هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق ئەمنیەتی بیابانی نەینەوا پتەودەکەن

خالید تائی

هێزەکانی عێراق پیاوێکی داواکراو دەستگیردەکەن لە اتی هەڵمەتێکدا لە شارۆچکەی حەزەری باشوری پارێزگای نەینەوا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزەکانی عێراق پیاوێکی داواکراو دەستگیردەکەن لە اتی هەڵمەتێکدا لە شارۆچکەی حەزەری باشوری پارێزگای نەینەوا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزەکانی عێراق چالاکیە ئەمنیەکانیان چڕتکردووە لە شارۆچکەی حەزەری باشوری پارێزگای نەینەوا وەك بەشێك لە هەوڵەکانیان بۆ زیاتر کۆنترۆڵکردنی ناوچە بیابانییە بەرفراوانەکان، بەرپرسێكی ناوخۆیی بە دیارونای وت هەینی (14 ئەیلول).

به‌گوێره‌ی ئیدارەی ناوخۆیی حەزەر، له‌ چەند هەڵمەتێكدا کە بەمدواییانە لە شارۆچکەکەدا ئەنجامدران، هێزە ئەمنیەکان چەندین ئەندامی شانەیەکی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان کوشت و چەند ئەندامێکی دیکەی شانەکەیان ده‌ستگیركرد.

لە 9 ئەیلول، هێزێکی تایبەت کە پێکهاتبوو لە پۆلیسی نەینەوا و شانەی سقوری هەواڵگری، سێ چەکداری داعشیان کوشت لە گوندی سەلال، ئەمەش دوای ئەوه‌ی دوایانکەوتبوون و شەڕیان لەگەڵداکردبوون و ئەو ئۆتۆمبیلەشیان سوتاند کە لێیانخوڕیبوو.

سیانەکە حەسەن عەلی محەمەد عوبێد و عەبدولڕەحمان جاسم شەهاب و باسم محەمەد عەمدید بوون، کە خەڵكی گوندی عەیسەی باکوری شارۆچکەی شەرگاتی پارێزگای سەڵاحەدین بوون، کە هاوسنوورە لەگەڵ نەینەوا.

سەربازانی عێراق دەورییەکی ئەمنی ئەنجامدەدەن لە ناوچە بیابانەکانی شارۆچکەی حەزەری باشوری پارێزگای نەینەوا وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت کە 12 ئەیلول لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سەربازانی عێراق دەورییەکی ئەمنی ئەنجامدەدەن لە ناوچە بیابانەکانی شارۆچکەی حەزەری باشوری پارێزگای نەینەوا وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت کە 12 ئەیلول لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سیانەکە داواکراوبوون لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە.

سەرۆكی شارەوانی شارۆچکەی حەزەر، بەسنام ئەحمەد سوڵتان ئەحمەدی، بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنی هاوشێوە لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین شانەی داعشیان کردە ئامانج لەو ناوچانه‌ی درێژده‌بنه‌وه‌ تا گردەکانی بەعاج.

وتیشی: "چالاکییه‌ ئه‌منیه‌كان چڕوپڕتر كراون لە شارۆچکەکە و هێزە ئەمنیەکان بەهێزەوە دەچنە ئەوێ بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەناکاو و کاریگەر دژبە دوژمن."

هه‌روه‌ها وتی: "ئەم هەرێمە بیابانە، کە هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگاکانی سەڵاحەدین و ئەنبار، پێشتر ئۆپەراسیۆنی توندی ئەمنیی لەمشێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە ... ئەمڕۆ دەبینین مەیلی زۆر هەیە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵبکرێت و لە هەر تیرۆریستێك بدرێت کە لە ناوچەکەدا بوونی هەبێت."

هەڕەشەی ئەمنی کەمدەبێتەوە

ئەحمەدی وتی هەڕەشەی ئەمنی لەلایەن پاشماوەکانی داعشەوە کە لە ناوچە بیابانیەکانی حەزەر خۆیان حەشارداوە "بەرەو نەمان دەچێت و رەوشەکە ئێستا دڵنیاكه‌ره‌وه‌یه‌".

وتیشی هێزەکانی فیرقەی 20 ی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی لە ناوەندی شارۆچکەکە جێگیرکراون و رەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.

وتی رێژەی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ شارۆچکەکە "لە ئاستی پێویستدا نیە و تائێستا تەنیا 200 خێزان لە 3,000 خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە."

وتی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی زۆری تێکچوونی ژێرخانی شارۆچکەکە بەهۆی شەڕەکانی دەرکردنی داعشەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ "هەموو بەشەکانی خزمەتگوزاری لەکارکەوتوون".

ئەحمەدی وتی: "زۆر کاردەکەین و ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ باشتركردنی خزمەتگوزاریەکان و هاندانی خەڵك بۆ گەڕانەوەیان."

وتی: "پرۆژەیەکی ئاومان خستۆته‌وه‌گه‌ڕ لە شارەکە و مۆلیدەیەکی زۆر گەورەمان داناوە بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ خەڵكەکە تا چاککردنەوەی تۆرەکانی کارەبا تەواودەبێت."

هه‌روه‌ها وتی: "هەر شەش قوتابخانەكه‌ی شارۆچکەکەش پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە وەك چارەسەرێکی کاتی، دوو قوتابخانە کراونەتەوە لە پشتی لۆریدا بۆ ئەوەی خوێندکاران وەربگرن بۆ ساڵی نوێی خوێندن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500