هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

پاشماوەکانی داعش گوندە دوورەدەستەکانی دیالە دەکەنە ئامانج

عەلا حسێن لە بەغدا

گوندنشینەکان ماڵەکانیان جێدەهێڵن لە گوندی مەردان کە دەکەوێتە دەرەوەی شارۆچکەی خانەقین لە پارێزگای دیالە دوای ئەوەی کەوتنەبەر هێرشی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش). [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی سەما خانەقین]

گوندنشینەکان ماڵەکانیان جێدەهێڵن لە گوندی مەردان کە دەکەوێتە دەرەوەی شارۆچکەی خانەقین لە پارێزگای دیالە دوای ئەوەی کەوتنەبەر هێرشی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش). [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی سەما خانەقین]

شانە بچوك و لێکدابڕاوەکانی پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هێرشیانبردۆتە سەر چەند گوندێكی پارێزگای دیالە، هەرچەندە بەرپرسانی ئەمنی بە دیارونایان وت سوورن لەسەر لەناوبردنی دوا حەشارگەكانی گروپەکە.

زۆربەی هێرشەکان لە تاریکی شەودا ئەنجامدەدرێن لەلایەن شانەکانی داعشەوە کە سوود وەردەگرن لە دوورەدەستیی گوندەکان و کەمیی هێزە ئەمنیەکان.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، هۆشیار ئیسماعیل بە دیارونای وت: "هێرشە تیرۆریستیەکان کراونەتە سەر چەندین گوند لە دیالە، ژمارەیەکی زۆر قوربانی و ئاوارەبوونی چەندین هاوڵاتییان لێکەوتوونەتەوە."

ناوبراو وتی نوێترینشەپۆلی ئاوارەیی لە گوندی کوردیی مەردانەوە روویدا لە رۆخی شارۆچکەی خانەقین، باکوری دیالە.

وتی: "مەردان و گوندەکانی دەوروبەری لە رۆخی شارۆچکەکانی خانەقین و جەلاولا و قەرەتەپە دووچاری زیاتر لە 40 هێرش بوونەتەوە لە 10 مانگی رابردوودا و چەندین کوژراویان لێکەوتۆتەوە."

ئیسماعیل وتی ئەو ناوچانە لەبارن بۆ ئەو هێرشانە بەهۆی لاوازیی رەوشی ئەمنیەوە، چونکە هێزەکانی سوپا و پۆلیس زیاتر لە ناوەندی شارەکانن و ئەمەش رێگاوبانەکانی چواردەور و گوند و شارۆچکە دوورەدەستەکانی بەبێ پاراستن بەجێهێشتووە.

'هێرشە په‌رشوبڵاوه‌كان'

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، عەمید یەحیا رەسوڵ بە دیارونای وت لەڕێی ئەو "هێرشە په‌رشوبڵاوانه‌وه‌"، پاشماوه‌ی چەکدارانی داعش هەوڵدەدەن بوونی خۆیان بسەلمێنن و پەیامی ئەوە بدەن کە گروپەکە ماوە.

وتی ئەمە ئەو راستیە ناگۆڕێت کە لەڕووی سەربازییەوە تێكشکاون و داعش ئیتر توانای ئەوەی نەماوە شەڕی هێزەکانی عێراق بکات.

وتیشی: "هێزە ئەمنیەکان و هەوڵە هەواڵگریەکان پاشماوەکانی گروپەکە راوەدوودەنێن و گورزیان لێدەوەشێنن لە دەوروبەری دیالە و کەرکوك و سەڵاحەدین."

هه‌روه‌ها وتی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەی شەهیدان، کە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە لەو پارێزگایانە بەڕێوەدەچێت، پاشماوەکانی داعش و حەشارگەکانیان ده‌كاته‌ ئامانج لەو ناوچانەدا.

رەسوڵ جەختیکردەوە له‌وه‌ی "مەترسی تیرۆریستی بوونی هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزە ئەمنیەکانی عێراق سڵێاننەکردۆتەوە و ناشیکەن لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی تیرۆریزم."

وتیشی لە هەوڵدان بۆ گرتنی هەموو گوند و شارۆچکە دوورەدەستەکان، هەرچەندە ئەوە پێویستی بە کات هەیە لەگەڵ پاڵپشتی زیاتری خەڵك بۆ سوپای عێراق.

پاشماوەکانی داعش دەکرێنە ئامانج

شارەزای ستراتیژیی سەربازی، سەفا ئەعسام وتی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە لابەلایانە "عێراقیە سەرلێشێواوەکانن کە بەیعەتیاندا بە داعش ئەوکاتەی چەند شارێکیان گرت و رایانکرد بۆ شاخەکان و ناوچە دوورەدەستەکان دوای ئەوەی شکستیانهێنا".

به‌ مه‌زه‌نه‌ی ئه‌و "نزیکەی 600 چەکداری داعش رایانکردووه‌ بەرەو باکور بۆ ناوچە دوورەدەستە شاخاوییەکان" دوای شەڕەکانی رزگاری.

وتی هێزەکانی عێراق زانیاری هەواڵگرییان هەیە لەسەر زۆربەی چەکدارەکان و حەشارگەکانیشیان دەکەنە ئامانج لە دەوروبەری پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و کەرکوك و حەوزی حەمرین.

ئەعسام وتی هەروەها چەکدارانی داعش راوەدوودەنێن بە درێژایی ڕێگای نێوان بەغدا و کەرکوك، کە بەناو دوزخورماتوودا تێده‌په‌ڕێت لە پارێزگای سەڵاحەدین و هه‌روه‌ها به‌ناو شارەکانی دیالەدا.

وتیشی: "ئۆپەراسیۆنە سەربازیە بەردەوامه‌كان دژی ئەو گروپانە دەرەنجام چەندین گورزیان لە چەندین شوێنیان داوە و 16 حەشارگەی چەکیان گرتووە، ئەمە سەرباری کوشتن و ده‌ستگیركردنی ژمارەیەکیان."

هه‌روه‌ها وتی هێزەکانی عێراق هێشتا کاتیان پێویستە بۆئەوەی دەستیان بگاتە تەواوی پاشماوەکانی گروپەکە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ده‌سخۆش!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌