هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەروەرەدە و خوێندن

ساڵی خوێندن لە مەنبیجی سوریا دەستپێدەکات

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

سه‌كۆی فورات بۆ توێژینەوەکان کۆڕبەندێکی لە مەنبیج سازکرد لە 3 ئەیلول، کە بووە هۆی گفتوگۆیەکی پڕووزە لەنێوان قسەکەران و بەشداراندا. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی رۆژنامەوانیی مەنبیج]

سه‌كۆی فورات بۆ توێژینەوەکان کۆڕبەندێکی لە مەنبیج سازکرد لە 3 ئەیلول، کە بووە هۆی گفتوگۆیەکی پڕووزە لەنێوان قسەکەران و بەشداراندا. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی رۆژنامەوانیی مەنبیج]

خوێندنگەکان لە شاری مەنبیجی سوریا ئامادەکاری دەکەن بۆ دەوام لە ساڵی نوێی خوێندندا، لەکاتێکدا خوێندکاران و دایکوباوکان بازاڕه‌كان دەگەڕێن بۆ کاڵای پێویست.

دانیشتوانی ناوچەکە وتیان ئەو خوێندنگایانەی لە سەردەمی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دا داخرابوون هەرزوو دوای دەرکردنی گروپەکە لە شارەکە کرانەوە لە ئابی 2016، بەڵام ئەمە یەکەمجارە گەڕانەوە بۆ خوێندنگە بە ئاسایی دابنرێت.

کارگێڕ لە لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی مەدەنی مەنبیج، ساڵح حاجی محەمەد وتی: "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ تەواوکردنی دوایین هەنگاوەکان بۆ ساڵێکی نوێی خوێندن لە مەنبیج و دەوروبەری."

بە دیارونای وت خوێندنگەکان ئامادەکراون، پاککراونەتەوە و ئامراز و شمەکیان بۆ دابینکراوە، لەنێویاندا گەرمکەرەوە وەك ئامادەکارییەك بۆ زستان.

حاجی محەمەد وتی ئەنجومەنەکە پرۆژەیەکی راهێنانی مامۆستایانیشی بەڕێوەبرد بۆ دڵنیابوون لەوەی خوێندنگەکان بە ستافی شیاو پڕدەکرێنەوە.

وتی: "كوموكوڕی له‌ پێداویستییه‌كاندا زۆرە، بەڵام هەمووان مکوڕن لەسەر بەرەوپێشچوونی پرۆسەی پەروەردەی و دڵنیابوون لە سەرکەوتنی."

مامۆستا و هاوسەرۆکی لیژنەكه‌، سوهەیل والی، بە دیارونای وت لە چەند هەفتەی رابردوودا، لیژنەی پەروەردە بە هەماهەنگی له‌گه‌ڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خوێندنگەی زیدان حونەیزڵی نۆژەنکردەوە، کە داعش کردبووی بە زیندانێکی گەورە.

وتی خوێندنگەکە لە 16 ئەیلول دەرگاکانی دەکاتەوە، بە ستافێكەوە کە لانیکەم 25 مامۆستای تێدایە.

حاجی محەمەد وتی کۆی گشتی 300 خوێندنگە دەکەوێتە ژێردەسەڵاتی لیژنەکەوە: 34 لەنێو شارەکە و ئەوانیدی لە ناوچەکانی دەوروبەر.

حاجی محەمەد وتی: "چاوەڕواندەکرێت ژمارەی خوێندکاران زیاد لە 80,000 بێت، چونکە دایکوباوکان بە وروژم دێن بۆ تۆمارکردنی منداڵەکانیان لە خوێندنگە."

تاودان بە ئابوری خۆجێی

ئەندام لە هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ لە مەنبیج، حوسێن خەلیل وتی: "کردنەوەی خوێندنگەکان قەرەباڵغی دەستپێکی خوێندنی بۆ شاری مەنبیج و بازاڕەکانی گەڕاندۆتەوە، دیمەنێك کە شارەکە لەدەستیدابوو لەکاتێکدا لەژێردەستی داعشدا بوو."

بە دیارونای وت لەکاتێکدا فەرمانڕەوایی شارەکەی دەکرد، گروپەکە خوێندنگەکانی داخستبوو، هەندێکیانی کردبووە کەمپی راهێنان بۆ چەکدارانی و ئەوانیدیکەی کردبوو بە زیندان.

خەلیل وتی خەڵکی ناوچەکە سەردانی بازاڕەکانی شارەکە دەکەن بۆ کڕینی جل و شمەك بۆ منداڵەکانیان، کە بۆتەهۆی تاودان بە چالاکی بازرگانی.

ژمارەی زۆری بازاڕکەرەکانیشی گەڕاندەوە بۆ "دۆخی ئاسایشی ئارام کە ناوچەکە سوودی لێدەبینێت، بەهۆی هەوڵەکانی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبیج و هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆوه‌، کە شەو و رۆژ پاسەوانی دەکەن".

خەلیل وتی ئەم ئاسایشە گەشەکردووە بەڕوونی دیاربوو لەکاتی بۆنەی جەژنی قورباندا، کاتێك شارەکە قەرەباڵغ بوو بە خەڵك.

ئەندامی لیژنەكه‌ و مامۆستا لە ناوچەکە، مەیسەم مەحمود وتی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنەکە سەرنجی خستۆتە سەر هەردوو بواری نۆژەنکردنەوەی بینای خوێندنگەکان و راهێنانکردن بە مامۆستایان.

بە دیارونای وت: "بۆ هاندانی خوێندکاران بۆ گەڕانەوە بۆ خوێندنگەکان و دامەزراندنی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵیان، لیژنەی پەروەردە داوای لە خوێندکاران کردووە بەشداریبكه‌ن له‌ هەڵمەتەکانی پاککردنەوەدا شانبەشانی مامۆستایان."

وتی ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی روونی هەبووە لەسەر دایکوباوکان و خوێندکاران.

چالاکییه‌ کلتورییەکان دەستپێدەکەنەوە

ئەندازیاری کشتوکاڵی و دانیشتووی مەنبیج، محەمەد بورهان وتی: "ژیانی نێو شارەکە ئاسایی بۆتەوە چونکە هەموو دەزگا خزمەتگوزارییەکان بەردەوام کاردەکەن بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە و بنیاتنانەوەی هەموو دەزگا خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان."

بە دیارونای وت ئەمەش رێگەکان و تۆڕی کارەبا و تۆڕی دابەشکردنی ئاویان تێدایە و وتیشی کار بەردەوامە بۆ نەهێشتنی پاشماوەکانی شەڕ.

هه‌روه‌ها وتی لەئێستادا بۆنە کلتورییەکان لە مەنبیج ئەنجامدەدرێن، كه‌ دوایینیان کۆڕبەندێکی هزری بوو لە 3 ئەیلول لەلایەن سه‌كۆی فورات بۆ توێژینەوە.

بورهان وتی: "ژمارەیەك بەرپرسی حکومی و سیاسی و سەربازی ئامادەبوون و گفتوگۆی تێداکرا دەربارەی ژمارەیەك کێشەی کلتوریی پەیوەست بە ژیانی رۆژانەی خەڵك."

وتیشی بۆنەکە "پەیوەندیی بەرچاوی تێدا بەدیکرا لەنێوان ئامادەبووان و قسەکەراندا" و ئاماژەیکرد بەوەی گفتوگۆکان لە کەشێكدا بوون "کە ساڵانی رابردوو لە شارەکەدا نەبینراوه‌".

هه‌روه‌ها وتی ئەو جۆرە بۆنانە هانی ئازادی بیروڕا و چالاکی کلتوری و سیاسیی دەدەن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500