هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

قائیم ئەمنیەتی باشتردەبێت و خێزانە ئاوارەکان دەگەڕێنەوە

عەلا حسێن لە بەغدا

لەگەڵ گەڕانەوەیاندا بۆ قائیم بەڵگەنامەی ناسنامەی خەڵکە ئاوارەکە دەپشکنرێت، لەکاتێکدا ئەو شارەی خۆرئاوای ئەنبار ئەمنیەتی باشتر بەخۆوه‌دەبینێت. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی فیرقەی 8ی پیادە]

لەگەڵ گەڕانەوەیاندا بۆ قائیم بەڵگەنامەی ناسنامەی خەڵکە ئاوارەکە دەپشکنرێت، لەکاتێکدا ئەو شارەی خۆرئاوای ئەنبار ئەمنیەتی باشتر بەخۆوه‌دەبینێت. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی فیرقەی 8ی پیادە]

شاری سنوریی قائیم لە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار ئەمنیەت و سەقامگیریی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و بەمدواییانە پێشوازیی لە سەدان ئاوارە کردۆتەوە.

قائیمقامی قائیم ئەحمەد دولێمی وتی سەرەڕای نزیکیی شارەکە لە سوریاوە، کە هێشتا پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) چالاکن، دۆخی نێو شارەکە "زۆر باشە".

تا رزگارکردنی لە 3 تشرینی دووەمی 2017، قائیم بەشێك بوو لە "ویلایەتی فورات"ی داعش (پارێزگای فورات)، کە شاری دیکەی تێدابوو لە بەری سنووری سوریا.

ناوچەکە بووبووە بنەکەیەك بۆ گروپەکە و شوێنی ئەنجامدانی هێرشەکانی بۆ سەر شار و پارێزگاکانی عێراق.

هێزە ئەمنیەکان لە 28 تەمموز یاوەری 119 خێزانی ئاوارە دەکەن کە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان لە قائیم لە کەمپی ئاوارەکانی حەبانیەوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی فیرقەی 8ی پیادە]

هێزە ئەمنیەکان لە 28 تەمموز یاوەری 119 خێزانی ئاوارە دەکەن کە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان لە قائیم لە کەمپی ئاوارەکانی حەبانیەوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی فیرقەی 8ی پیادە]

دوای دەرکردنی داعش، هێزەکانی عێراق بەقوڵایی بیابانەکەی دەوروبەریدا بڵاوبوونەوە، بۆ زامنکردنی سنوور لەگەڵ سوریا.

دولێمی بە دیارونای وت دۆخی ئەمنی لەوبەری سنوور، لە شاری دێرەزووری سوریا، کاریگەریی بۆسەر قائیم نابێت چونکە سنوورەکە "بەتەواوی زامنکراوە لەلایەن یەکەکانی سوپای عێراق و پاسەوانی سنوور و هێزە خێڵەکیەکانەوە".

وتی: "هەندێك رەنگە هێشتا نیگەران بن لەوەی ناوچەكه‌ی هاوسێی [قائیم] هێشتا شلۆقە و بەشێکی لەژێردەستی داعشدایە، بەڵام توانای هێزە عێراقیەکان بۆ سەپاندنی ئەمنیەت، هاریکاریی دانیشتوان و ئەو راستیەی کە داعش لەنێو خاکی سوریادا سێ کیلۆمەتر پاشەکشەی پێکراوە دڵنیایی دەبەخشێت."

ئاوارەکان دەگەڕێنەوە

فیرقەی 8ی پیادەی سوپای عێراق لە بەیاننامەیەکی 28 تەمموزدا گەڕانەوەی 119 خێزانی ئاوارەی بۆ قائیم راگەیاند لە کەمپەکانی حەبانیە بۆ ئاوارەکان.

بەیاننامەکە رایگەیاند كه‌ ئەوان رێگەیان پێدرا بگەڕێنەوە دوای ئەوەی زانیاریی شەخسییان پشتڕاستکرایەوە.

فەرماندە لە هێزەکانی حەشدی خێڵەکی لە قائیم، شێخ رەباح مەحەلاوی، بە دیارونای وت باشتربوونی دۆخی ئەمنی کاریگەریی هەبووە لە گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان لە کەمپەکانی ئاوارەکانەوە لە حەبانیە.

وتی گەڕانەوەی ئاوارەکان تەنیا ئەوانە ناگرێتەوە کە شارەکەیان بۆ هەڵاتن لە داعش جێهێشتبوو، بەڵکو ئەندامانی خێزانی ئاوارەی داعش لە کەمپی کیلۆ-8یش لەخۆدەگرێت، کە کوڕە داعشەکانیان رایانکردووە بۆ دەرەوەی وڵات.

وتی "ژمارەی گەڕاوەکان رۆژ بە رۆژ زیاددەکات" و ئاماژەشیکرد بەوەی فاکتەری سەرەکی رێگر لە گەڕانەوەی هەمووان دۆخی کەرتی خزمەتگوزارییە -- لەنێویاندا کەمی ئاو و کارەبا -- "نەك هەر بەربەستێکی ئەمنی".

گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان

ئەندامی لیژنەی ئابوری لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، فەهد میشعان داوای لە حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی دەستبەجێ بنێن بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخان و خزمەتگوزاری لە قائیم تا سەقامگیری لە شارەکە جێگیربێت.

بە دیارونای وت: "قائیم، وەك زۆربەی شارەکانی پارێزگای ئەنبار، بەهۆی داعش و دواتریش شەڕەکانی رزگارییەوە تێکشکابوو، پێویستی بە هەوڵی بنیاتنانەوەیە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی یان لەڕێی وڵاتە بەخشەرەکانەوە بێت."

وتی دەستپێکی پرۆژەکانی بنیاتنانەوە بێکاری لە شارەکە ناهێڵێت.

میشعان وتی: "تەنیا لە قائیم، دوو لە گەورەترین کارگەکانی ژێردەستی وەزارەتی پیشەسازی هەن -- کارگەی فۆسفاتی قائیم و کارگەی چیمەنتۆی قائیم، کە دەتوانن رێژەی له‌سه‌دا 40 بۆ له‌سه‌دا 50ی بێکارانی شارەکە لەخۆبگرن."

وتیشی ئەم کارگانە و ده‌زگا ئابورییەکانی دیکە لەکارکەوتوون، یان به‌هۆی ئەوه‌ی كه‌ ئه‌و هێڵە کارەباییانەی کارەبایان دەگەیەنیێ بڕاون، یان بەهۆی تاڵانکاریی داعشەوە. وتیشی دەتوانرێت "بەئاسانی چاکبکرێنەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500