هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

پارێزگای ئەنبار سیستمی موختاریی دەژیه‌نێته‌وه‌

سەیف ئەحمەد لە ئەنبار

پیاوانی عێراقی لە ماڵێكی رەمادی پایتەختی پارێزگای ئەنبار پێکەوە ناندەخۆن لە 27 شوبات. [موعاز دلێمی / ئاژانسی فرانس پرێس]

پیاوانی عێراقی لە ماڵێكی رەمادی پایتەختی پارێزگای ئەنبار پێکەوە ناندەخۆن لە 27 شوبات. [موعاز دلێمی / ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەنبار سیستمی موختاریی دەگەڕێنێتەوە لە هەموو قەزاکانی پارێزگاکەدا لە هەوڵێكدا بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە کارگێڕییەکان، بەرپرسانی پارێزگا بە دیارونایان وت.

موختارەکان، کە کەسانی ناسراون و گوندێك یان گەڕەکێك بەڕێوەدەبەن، دەسەڵاتی ئەوەیان پێدەدرێت مامەڵەی مەدەنی بەڕێوەببه‌ن و ئەو فۆرمانە مۆربکەن کە دانیشتوان پێویستیانە.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار فەهد راشد بە دیارونای وت: "سەقامگیرکردنی ئەمنیەت لە شارەکانی ئەنباردا لە ئەنجامی هاریکاریی نێوان دانیشتوان و دەزگاكانی ئاسایشه‌وه‌ بەدەستهات."

وتی گەڕاندنەوەی سیستمی موختاریی لە ئەنبار بەگوێرەی یاسا چەسپێنراوەکان دەبێتە هۆی زامنكردنی به‌رده‌وامبوونی ئاسایش.

راشد وتی هەر موختارێك بەرپرسیار دەبێت لە دانیشتوانی گەڕەکێکی دیاریکراو، کە سنووری دیاریکراوی دەبێت.

وتی: "کاری موختار زۆر گرنگە و چاودێری ره‌وشی ئاسایشیش لەخۆدەگرێت، بەهۆی بوونی زانیاریی لەسەر هەر دانیشتوویەك."

بەهۆی زانیاری زۆریانەوە لەسەر ناوچەکە، موختارەکان دەتوانن ناسنامە و شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو كه‌سانه‌ دیاریبکەن کە مامەڵەی کارگێڕیی هه‌مه‌جۆر ئەنجامدەدەن و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدراوە کە فۆرمە حکومییەکان مۆربکەن.

وتی: "موختارەکان دانیشتووی ئەو ناوچانەن [کە خزمەتیان دەکەن] و هەموویان ریشسپین كه‌ ناسراون لەنێو کۆمەڵه‌كانیان و خێڵه‌كاندا."

وتی ئەرکەکانیان رێگرتن لە نیشتەجێبوونی هەر خێزانێك لەخۆدەگرێت کە مۆڵەتی ئەمنی فەرمی پێشتری نەبێت لەگەڵ هه‌وڵی چارەسەرکردنی ئەو ناكۆكیانه‌ی دروستدەبن.

کەسایەتیە ناسراوەکان

فەرماندەی فەوجی هەڵۆی بیابان عەقید شاکر ریشاوی بە دیارونای وت موختارەکان پەیوەندییان له‌ناو کۆمەڵه‌كانیاندا بەهێزە، چونکە زۆریان لە ئەنجومەنی خۆجێی و خێڵەکیەکاندا ئەندامن یان پەیوەندیی نزیکیان هه‌یه‌ به‌م ده‌زگایانه‌ و رێكخراوی مەدەنی دیکەوە.

وتی "لە ناوچەکانی خۆرئاوای ئەنبار، کاری موختارەکان هاریکاریی دەزگا خزمەتگوزارییەکانیش لەخۆدەگرێت،" ئاماژەشیکرد بەوەی دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە ئاسانکاریی بكه‌ن بۆ ئەنجامدانی کاروباری پەیوەست بە شارەوانیەکان.

وتی موختارەکان کاری وەك یاوەریکردنی تیمە تەندروستیە گەڕۆکەکانیش دەکەن لەکاتی ئەنجامدانی کوتان و یارمەتی دانیشتوان دەدەن لە وشیاركردنه‌وه‌ دەربارەی بابەتی وه‌ك تەندروستی گشتی و ئاسایش.

وتی: "موختاری هەر ناوچەیەکی ئەنبار مۆرێکی هەیە و لەکۆمەڵەكه‌ی خۆیدا پێگەی هەیە و راوێژ و رێنمایی پێشکەشدەکات دەربارەی مه‌سه‌له‌كانی تایبه‌ت به‌ ئاسایش و بواری مەدەنیەوه‌."

وتیشی بەگشتی موختارەکان هەر خێزانێك لە سنووری ناوچەی بەرپرسیارێتیان بێت دەیناسن، کە یارمەتیدەرە لە پاراستنی ئاسایشدا.

دانیشتووی فەلوجە حسێن موتەلیب نەعیمی بە دیارونای وت "ئەنبار له‌ رابردودا پشتیده‌به‌ست بە موختارەکان" بۆ پاراستنی ئاسایش، بڵاوکردنەوەی ئاگاداریی فەرمی و بڵاوکردنەوەی وشیاریی دەربارەی بابەتە مەدەنیەکان.

وتی پێشتر موختارەکان رێزیاندەگیرا و خەڵکی گوێیان بۆ دەگرتن.

لەئێستادا، کارەکانیان سەریکێشاوە بۆ لەخۆگرتنی چارەسەری کێشەی کەمئاوی و زامنكردنی دابەشکردنی غازی چێشتلێنان بەشێوەیه‌كی کاریگەر.

نەعیمی وتی: "موختار پێگەیەکی گرنگ و بەهەیبەتی هەیە لە کۆمەڵی خۆیدا، چونکە زۆربەی خێزانەکان دەچن بۆلای بۆ دەستکەوتنی زانیاری دەربارەی كه‌سێك كه‌ ره‌نگه‌ ببێته‌ بوك یان زاوایان."

هەروەها پشتیان پێدەبەسترێت بۆ دەستنیشانکردنی خێزانی کەمدەرامەت و خاوەن پێویستی کە پێویستیان بە پشتگیرییە بۆ ئەو کەس و رێکخراوانەی کە دەتوانن یارمەتییان بدەن.

دەسەڵاتپێدان

موختاری گەڕەکی ئەندەلوس مەحمود راوی وتی: "دەستنیشانکردنی موختار لەڕێگەی پاڵاوتنەوە دەبێت بۆ به‌رده‌م ئەنجومەنی ناحیه‌ و قه‌زاكان."

وتی هەر پاڵێوراوێك سەرەتا لەلایەن دەزگاكانی ئاسایش و ئەنجومەنە خێڵەکیەکانەوە په‌سه‌ندده‌كرێت.

وتی: "ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە موختاری گەڕەکی ئەندەلوسم، هەروەك پێشتر باوکیشم موختار بوو. کارمانکردووە بۆ گەیاندنی سکاڵا و داواكاریی دانیشتوان بە دەزگا حکومیەکان و هەوڵمانداوە ناكۆكی خێڵەکیەکان چارەسەربکەین."

راوی وتی: "هەر گەڕەك و ناوچەیەك لە رەمادی موختاری خۆی هەیە و کۆبونەوەی مانگانە دەکەین کە هەموو موختارەکان، ریشسپی و سەرکردە خێڵەکیەکان بەشداردەبن بۆ باسکردنی ئەو کێشە و بەربەستانەی روبەڕوی دانیشتوان دەبنەوە."

وتیشی: "ئێمە پاڵپشتی سەروەریی یاسا، شەڕی دژی تیرۆریزم و توندڕەوی دەکەین و بەردەگرین بە کاریگەریی خراپ پێش ئەوەی رۆبچێتە نێو کۆمەڵگەی ئەنبارەوە."

موختاری قەزای هیت لە خۆرئاوای رەمادی قەحتان نیمراوی وتی: "هەر ناوچەیەك لە ئەنبار دۆخی تایبەتی خۆی، فرەیی دانیشتوان و سنووری جوگرافی دیاریکراوی هەیە."

وتی بۆ نمونە گەڕەکەکانی هیت ناسراون بە خه‌سڵه‌تی خێڵەکی و موحافیزکاری ئاینی و بە تێکەڵاویی لادێ و ناوچە گوندنشینەکان.

نیمراوی وتی "بوونی خێڵ و ریشسپییەکان کە پشتگیریی کاری موختار دەکەن کارەکەی ئاسانتر دەکات،" کە دەبێتە پاڵپشت بۆ ئاسایش و خزمەتگوزاری باشتر و کارئاسانیی بۆ پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان حکومەت و دانیشتوان دەکات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500