هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق لە حەشارگەیەکی داعش ده‌ده‌ن نزیك سنووری سوریا

خالید تائی

لەم وێنەیەدا کە 11 ئاب لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، ئۆتۆمبیلە سەربازییەکانی عێراق بیابانی هاوسنوور لەگەڵ سوریا ده‌پشكنن. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق]

لەم وێنەیەدا کە 11 ئاب لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، ئۆتۆمبیلە سەربازییەکانی عێراق بیابانی هاوسنوور لەگەڵ سوریا ده‌پشكنن. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق]

زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانی هێزە عێراقیەکان لە بیابانی ئەنباری نزیك سنووری سوریا بۆتە هۆی کوشتنی دەیان چەکداری رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، لەنێویاندا ئەو سەرکردانەی توانیبوویان لە سوریاوە دزەبکەن.

هێزێکی هاوبەش کە پێکهاتبوو لە سوپا و پۆلیس و خێڵەکان، بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی عێراقی و نێودەوڵەتی لە 7 ئاب هێرشێکی فراوانیان ئەنجامدا بۆسەر مۆڵگه‌كانی داعش نزیك گوندی ئوم وەز لە قەزای عەننەی ئەنبار.

فەرماندەیه‌كی هێزی خێڵەکیی ئەنبار، شێخ قەتەری سەمەرمەد، بە دیارونای وت هێرشەکە "لەسەر بنەمای هەواڵگریی ورد بوو، هه‌روه‌ها نهێنیش بوو".

وتی: "لەکاتی هێرشەکەدا چوار تونێل تێکشکێنران کە ئەندام و سەرکردەکانی داعش خۆیان تێدادەشاردەوە."

لەم وێنەیەدا کە 11 ئاب لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، ئەندامانی هێزی پاسەوانی سنووری عیراق ئەو چەکانە نیشاندەدەن کە لە هێرشێکدا بۆ سەر رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە نزیك سنووری سوریا دەستیانکەوت. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق]

لەم وێنەیەدا کە 11 ئاب لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، ئەندامانی هێزی پاسەوانی سنووری عیراق ئەو چەکانە نیشاندەدەن کە لە هێرشێکدا بۆ سەر رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە نزیك سنووری سوریا دەستیانکەوت. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق]

وتیشی هەموو ئەوانەی لەوێبوون -- بەخەمڵاندن 20 ئەندامی داعش -- لە هێرشەکەدا کوژران، یەکێکیان فەرماندەیەکی عێراقیی داعش بوو بەناوی محەمەد عەقیل، کە لە شامییه‌ی خۆرهەڵاتی ئەنبار بەرپرسی چەکدارانی داعش بوو.

سەمەرمەد وتی ژمارەیەك چەك و ئۆتۆمبیل لە هێرشەکەدا تێکشکێنران، لەنێویاندا چوار ئۆتۆمبیل کە ره‌شاشیان لەسەر جێگیرکرابوو، سێ چەکی سوك، 70 نیشانگر و چوار پشتێنی بۆمبڕێژکراو و بۆمبیش.

وتیشی هێزە ئەمنیەکان ئامادەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانیان "بە ورە و دلێرییەکی بەرزەوە" و نیشانیانداوە کە دەتوانن بگەنە هەر شوێنێك کە توندڕەوانی لێبێت، لە شار بێت یان بیابانەکان.

بەئامانجکردنی حەشارگەکانی داعش

کەمێك دوای ئۆپەراسیۆنەکە، هێزێك لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و کەتیبەی 8 و پاسەوانی سنوور، بەپاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێرشێکی دیکەیان کردەسەر داعش لە باکوری راوە لە خۆرئاوای ئەنبار.

قائیمقامی قائیم، ئەحمەد دولێمی، بە دیارونای وت: "سەرەتا، هێزەکانمان لەگەڵ گروپێك لە تیرۆریستان پێکیاندادا. دوای ئەوەی دەوریانگیرا، چوونە ناو ئەشكەوتێکەوە کە دواتر بە هێرشێکی ئاسمانی کرایە ئامانج."

وتی ئەمەش "هەشت تیرۆریستی کوشت، چوار ئۆتۆمبیل و شەش ماتۆڕی تێکشکان، شەش پشتێنی بۆمبڕێژکراویش دۆزرانەوە لەگەڵ هەندێك چەك و تەقەمەنی".

بەگوێرەی دولێمی، هێشتا بۆ داعش زۆر سەختە لەشوێنێکدا خۆی حەشاربدات یان بمێنێتەوە بۆ ماوەیەکی درێژ.

وتی ئەمە بەتایبەتی له‌ ناوچە بیابانیەکان بەدرێژایی باکوری فورات وایه‌.

ئاماژەشیکرد بەوەی كه‌ ئۆپەراسیۆنەکان بۆ دۆزینەوەی توندڕەوان لە ناوچەی فراوانی بیابان دەستیپێکردووە و هێرشی بەردەوامیش هەیە بۆ بەئامانجکردنی حەشارگەکانی داعش، کە سەخت دەبێت بۆ چەکدارانی گروپەکە بەئاسانی هاتوچۆبکەن بەبێ ئەوەی پێیانبزانرێت یان بەئامانج بکرێن.

هۆشداریشیدا كه‌ به‌ڵام ئەگەری ئەوەش هەیە ژمارەیەکی زیاتر لە توندڕەوان دزەبکەنە نێو بیابانی عێراقەوە لە سوریاوە، کە له‌وێ گروپەکە لەژێر هێرشدایه‌.

هەوڵەکانی ئەمینكردنی سنوور

پارێزگای ئەنبار 400 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ سوریا هەیە.

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، کەریم کەربولی، بە دیارونای وت هێزە ئەمنیەکان "کاردەکەن بۆ پڕکرندەوەی بۆشاییەکان و بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێكی تیرۆریستان بۆ دزەکردن، بەتایبەتی لە تاریکایی شەودا".

وتیشی: "خاکەکەمان ئەمینه‌ و هێزەکانمان ئامادەن په‌لاماری هه‌ر دزه‌كه‌رێك بدەن."

کەربولی وتی لە 10 ئابدا، کەتیبەی 8 رووبەڕووی گروپێك لە ئەندامانی داعش بووه‌وە کە هەوڵیاندەدا لە سوریاوە دزەبکەنە نێو قائیم نزیك گوندی بیر مەراسنە لە شارۆچکەی رومانە.

وتیشی: "ئەم گروپە تیرۆریستیە نۆ ئەندام بوون، حەوتیان لەکاتی رووبەڕووبوونەوەکەدا کوژران و دوانیان دەستیگرکران."

هێزە ئەمنیەکان بە دیارونایان وت لێکۆڵینەوە لەو دوو دەستبەسەرکراوە دەریخست كه‌ فەرماندەی داعش بوون و خەڵکی موسڵ بوون.

لەکاتی دانپێدانانیاندا بۆ لێکۆڵەرانی کەتیبەی 8، ئەو دووانە پشتڕاستیانکردەوە كه‌ شانەکەیان دزەیانکردە نێو عێراقەوە "بە فەرمانی ناوەندی لە سەرکردایەتی داعشەوە".

وتیان رێنمایی کراون كه‌ بۆ ماوەیەکی زۆر لە بیابانی ئەنبار نەمێننەوە، بەڵام دەستبەجێ بچنە ئەو شوێنانەی کە وادەبینرێت ئەمنیەتیان لاوازە، وەك ناوچە دوورەدەستەکانی پارێزگای سەلاحەدین، لە ئامادەکارییدا بۆ شەپۆلێك له‌ هێرشكردن.

ژمارەیەك راپۆرتی رۆژنامەوانی لە 12 ئاب وتەی بەرپرسە سەربازییەکانیان بڵاوکردەوە کە پشتڕاستیانکردەوە "دەیان تیرۆریست" کوژراون لە بیابانی خۆرئاوای ئەنبار.

لەنێویاندا چەکدارانی عێراقی و بیانیی داعش هەبوون لەگەڵ كه‌سانی دی لە گروپێکی سەربە قاعیدەی ناسراو بە "پارێزەرانی ئایین"کە لە شەڕی سوریادا به‌شداره‌.

کەربولی وتی حکومەتی عێراق بەردەوامە لە پاڵپشتیكردنی هەوڵەکانی دۆزینەوەی توندڕەوان و بەرگرتن بە دزەکردنیان لە سوریاوە و ئاماژەشیکرد بەوەی شارەکانی ئەنبار ئەمنیەتیان زیاتر بووە بەهۆی ئەم هەڵمەتانەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500