هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

سەرۆكی شارەوانی: تەلەعفەر لەسەر رێگای بنیاتنانەوەیە

خالید تائی

ئۆتۆمبیلەکانی شارەوانی نەینەوا شه‌قامه‌كانی تەلەعفەر قیرتاوده‌كه‌ن، کە تێکدرابوون لەکاتی شەڕی دەرپەڕاندنی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا. [خاوەنی وێنە: شارەوانی نەینەوا]

ئۆتۆمبیلەکانی شارەوانی نەینەوا شه‌قامه‌كانی تەلەعفەر قیرتاوده‌كه‌ن، کە تێکدرابوون لەکاتی شەڕی دەرپەڕاندنی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا. [خاوەنی وێنە: شارەوانی نەینەوا]

ساڵێك دوای رزگارکردنی لە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، تەقەمەنیەکان لە شەقامەکانی شاری تەلەعفەری پارێزگای نەینەوا لابراون، سەرۆكی شارەوانیش دەڵێت ژیان بەرە بەرە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی.

شارەکە به‌سه‌ختی زیانی به‌ركه‌وت لەسەر دەستی داعشدا کە تەقەمەنی بێشوماری لە سەرانسەری تەلەعفەردا چاندبوو بەرلەوەی ئابی 2017 وەدەربنرێت.

سوپا دەستیکرد بە ئەرکی پاکردنەوەی شارەکە لە میندوابەدوای رزگارکردنی و 317 تەقەمەنییان پوچەڵکردەوە کە لەسەر شەقامەکان و لەناو چەندین ماڵدا چێندرابوون بە درێژایی شەش مانگ.

دانیشتوویه‌كی تەلەعفەر، تەحسین شێخ، بە دیارونای وت کێشەی زۆری هاتەڕێ دوای ئەوەی لە ئاوارەیی لە کەمپێكی باشوری موسڵ گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی سەرەتای ئەمساڵ.

دانیشتوانی تەلەعفەر لە دەرەوەی دوکانێك كۆبوونه‌ته‌وه‌، یه‌كسه‌ر دوای رزگارکردنی شارەکە. [خاوەنی وێنە: شارەوانی نەینەوا]

دانیشتوانی تەلەعفەر لە دەرەوەی دوکانێك كۆبوونه‌ته‌وه‌، یه‌كسه‌ر دوای رزگارکردنی شارەکە. [خاوەنی وێنە: شارەوانی نەینەوا]

وتی خزمەتگوزاری گشتی نەبوو، مەترسی تەقەمەنییە دەستکردەکان و مینەکانیش مابوون.

شێخ وتی ئێستا باشبوونی رەوشەکە بە چاوی خۆی دەبینێت.

وتی: "دڵنیابووم شارەکەمان بە خێرایی ئەو قەیرانە تێدەپەڕێنێت (...) هەرچەندە شتەکان ماویانە بگەڕێنەوە دۆخی جاران، باشتربوونی رەوشەکە تێبینیده‌كرێت."

وتیشی: "خزمەتگوزارییە گشتییەکان باشتربوون، دوکانەکان کراونەتەوە، خەڵك دەچنە دەرەوە و رەوشی ئەمنیش باش بووە."

خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان چاكراونه‌ته‌وه‌

سەرۆكی شارەوانی تەلەعفەر، عەبدولعال عەباس عوبەیدی بە دیارونای وت زۆربەی زۆری خزمەتگوزارییەکان کاردەکەن دوای چاکردنەوەی ئەو بەشانەیان کە خراپبوون.

وەك چاکردنەوەی بۆریەکانی ئاوی خواردن و وێستگه‌كانی وزە.

وتی: "بە توانای تەواوەتییانەوە کارناکەن، ئەمەش وایکردووە کەموکورتی هەبێت لە خزمەتگوزارییەکاندا، به‌ڵام رەوشەکە باشترە لە چەند مانگی رابردوو."

عوبەیدی وتی نەخۆشخانەی تەلەعفەر، کە ته‌نها نەخۆشخانەی شارەکەیە، دەرگاکانی کردۆتەوە بۆ نەخۆشەکان، بەڵام پێویستی بە دەرمان و پێداویستی پزیشكی و ستاف هەیە.

وتیشی: "150 قوتابخانە لە شارەکەدا هەن، 10 لەوانە بەتەواوی رووخاوون و ئەوانی دیکەش زیانیان به‌ركه‌وتووه‌." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ تائێستا لەسەدا 60 کارەکان بۆ چاکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان تەواوکراون.

زۆربەی ماڵەکان لە تەلەعفەر روخان یان وێرانبوون لە شەڕی دژی داعشدا.

رێخراوە نێودەوڵەتیەکان -- له‌وانه‌ رێخراوی كۆچی نێودەوڵەتی، کە 200 خانووی چاکكردۆتەوە --- هاوکاری حکومەتی ناوخۆییان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی ماڵەکان بۆئەوەی رێگەخۆشکەن بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان.

رێخراوە نێودەوڵەتیەکان هاوکاری دروستکردنەوەی قوتابخانەکانیشیان کردووە لەگەڵ پاکردنەوەی شەقامەکان و دابینکردنی ئامۆژگاری دەروونی و نۆژەنکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان.

خزمەتگوزارییە گشتییەکان 'جێی رەزامەندین'

ئەندامێكی ئه‌نجومه‌نی ناوخۆ، تاریق حسێن عەکریش، بە دیارونای وت تەلەعفەر بە "خێراییه‌كی باش" بەسەر کاریگەریەکانی داگیرکاری داعشدا سەردەکەوێت.

وتی: "نزیکەی نیوەی ئەوانەی لە شارەکە هەڵهاتن بۆ کەمپی ئاوارەکان لە موسڵ و هه‌رێمی كوردستان و تورکیا ئێستا گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان."

وتی بەپێی گریمانەکان، نزیکەی 20,000 خێزان هاتوونەتەوە بۆ شارەکە ، كه‌ "باشبوونی خزمەتگوزارییەکان و ئەمنییەت" هانی گەڕانەوەیان دەدات.

عەکریش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه‌ ئه‌و خزمەتگوزارییانه‌ی دابینکراون لە شارەکەدا جێگای رەزامەندین، "هەرچەندە ئەمە ئەوە نیە کە ئێمە هیواخوازین پێیبگەین و پێویستمان بە پشتگیرییە بۆ ئەوەی باشترین بۆ خەڵكەکەمان دابینبکەین."

وتیشی: "بۆ ئەمنییەت، کێشەمان نیە لەبەرئەوەی سوپا و پۆلیس پاسەوانیی تەواوەتی شارەکە دەکەن (...) دوکانەکان کراونەتەوە و خەڵك کاری رۆژانەیان بەڕێوەدەبەن بەبێ کێشە."

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، خەڵەف حەدیدی وتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی تەلەعفەر زۆر توند نەبوو وەك هەندێك شوێن، وەکو هەڵمەتی گرتنەوەی رۆژئاوای موسڵ.

حەدیدی بە دیارونای وت لەهەمانکاتدا تەلەعفەر وێرانکاری زۆری بەخۆوە بینی، چونکە وزە و تەندروستی و پەروەردە و خزمه‌تگوزارییه‌ شارەوانییه‌كان تێکچوون لەژێر دەستی داگیرکاریی داعش و لە کاتی شەڕی رزگاریدا.

وتیشی: "ئەو كه‌رتانه‌ ئێستا خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانەکە دابیندەکەن (...) هەرچەندە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی زۆر و گەشەپێدانی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان بە توانای تەواوەتییانەوە دابینبکەن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500