هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

پاڵاوگەی بێجی لە سەلاحەدین ئامادەی کردنەوەیە

عەلا حسێن لە بەغدا

چوار ساڵ دوای لەکارکەوتنی بەهۆی هێرشی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' (داعش)ەوە، دووبارە بڵێسەی ئاگر لەسەر پاڵاوگەی بێجی لە سەلاحەدین بەرزدەبێتەوە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی پاڵاوگەی بێجییەوە وەرگیراوە]

چوار ساڵ دوای لەکارکەوتنی بەهۆی هێرشی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' (داعش)ەوە، دووبارە بڵێسەی ئاگر لەسەر پاڵاوگەی بێجی لە سەلاحەدین بەرزدەبێتەوە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی پاڵاوگەی بێجییەوە وەرگیراوە]

چوار ساڵ دوای لەکارکەوتنی بەهۆی هێرشەکەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە، دووبارە بڵێسەی ئاگر لەسەر پاڵاوگەی بێجی لە سەلاحەدین بەرزدەبێتەوە.

ناوچەكانی دەوروبەری پاڵاوگەکە لە تەمموزی 2014 بووە مەیدانی شەڕ، دوای ئەوەی لەلایەن ئەو ئەندامانەی داعشەوە دەوریگیرا کە لە شارەکانی باکوری عێراقەوە پێشڕەوییان دەکرد و هەوڵیاندا شاڵاو ببەنە ناوی بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو.

بەڵام هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق کە لە ناوەوە جێگیربوون، خۆیان راگرت.

ئەوان پاڵپشتییان پێدەگەیشت بە پردێکی ئاسمانی دوای ئەوەی داعش گەمارۆی خۆی بەدەوری پاڵاوگەکەدا توندکردەوە، ئه‌وه‌بوو توانییان بۆ چەند مانگێك بەرگریی لێبکەن، تا ئەوکاتەی شاری بێجی نزیك پاڵاوگەکە ئازادکرا و گروپەکە بەتەواوی لە ناوچەکە دەرکرا.

ئەندازیارێك کە لەوکاتەدا لە پاڵاوگەکە کاریدەکرد، رەعد حەمودی حەمدانی، باسی لە سەختیەکانی ئەو رۆژانە کرد.

بە دیارونای وت: "دۆخەکە زۆر سەختبوو، ناچاربووین هێواش هێواش کاری پاڵاوگەکە بوەستێنین. ژمارەیەك ئەندازیار و ئه‌ندامانی ستافەکە لە پێکدادانەکاندا کوژران."

حەمدانی لەنێو ئەوانەدا بوو کە ناچارکران هەڵبێن بەرەو هەرێمی کوردستان.

وتی: "هەرکات سەیری هەواڵی پاڵاوگەکەمان دەکرد لەسەر تەلەفزیۆن، بە قوڵی دەگریاین و دەمانبینی چۆن ئۆتۆمبیله‌ بۆمبڕێژکراوه‌كان هەموو رۆژێك دەروازەکانی دەتەقێننەوە و چۆن دەڕوخێنرێت."

وتیشی: "بەڵام لەمڕۆدا توانیومانە بەسەر هەموو ئەو کارەساتانەدا زاڵبین و تیمە هونەریەکانمان لە کۆمپانیا نەتەوەییەکانەوە هێواش هێواش پاڵاوگەکەیان بەگەڕخستۆتەوە."

وتی ئەندازیاران و کارمەندانی هونەری بەردەوام کاریانکرد تا پاڵاوگەکە بەگەڕبخەنەوە و کاربکات، کە سەرچاوەی سەرەکی ژیانی دانیشتوانی قەزای بێجییە و سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئابوری عێراقە.

یەکەی سەلاحەدین 2 دەکرێتەوە

وتەبێژی وەزارەتی نەوت، عاسم جیهاد بە دیارونای وت یەکەی سەلاحەدین 2ی پاڵاوگەکە لەم مانگەدا بەفەرمی دەستدەکاتەوە بە کارکردن.

وتی سەلاحەدین 2 دەبێتە یەکەمین یەکەی پاڵاوگەکە کە دەستدەکاتەوە بە کارکردن، وتیشی کە "زۆر زوو بەفەرمی و بەتەواوی دەکرێتەوە"، بە توانای 70,000 بەرمیلی رۆژانە.

هه‌روه‌ها وتی: "هەموو کارەکانی نۆژەنکردنەوە و بەگەڕخستنەوەی پاڵاوگەکە لەلایەن کرێکارانی نیشتمانییه‌وه‌ لە کۆمپانیای نەوتی باکور، کۆمپانیای ئۆیڵ پرۆجێکتس، لەگەڵ کاربەدەستانی دیکە ئەنجامدرا بە پاڵپشتی دارایی خۆیان یان بە نرخێکی زۆر سنووردار."

جیهاد وتی قۆناغی داهاتوو نۆژەنکردنەوەی یەکەی سەلاحەدین 1 لەخۆدەگرێت، کە هەمان توانای هەیە، بەدوایدا تەواوی یەکەکانی دیکەش، تا ئەوکاتەی توانای تەواوی بەرهەمهێنانی پاڵاوگەکە دەگاتە زیاد لە 300,000 بەرمیل رۆژانە.

وتی بەگەڕخستنەوەی یەکەکان "بەرهەمی نیشتمانی به‌روبوومه‌كانی نەوت بەرزدەکاتەوە و یارمەتی عێراق دەدات تا ملیۆنان دۆلار بگێڕێته‌وه‌ کە پێشتر لە هاوردەكردندا خەرجیدەکرد"، وتیشی کە سوتەمەنی دەبەخشێتە وێستگەکانی کارەبای وڵات.

هه‌روه‌ها وتی: "ئەولەویەتی بەگەڕخستنەوەی یەکەکان لەسەر بنەمای رادەی ئەو زیانەیە کە بە هەر یەکەیەك گەیشتووە لەگەڵ بوونی ماددەی خاو لە وڵاتدا."

بەهێزکردنی ئابوری نیشتیمانی

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین، خالید خەزرەجی وتی: "کردنەوەی پاڵاوگەکە کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر دۆخی ئابوری بەتایبەتی لە پارێزگاکە و بەگشتی لە وڵاتدا."

بە دیارونای وت بەسەدان کارمەند لە پاڵاوگەکە دادەمەزرێنرێن و به‌رومه‌ نەوتییه‌ پێویسته‌كان دەبەخشێتە دانیشتوان و بەنزینخانەکان و هه‌روه‌ها سوتەمەنیش دەبەخشێتە وێستگەکانی کارەبا و محەویلەکانی کەرتی تایبەت.

وتی ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی دابینکردنی کارەبا لە پارێزگاکەدا.

خەزرەجی وتیشی ئاکامە ئابورییە ئەرێنیەکانیش ئابوری نیشتمانی بەهێزدەكه‌ن و ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ پێشئەوەی داعش بێجی بگرێت، پاڵاوگەکە له‌سه‌دا 60ی پێداویستیه‌كانی عێراقی له‌ به‌روبوومه‌ نه‌وتییه‌كان دابینده‌كرد.

وتی: "گەر دووبارە بەتەواوی کاربکاتەوە، خزمەتگوزارییەکی ئابوریی بەرچاو دەبەخشێتە پارێزگاکانی باکور."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500