http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2018/09/04/feature-05

×
×
سیاسەت |

رێککەوتنی ئێران و سوریا ئامادەیی پاسداران لە سوریا دەچەسپێنێت

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

وەزیرانی بەرگری سوریا و ئێران بەشداریده‌كه‌ن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دوای واژۆکردنی رێکەوتنێکی سەربازیی نوێ. [وێنەکە لە ماڵپەڕە سوری و ئێرانیەکانەوە وەرگیراوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبۆتەوە]

چەند رێکەوتنێکی سەربازیی نوێ کە لەنێوان دیمەشق و تاراندا واژۆکراون رەواییده‌ده‌ن بە ئامادەیی ئێرانیەکان لە سوریا، بەتایبەتی بەئامادەیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پسپۆڕێکی سەربازی وتی.

بە مەشاریقی وت ئەم رێکەوتنانە، کە دووشەممە (27 ئاب) واژۆکران، هەوڵێکی ئاشکرای پاسدارانه‌ بۆ مانەوە لە سوریا و خۆلادان لە داخوازییە نێودەوڵەتیەکان بۆ کۆتاییهێنان بە دەستوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە، لەنێویاندا سوریا.

ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران رایانگەیاند کە وەزیری بەرگری سوریا عەلی عەبدوڵا ئەیوب و هاوشانە ئێرانیەکەی ئەمیر حاتەمی رێکەوتنێکی هاریکاریی سەربازی و بەرگرییان لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژۆکردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیم، حاتەمی وتی رێکەوتنەکە ئامانجی "بەهێزکردنی ژێرخانی بەرگری سوریایە، كه‌ مسۆگه‌ركه‌ری سەرەکییە لە بەردەوامی و هێشتنەوەی ئاشتیدا".

حاتەمی وتیشی رێکەوتنی هاریکاریی سەربازی و بەرگری رێده‌ده‌ن بە بەردەوامی "ئامادەیی و بەشداریکردن"ی ئێرانیەکان لە سوریا.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ نوێنەری سەربازیی ئیران لە دیمەشق سێشەممە رایگەیاندووە راوێژکارانی سەربازیی وڵاتەکەی بەگوێرەی ئەو رێکەوتنی بەرگرییە لە وڵاتەکەدا دەمێننەوە.

عەمید ئەبولقاسم عەلینەژاد وتی: "لە رێکەوتنەکەدا پاڵپشتی یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەربەخۆیی سەروەریی سوریا جەختیان لێکراوەتەوە."

'بەتەواوی شه‌فافه‌'

پسپۆڕی ئەمنی و شیکاروانی سەربازی، لیوا عەبدولکەریم ئەحمەد، کە خانەنشینە لە سوپای میسردا، وتی: "رێکەوتنە سەربازییەکان زۆر رەهەندیان هەیە، بەڵام لەڕووی دۆخی سوریاوە ئەو هەنگاوە بەتەواوی ئاشکرایە."

بە مەشاریقی وت: "بێگومان ئەمە ئامانجی بەهێزکردنی بوونی پاسدارانە لە سوریا."

ئەحمەد وتی وەزیری بەرگری ئێران روونیکردەوە کە رێکەوتنەکان رێده‌ده‌ن بە "ئامادەیی و بەشداری"، کە مانای وایە چوارچێوەی یاسایی بەو ئامادەییە دەبەخشن تا خۆیان لابدەن لە داخوازییە نێودەوڵەتیەکان بۆ وەستاندنی دەستێوەردانی پاسداران لە ناوچەکە.

وتی هاریکاریی سەربازی ئاماژەیە بە ئامادەیی هەمیشەیی ئێران لە سوریا.

وتی جیا لەوەش، قسەکردن دەربارەی "بەرگری" بێگومان بەواتای هێنانی بنكه‌ی موشەکی کورتمەودا و درێژمەودا دێت لەگەڵ فڕۆکەی سەربازی -- ئامرازەکانی تۆقاندن کە لەلایەن ئێرانەوە لە ناوچەکە بەکاردەهێنرێن.

وتیشی: "هەرچەندە رێکەوتنە سەربازییەکان یاسایین و لەلایەن حکومەتەکانی هەردوو وڵاتەوە واژۆکراون، دەکرێت فشار بخرێتەسەر حکومەتی سوریا تا یەکلایەنە هەڵیانبوەشێنێتەوە چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە ئاسایشی ئەوەوە هەیە."

وتی: "بەڵام ئەمە بەمانای فشاری نێودەوڵەتی دێت لەسەر هەردوولا، بۆ کۆتاییهێنان بە ئامادەیی ئێران لە سوریا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
12

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha