردووە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکان کاندیدی سەربە رژێمن و زۆربەیان لەم چەند ساڵەی دواییدا رۆڵی سیاسی و سەربازییان هەبووە لە پاڵپشتیکردنی رژێمدا.

وتی هەڵبژاردنی لەمشیوەیە لە وڵاتێکدا کە چەند ساڵێکە لە شەڕەوە گلاوە، دەبێت لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوە چاودێرییە نێودەوڵەتیەکاندا بێت بۆ دڵنیابوون لە پاکیی بەڕێوەچوونی و ئەنجامەکانی.

هەڵبژاردنەکان نیگەرانی دروستدەکەن

رۆژنامەنوانی سوری، محەمەد عەبدوڵا هۆشدارییدا بە دیارونا كه‌ ئەم هه‌ڵبژاردنانه‌ چەند نیگەرانییەك دروستدەکەن.

ئاماژەیکرد بەوەی ناوی دڵسۆزانی رژێم و سیاسییەکانی سەر بەوان لە لیستی ئەو کاندیدانەدایە کە لە پارێزگاکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی رژێم ماونەتەوە، لەنێویاندا رەققە و حەسەکە و دێرەزوور.

وتی: "ئەمەش دڵنیاییدەدات لەوەی هیچ کاندیدێکی دیکە کە دژی رژێمە لەم دەزگایانەدا کارناکات."

عەبدوڵا وتی ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنانە بەشێک نەبوون لە گفتوگۆی چوون بەرەو چارەسەری ئاشتیانە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ "ئیداره‌ ناوخۆییەکان دەبێت بەشێکی هەرە گرنگ بن لە بابەتی دانوستانەکان".

رژێم گرەودەکات لەسەر ئەوەی کاتێک ئەم کارگێڕییە خۆجێیانە دامەزرێنرانەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا هەڵناوەشێندرێنەوە، هەربۆیە دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی کۆنترۆڵی ئەم ئەنجومەنانە دەکات.

وتی ئەو شێوازەی هەڵبژاردنی پێ ئەنجامدەدرێت "وەك ئەوە وایە هیچ شۆڕشێك نەکرابێت بۆ پاراستنی مافە مەدەنیەکان و ئازادیی هەڵبژاردن".

'ئایا هیچ ده‌گۆڕێت؟'

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند لە دیمەشق كه‌ پۆستەره‌كانی هەڵبژاردن کە زیاتر وێنەی بەرپرسە ماوە بەسەرچووەکانیان لەسەرە بەنێو مەیدانە گشتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، لەنێویاندا لە به‌شه‌ كۆنه‌كه‌ی شاره‌.

بەشی هەرە زۆری ئەم کاندیدانە ئەندامی حیزبی بەعسی فەرمانڕەوا یان لایەنگریان بوون، بۆیە وایکرد هەندێك خەڵك دەنگنەدەن.

هومام، 38 ساڵ، کە لە گەڕەکی مازح کاردەکات لە دیمەشق و بڕیاریدا نەچێت بۆ دەنگدان وتی: "بۆ دەنگ بدەین؟ ئایا هیچ دەگۆڕێت؟ با راستگۆ بین."

ژمارەی کورسییەکان کەمێك زیادیکردەەوە لە نزیکەی 17,000 پێگەی هەڵبژاردنی پێشووەوە، چونکە گوندی بچوك کراونەتە شارەوانیی تەواو.

ئەندامانی ئەنجومەن خولێکی چوار ساڵە بەڕێدەکەن لەئاستی شارەوانیدا و زۆربەیان بەرپرسن لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و بابەتی کارگێڕیی دیکە.

دوایینجار سوریا هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەنجامدا کانونی یەکەمی 2011 بوو، نۆ مانگ دوای شەڕەکە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500