هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

شارۆچکەی مەرکەدا لە حەسەکە تواناکانی بۆ دەگەڕێتەوە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

ئەم بنکە تەندروستییە نوێیەی لە شارۆچکەی مەرکەدا له‌ سوریا کراوەتەوە خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ شارۆچکەکە و 70 گوندی دەوروپشتی دابیندەکات. [خاوەنی وێنە: عەمار ساڵح]

ئەم بنکە تەندروستییە نوێیەی لە شارۆچکەی مەرکەدا له‌ سوریا کراوەتەوە خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ شارۆچکەکە و 70 گوندی دەوروپشتی دابیندەکات. [خاوەنی وێنە: عەمار ساڵح]

دانیشتوانی شارۆچکەی مەرکەدا کە بازرگانی تێدادەکرێت لەگەڵ دەسەڵاتی ناوخۆییدا لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووه‌وە دوای دەرکردنی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەستیانکردووە بە کارکردن بۆ گەڕانەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بنیاتنانەوەی بینا روخاوەکان.

شارۆچکەکە نزیکە لە شەدادییەوە لە باشوری پارێزگای حەسەکە و ئێستا وەك شوێنێکی بنیادنانی نوێ دەردەکەوێت، کە تێیدا بنکەی نوێی شارەوانی کاردەکات بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژە ناوخۆییەکانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌.

دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور مەرکەدایان رزگارکرد، چالاکیە بازرگانیەکان دەستیانپێکردۆتەوەو شارۆچکەکە تواناکانی بۆ گەڕاوەتەوە، چالاکوانی بواری میدیا عەمار ساڵح بە دیارونای وت.

وتی کاری بنیاتنانەوە لەڕێی شارەوانی و کۆمیتەی ژینگەی ئەنجومەنی کانتۆنی حەسەکەوە ئەنجامدەدرێت.

ئەنجومەنی حەسەکە هاوکاری بنکەی شارەوانی مەرکەدای کردووە، کە بۆته‌ ناوه‌ندێكی بۆ سەرەکی بەڕێوەبردنی کارە بەردەوامەکانی بنیاتنانەوە بە هەمئاهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی مەدەنی شارۆچکەکە.

ساڵح وتی: "ئه‌و بنکەیه‌ی شارەوانی داینا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانەکە کرایەوە و ناوینرا بنکەی شارەوانی گەل."

وتیشی قردێلەی کردنەوەی شارەوانیەکە لەلایەن باوکی شەهیدێکەوە قرتێنرا کە کوڕەکەی لە شەڕی دژی داعشدا گیانی بەخشیبوو.

بنیاتنانەوەی مەرکەدا

ساڵح وتی ئەنجومەنی کانتۆنی حەسەکە زۆر لەو ئامێرانه‌ی دابینکرد کە هاوکاری ئەنجومەنی شارۆچکەکەیان کرد بۆ ئەوەی پاشماوەكانی جەنگ لابەرێت، وەك تەپۆڵکەکانی خۆڵ کە رێگاکانیان گرتبوو، ئەمەش رێگەی بۆ هاتووچۆ خۆشکرد.

وتی ئەو کارانە دوای ئەوە ئەنجامدران کە تیمە تەکنیکییەکان شارۆچکەکەیان لە مین پاکردەوە، ئەوەش "هانی تاڕاده‌یه‌ك هەموو دانیشتوانەکەی دا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان."

وتیشی: "ئەنجوومەنه‌ ناوخۆییه‌كانی هەرێمەکەش خۆراك بەسەر دانیشتوانەکەدا دابەشدەکەن و هاوکارییان دەکەن سەرکەون بەسەر ئەم دۆخەی ئێستادا،" لەڕێی دابەشکردنی ئارد و خۆراکی وشکە و خۆراکە سەرەتاییەکانی دیکەوه‌.

ئەندامێكی کۆمیتەی تەندروستی له‌ ئەنجومەنی مەدەنی مەرکەدا، دکتۆر حسێن زابت، وتی خزمەتگوزاری تەندروستی "بوونی نەبوو لە شارۆچکەی مەرکەدا".

بە دیارونای وت دابیکردنی ئەو خزمەتگوزارییە "کاری سەرەکی بوو بەهۆی مەودای نێوان مەرکەدا و گوندەکانی چواردەوری لەگەڵ شارۆچکە و گوندەکانی دیکە کە تێیاندا خزمەتگوزاری تەندروستی پێویست هەن".

وتی لەڕێی کاری هاوبەشه‌وه‌ لەنێوان ئەنجومەنی مەدەنی و کۆمیەتی تەندروستی حەسەکەدا، بنکەیەکی تەندروستی کرایەوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ مەرکەدا و 70 گوندی دەوروبەری.

زابت وتی بنکە تەندروستییەکە دەرمانخانە و ئۆتۆمبیلێکی فریاکەوتنی هەیە، کە زۆر پێویستە بۆ گواستنەوەی حاڵەتی مەترسیدار بۆ شارۆچکەی حەسەکە.

وتیشی: "خزمەتگوزاریەکان لەلایەن دوو دوکتۆر و ستافێکی پێکهاتوو له‌ شەش پەرستیارەوە دابین دەکرێن." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ کردنەوەی بنکەکە لەلایەن دانیشتوانەکەوە بەگەرمی پێشوازیلێکرا، چونکە دەمێك بوو دەیانناڵاند بەده‌ست نەبوونی خزمەتگوزایەکانی تەندروستی و فریاکەوتنه‌وه‌.

دابینکردنی پێویستییە سەرەتاییەکان

ئەندامێكی کۆمیتەكه‌، عامر عەبدوڵا بە دیارونای وت: "کۆمیتەی خزمەتگوزارییەکانی ئەنجومەنی مەدەنی مەرکەدا هەوڵدەدات پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ دانیشتوانی شارۆچکەکە و گوندەکانی چواردەوری دابینبکات."

وتی سوتەمەنی و غازی ناوماڵیان دباینکردووە، کە دانیشتوانەکە نزیکەی دوو ساڵ نەیانبوو، چوار تانکیی ئاویشیان داناوە وەك چارەسەرێکی کاتی بۆ کێشەی ئاوی خواردنەوە.

وتیشی هەر تانکییەك توانای هەڵگرتنی 10,000 لیتر ئاوی هەیە.

عەبدوڵا وتی: "تانکیەکان لەلایەن ئەنجومەنە مەدەنیەکانی حەسەکە و شەدادییەوە دابینکران و خرانە بەردەستی کۆمیتەی خزمەتگوزارییەکان."

ئه‌و تانکیانه‌ی دانراون بەردەوام دەبن لە کارکردن تا چاکردنەوەی تۆڕی بۆریەکانی ئاوی خواردنەوە تەواو دەبێت، کە لەکاتی شەڕی دەرکردنی داعشدا زیانی زۆری بەرکەوتبوو.

عەبدوڵا وتی حەسەکە دەناڵێنێت بەدەست کەمی ئاوەوە بەهۆی ئەوەی بنکەی ئاوی سوار زیانی بەرکەوتووە، کە ئاوی دابیندەکرد بۆ مەرکەدا و سوار و ئەریشە و دەشیشە و سەبعا و عەربین و شەدادی.

وتیشی: "کارەکان بۆ چاکردنەوە بەردەوامن بە هەماهەنگی و هاوکاری یەکەی کاروباری مەدەنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500