دوای چەند هێرشێك بۆ سەر هێڵەکانی کارەبا بۆئەوەی توانای عێراق کەمبێتەوە لە دابینکردنی پێداویستی کڕیارەکان لەسەرانسەری وڵاتدا، وەزارەتی کارەبا دەستیکردووە بە لەنزیکەوە کارکردن لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان بۆ پاراستنی ژێرخانە پێویستەکان.
هەرچەندە وەزارەتەکە مانگی رابردوو رایگەیاند توانای بەرهەمهێنانی 16,000 مێگاواتی هەیە، ئێستا دەڵێت هێرشەکان بۆ سەر هێڵی کارەبا بەردەوامن لە بڕینی گەیاندنی خزمەتگوزاریەکە بە هاوڵاتیان.
تۆڕی کارەبا به ناوچەیهكی زۆر فراواندا تێدهپهڕێت، كه بهزۆری كهوتۆته خاكی بیابانی و ناوچە دوورەدەستەکان كه پاراستنیان به رێکارە باوەکان سهختدهكات.
هێرشەکان و کردەی تێکدەرانە
وتەبێژی وەزارەتەکە، موسعهب مودەریس وتی له نیوەی یهكهمی ئەمساڵدا، نزیکەی 85 هێرش و کردەی تێکدەرانە هێڵەکانی کارەبایان لەسەرانسەری عێراقدا کردە ئامانج.
مودەریس بە دیارونای وت هەندێك لە هێڵەکان کەوتن دوای ئەوەی تاوەرەکانی کارەبا بەهۆی تەقهمهنی یان تەقەكردنی راستەوخۆوە زیانیان پێگهیشت.
وتی هێڵی کارەبا لەنێوان پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوكدا 13 جار پێکرا و هێڵی مەلا عەبدوڵا لە حەویجە (رۆژئاوای کەرکوك) 12 جار بە ئامانج گیرا و هێڵی کەرکوك و دیالەش هەشت جار پێکرا لەو ماوەیەدا.
وتی لە 2 ئاب، تیرۆریستەکان هێڵێکی کارەبای ڤۆڵتی بهرزیان تەقاندەوە لەنێوان پارێزگاکانی دیالە و کەرکوكدا لە ناوچەی ئینجانە.
ئەوەش بووە هۆی بڕینی کارەبا لە موسڵ و کەرکوك و لە چەند بەشێكی سەڵاحەدین، تا تیمە تەکنیکیەکان گهیشتن و ئەوەی تێکدرابوو چاكیانكردهوه و کارەبایان بۆ گهڕایهوه.
لە 3 ئاب، تەقینەوەیەك دوو تاوەری کارەبای کردە ئامانج کە کارەبایان دەدایە جووتههێڵەكانی نێوان دبس و رۆژئاوای کەرکوك.
دوو هێڵی ڤۆڵتی بهرزی دیکەی نێوان مەلا عەبدوڵا و حەویجە و نێوان دۆر و حەویجە، لە 4 ئاب تهقهیان لێكرا و ئەوەش وایەرەکانی زیانیگهیاند به وایهرهكان و بۆماوهیهك خزمەگوزارییەکەی وەستاند.
مودەریس وتی ئەو هێرشانە بەگشتی دەبنە هۆی بڕانی 400 بۆ 600 مێگاوات كارهبا و خزمەتگوزارییەکە دەوەستێنن.
رێکارەکانی رێگریکردن
مودەریس وتی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان، وەزارەتەکە چەندین هەنگاوی ناوە بۆ رێگریکردن لە کردنە ئامانجی ژێرخانەکە لەرێگای کارکردن لەگەڵ هێزە ئەمنیەکاندا.
وتیشی: "تیمه ئهمنییه گهڕۆكهكان ئێستا چاودێری ناوچەکە دهكهن بۆ رێگریکردن لە پێشێلکاری و هێرشەکان." جەختیشیکردەوە لهوهی هێزەکانی سوپا و پۆلیس هەرچی لە توانایاندا بێت دەیکەن بۆ پاراستنی هێڵەکانی کارەبا.
داوای لە بهكاربهرانیش کرد، بەتایبەتی ئەوانەی لەنزیك هێڵەکانەوە دەژین، دەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەر چالاكییهكی گوماناوی ئاگاداربکەنەوە.
سەرۆکی راگەیاندنی بەڕێوبەرێتی پۆلیسی وزە، نەقیب عەلی مالیکی، بە دیارونای وت هاوکاریکردن لەنێوان دەزگا ئەمنیەکاندا هەیە بۆئەوەی ئاستی مەترسییەکان کەمبکرێتەوە.
وتی بەڕێوبەرێتیەکە بەمدواییانە چەندین کۆبوونەوەی ئەنجامداوە لەگەڵ سەرکردە ئەمنیەکان، وەك فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە، بۆ تاووتوێکردنی رێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی سەر هێڵ و تاوەرەکانی کارەبا.
وتیشی سەرنجیان لەسەر هاوکاریکردنی دوولایەنەیە لەگەڵ وریایی و گرتنەبەری رێکاری پێشتر پلانبۆکراو.
وتی: "بەرپرسیارێتی پاراستنی هێڵەکانی کارەبا دەکەوێتەسەر شانی دەزگا ئەمنیەکان، چونکە پۆلیسی وزە ئەرکردارە بە پاراستنی وێستگهكانی مۆلیدەی کارەبا و بنكهكانی بهڕێوهبردن."
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه هێڵەکانی کارەبا لە سەرانسەری عێراقدا به ناوچهیهكی 23,000 کیلۆمەتر دووجادا تێدهپهڕن و "ئەوەش زۆر بەرفراوانە و سەختە تەنیا بە توانای مرۆیی بپارێزرێت، چونکە مانای ئەوەیە هێزێکی زۆر گەورە و بازگە و دەورییەی زۆرمان پێویستە بۆ پاراستنی".
پاراستنی ژێرخان
مالیکی گرنگی چاودێری مۆدێرن و ئامێرەکانی چاودێری خستەڕوو، وتی پێویستن بۆئەوەی هێڵەکانی کارەبا بە كاراییهكی زیاتر و بە توانای باشتر و نرخێکی گونجاو بپارێزرێن.
وتی زۆربەی هێرشەکان لە ناوچە دوورەدەستەکاندا ئەنجامدەدرێن و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه ئەندازیارەکان و تەکنیکارەکان بەگشتی دەتوانن ئەوەی زیانی پێدهگات لەماوەی دوو تا سێ رۆژدا چاکیبکەنەوە.
وتی دوای شکستی سەربازییان، چەکدارە توندڕەوەکان هەوڵیانداوە دەزگاکانی حکومەت بکەنە ئامانج بۆئەوەی رێگربن لەبەردەم هەوڵەکانی بنیاتنانەوەدا و وتیشی ئەو هەوڵانە سەرکەوتوونەبوون.
ئابووریناس ماجید سوهری وتی هێرشەکان لە دژی سێکتەری کارەبا پێدەچێت "هەوڵێك بێت بۆ لەناوبردنی ئابوری نیشتمانی و رێگریکردن لە گەشەسەندن."
سوهری بە دیارونای وت حکومەت بەتوندی بەرەنگاری ئهو هێرشە تیرۆریستیانه و تێکدەران بووەتەوە کە خزمەتگوزاری گشتی دەکەنە ئامانج.
وتی ئەمەش لەڕێی "زیادکردنی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری و پشتگیری هێزە ئەمنیەکان بە تەکنەلۆژیای مۆدێرن" ئەنجامدراوە.
وتیشی رێنەدان بە چەکی بێمۆڵەت و شەڕکردن دژی گەندەڵیش فاکتەری دیکەی گرنگن بۆ پاراستنی ژێرخانی دەوڵەت.