هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

کڵاو سپییەکان تۆمەتی روسیا دەربارەی 'هێرشی کیمیایی ساختە' رەتدەکەنەوە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

لەکاتی خۆپیشاندانێکدا لە 7 ئەیلول لە جسر شوغور، کوڕێك لافیتەیەکی بەرزکردۆتەوە فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا تۆمەتباردەکات بە روخاندنی خوێندنگەکەی. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانیی سوریا]

لەکاتی خۆپیشاندانێکدا لە 7 ئەیلول لە جسر شوغور، کوڕێك لافیتەیەکی بەرزکردۆتەوە فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا تۆمەتباردەکات بە روخاندنی خوێندنگەکەی. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانیی سوریا]

هەوڵە بەردەوامەکانی روسیا و رژێمی سوریا بۆ تۆمەتبارکردنی بەرگری شارستانیی سوریا و هەندێك لایەنی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەنجامدانی هێرشی کیمایی لە ئیدلیب، رەنگە هەوڵێك بێت بۆ پەردەپۆشکردنی هێرشێكی کیمیایی راستەقینە کە خۆیان ئامادەکاریی بۆ دەکەن دژی مەدەنیەکانی ناوچەکە، چالاکوانانی سوری بە مەشاریق دەڵێن.

وتیان هەوڵیشدەدەن ئەندامانی بەرگری شارستانیی سوریا، کە ناسراون بە کڵاو سپییەکان، لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بە "تیرۆریست" لەقەڵەمبدەن کە چەکی کیمیاییان لەبەردەستدایه‌.

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی فرانس پرێس، روسیا سێشەممە (11 ئەیلول) رایگەیاند کە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستیانکردووە بە دروستکردنی ڤیدیۆیەك تیایدا ئاکامەکانی هێرشێکی کیمیایی ساختە نیشاندەدرێت لەلایەن سوپای سوریاوە.

وەزارەتی بەرگری روسیا، بە وەرگرتنی وتەی دانیشتوانی ئیدلیب، رایگەیاند کە چەندین کەناڵی تەلەفزیۆنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست -- لەگەڵ "هەندێك لقی ناوچەیی کەناڵە هەواڵییە بەناوبانگەکانی ئەمریکا" -- گەیشتوونه‌ته‌ شاری جسر شوغور لە ئیدلیب بۆ وێنەگرتن.

دانیشتوانی ئیدلیب رووپۆشی دژ به‌ کیمیایی دەستکرد دروستدەکەن بە بەکارهێنانی ماددەی وەك لۆکە و خەڵوز كه‌ ده‌ئاخرێنه‌ ناو سندوقی کارتۆنی یان کڵاوه‌وه‌ وەك هەنگاوێکی دەستپێشخەرانە بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری روودانی هێرشی کیمیایی لە ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانیی سوریا]

دانیشتوانی ئیدلیب رووپۆشی دژ به‌ کیمیایی دەستکرد دروستدەکەن بە بەکارهێنانی ماددەی وەك لۆکە و خەڵوز كه‌ ده‌ئاخرێنه‌ ناو سندوقی کارتۆنی یان کڵاوه‌وه‌ وەك هەنگاوێکی دەستپێشخەرانە بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری روودانی هێرشی کیمیایی لە ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانیی سوریا]

ئەندامانی بەرگری شارستانیی سوریا هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرێك دەدەن لە ماڵێكدا بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکانی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا و رژێمه‌وه‌ لە ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانیی سوریا]

ئەندامانی بەرگری شارستانیی سوریا هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرێك دەدەن لە ماڵێكدا بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکانی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا و رژێمه‌وه‌ لە ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانیی سوریا]

ئەندامێکی بەرگری شارستانیی سوریا منداڵێك رزگاردەکات کە لە بۆمبارانی رژێمدا بۆسەر ئیدلیب برینداربووە. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانیی سوریا]

ئەندامێکی بەرگری شارستانیی سوریا منداڵێك رزگاردەکات کە لە بۆمبارانی رژێمدا بۆسەر ئیدلیب برینداربووە. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانیی سوریا]

وەزارەتی بەرگری رایگەیاند "لەکۆتاییدا"، هەموو ڤیدیۆکان دەدرێنە کەناڵە تەلەفزیۆنیەکان تا لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بڵاویبکه‌نەوە.

راشیگەیاند كه‌ بەگوێرەی "سیناریۆیەك"، کڵاو سپییەکان تێیدا "یارمەتی دانیشتوانی جسر شوغور دەدەن" دوای بەکارهێنانی بۆمبی بەرمیلی لەلایەن سوپای سوریاوە.

وەزارەتەکە رایگەیاند كه‌ کیمیایی راستەقینە بەکاردەهێنرێت تا وادەربکەوێت ڤیدیۆیەکە راستەقینەیە و تا نمونەی خاکی ئاڵوده‌بوو بە گاز لە دیمەنەکەوە دەربهێنرێت.

پارێزگای ئیدلیب و فراوانترین ناوچەکانی هاوسێی هێشتا لەژێردەستی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادان.

چەند هەفتەیەکە، هێزەکانی رژێم به‌پشتیوانیی روسیا و ئێران گردبوونه‌ته‌وه‌ لە دەوروبەری ئیدلیب، له‌كاتێكدا هێرشه‌ ئاسمانییه‌ کوشندەكان و تۆپباران و بۆمبی بەرمیلی لەم رۆژانەی دواییدا چڕتربوونه‌ته‌وه‌.

خۆرئاوا هۆشدارییداوە بە سەرۆك بەشار ئەسەدکە رژێمەکەی رووبەڕووی ئاکامی سەخت دەبێتەوە ئه‌گەر چەکی کیمیایی لە ئیدلیب بەکاربهێنێت.

تۆمەتەکان 'هەڕەشەی جددین'

بەرپرسی راگه‌یاندنی بەرگری شارستانیی سوریا، خالید خەتیب وتی ئەو تۆمەتەی لەلایەن روسیاوە دروستکراوە گوایە کڵاو سپییەکان ئامادەکاریدەکەن بۆ "نمایشێکی ساختە" کە چەکی کیمیایی تێدابێت، هەڕەشەیەکی جددیە بۆ ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی رژێم.

خه‌تیب بە مەشاریقی وت تۆمەتەکان ئەو نیگەرانیانیانە زیاددەکەن کە ئەم ناوچانە دوورنیە بەمزوانە تووشی هێرش ببن بە چەکی کیمیایی لەلایەن روسیا و رژێمەوە.

وتی: "رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەوەیان پشتڕاستکردۆتەوە کە رژێم چەکی کیمیایی بەکارهێناوە لانیکەم سێ جار لە چەند ساڵی رابردوودا."

خەتیب وتی ئەم تۆمەتانە بەمەبەستی شێواندنی وێنەی کڵاو سپییەکان ئەنجامدراون کە لەلایەن زۆر وڵاتی خۆرئاوا و عەرەبیەوە دانیانپێدانراوە.

وتی: "255 خۆبەخشی کڵاوسپییەکان لەکاتی کاردا کوژراون." دەیانی دیکەش برینداربوون، زۆریان راستەوخۆ لەکاتی ئۆپەراسیۆنی فریاگوزارییدا کراونەتە ئامانج.

ماوەیەکە کڵاو سپییەکان هۆشیاریی دانیشتوان بەرزدەکەنەوە دەربارەی ئەوەی چی بکەن گەر هێرشێکی کیمایی رووبدات.

خەتیب وتی لەبەرئەوەی گروپەکە پارە و سەرچاوەی ئەوتۆی لەبەردەستدا نیە بۆ دابەشکردنی رووپۆشی دژبه‌ گاز بۆ دانیشتوان، هەوڵەکانیان "سنووردارە بۆ زانیاریپێدان به‌ دانیشتوان تا بزانن چی بکەن لەو دۆخەدا".

وتی: "زۆرێك لە دانیشتوان پەناگەی ژێرزەمینییان ئامادەکردووە بۆ خۆشاردنەوە گەر پێویست بێت."

وتی رووپۆشی دژبه‌ کیمیایی دەستکرد دروستدەکەن بە بەکارهێنانی ماددەی وەك لۆکە و خەڵوز كه‌ ده‌ئاخرێنه‌ ناو سندوقی کارتۆنی یان کڵاوه‌وه‌، چونکە ئەم ماددانە گازی ژەهراوی دەپاڵێون.

تۆمەتی 'بێبنەما'

خەتیب وتی تۆمەتەکانی روسیا بەوەی گوایە تیمی رۆژنامەوانی یاوەریی بەرگری شارستانیی سوریا دەكه‌ن بۆ وێنەگرتنی هێرشێکی کیمیایی ساختە لە ئیدلیب، بێبنەمان، "چونکە تەنیا خۆبەخش و بریندار دەچنە ئۆتۆمبیلەکانی بەرگریی شارستانییەوە".

خەتیب وتی: "ئەوە شتێكه‌ هه‌موو كه‌س ده‌زانێت کە هیچ تیمێکی رۆژنامەوانیی بیانی لە ناوچەکە نیە بەهۆی ... مەترسیی ئەوەی رەنگە رژێم هێرشێکی سەربازی لەوێ ئەنجامبدات."

وتی هەر ڤیدیۆیەك وێنەبگیرێت لەلایەن خۆبەخشانی سەر بە کڵاو سپیەکانەوەیه‌، چونکە هەموو تیمێك رۆژنامەنوسێکی لەگەڵە کە وێنەی ئۆپەراسیۆنەكانی فریاکەوتن دەگرێت و بە بەڵگەیان دەکات.

وتیشی: "هەندێك لە کڵاوەکانیش کامێرای تایبەتەیان پێوەیە بۆ وێنەگرتنی کوژراو و بریندارەکان و تۆپباران بە گازی [ژەهراویی] و ماددەی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی.

پەردەپۆشکردنی هێرشەکان

پارێزەری سوری بەشیر بەسام وتی روسیا و رژێمی سوریا ماوەیەکە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی کیمیایی ساختە دەڵێنەوە بۆ تۆمەتبارکردنی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و تیمەکانی بەرگری شارستانی بەوەی گوایە چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتییان لایە.

بە مەشاریقی وت ئامانجەکە "لادانی سەرنجە لەسەر ئەو قەسابخانەیەی [روسیا و رژێم] ئەنجامیدەدەن یان خەریکە ئەنجامیبدەن لەکاتی هێرشەکەیاندا بۆ سەر ئیدلیب".

وتیشی ئەوە دەبێتە هۆی پەردەپۆشکردن بۆ رژێم و روسیا لە دۆخێکدا گەر هێرشێكی بەو جۆرە چەکانە لەڕاستیدا ئەنجامبدرێت.

هه‌روه‌ها وتی ئامانجێکی دیکە وێناکردنی گروپە ئۆپۆزسیۆنە میانڕەوەکان و کڵاو سپییەکانە وەك "تیرۆریست کە دەبێت بەهەر نرخێك بێت لەناوببرێن".

'متمانەیه‌كی پته‌و'

بڵاوکراوە رۆژنامەوانیەکانی سەربە روسیا و رژێم تەرکیزی روماڵکردنیان خستۆته‌سەر ناوچەکانی وەك جسر شوغور و ناوچەکانی دەوروبەری، کە هاوسێن بە ناوچەکانی ژێردەستی رژێم.

بەسام وتی کۆنترۆڵکردنی جسر شوغور وادەکات روسیا و رژێم توانای کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەی ئیدلیبیان هەبێت و ئەو رێگەیە کۆنترۆڵبكه‌ن کە لازقیە دەبەستێتەوە بە حەما و ئیدلیبەوە.

وتیشی ئەمە بەشێکە لە هەوڵێك "بۆ چاندنی ترس لە دڵی دانیشتواندا تا ناچاریانبکەن هەڵبێن بەرەو ناوچەکانی دیکە".

چالاکوان هەیسەم ئیدلیبی وتی تەرکیزی سەر جسر شوغور لەبەر ئەو راستیەیە کە دەکرێت بکرێتە ئامانج بە موشەکی کورتمەودا و مامناوەند، وەك ئەوانەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن هەیانە.

بە مەشاریقی وت ئەم موشەکانە "دەکرێت ماددەی کیمیاییان تێبکرێت و هێرشیان پێبکرێتە سەر ناوچەکە تەنیا بۆ ئەوەی [روسیا و رژێم] دواتر گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و کڵاو سپییەکان تۆمەتباربکەن بەوەی گوایە لەپشت هێرشی لەوجۆرەوە بوون".

ئیدلیبی وتی ئەو دەنگۆیەی روسیا بڵاویدەکاتەوە ئامانجی دروستکردنی قەیرانی متمانەیە لەنێوان مەدەنیەکان و کڵاو سپییەکاندا.

جەختیکردەوە لەوەی "بەڵام، ئەمە هەرگیز روونادات،" چونکە متمانەی هاوڵاتیان بە كڵاوسپییەکان "پته‌وه‌".

وتی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ کاری سەخت و بێوچانیان بۆ رزگارکردنی ژیان و ئەو راستییەی کە زۆرێکیان برینداربوون یان کوژراون لە هێرشی راستەوخۆی فڕۆکە جەنگیەکانی رژێم و روسیادا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500