ئاساییش |

2018-08-10

فەرەنسا هاوکاری عێراقی و سوریەکان دەکات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی له‌دوای داعش

Di icons tw 35 Di icons fb 35

وەفدێکی فەرەنسی سەردانی زانکۆی موسڵ دەکات و فەرەنسا لەگەڵ حکومەتی عێراقیشدا رێکەوتنی کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی زانکۆکە. [خاوەنی وێنە: کەریم یونس، سەرۆکی پەیوەندییەکانی راگەیاندنی زانکۆی موسڵ]
وەفدێکی فەرەنسی سەردانی زانکۆی موسڵ دەکات و فەرەنسا لەگەڵ حکومەتی عێراقیشدا رێکەوتنی کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی زانکۆکە. [خاوەنی وێنە: کەریم یونس، سەرۆکی پەیوەندییەکانی راگەیاندنی زانکۆی موسڵ]

فەرەنسا پشتگیری شارە عێراقی و سوریەکان دەکات کە لەده‌ست "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکراون لەڕێی بەخشینی هاوکارییه‌وه‌ بۆ پاکردنەوەی مین و نۆژەنکردنەوەی ئەو ژێرخانەی لە شەڕەکانی دژی داعشدا زیانیان پێگەیشتووە.

دەزگای چالاکی مینی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا 25 تەمموز رایگه‌یاند كه‌ حکومەتی فەرەنسا 500,000 یۆرۆ (590,000 دۆلار)ی ته‌رخانكردووه‌ بۆ كاروباری نه‌هێشتنی مه‌ترسییه‌كانی تەقەمەنی وەك پشتگیرییه‌ك بۆ هەوڵە مرۆییەکان بۆ دابینکردنەوەی ئارامی لە عێراقدا.

بەم پشتگیرییە لە فەرەنساوە، دەزگاکە دەتوانێت تواناکانی بەرفراوان بکات بۆ ئەنجامدانی پشكنین و پاکردنەوەی ئه‌و ناوچە رزگارکراوانه‌ی مەترسی تەقەمەنیەکانیان تێداماوە لە ئەنبار و نەینەوا و کەرکوك و سەڵاحەدین و دیالە.

به‌گوێره‌ی بەیاننامەكه‌، بوونی تەقەمەنی مەترسیدار، وەك تەقەمەنیە دەستکردەکان لە ناوچە رزگارکراوەکاندا له‌ دەست داعش بەردەوام بەربەست دەبن لە هەوڵەکانی دابینکردنی ئاسایش و ئارامی تا ئەو کاتەی لادەبرێن و مەترسییان نامێنێت.

هه‌روه‌ها بەهاوکاری بەڕێوبه‌رێتی چالاکی مین، هۆشیاریش ده‌رباره‌ی مەترسییەکان دابیندەکات بۆ ئەوانەی لەو ناوچە رزگارکراوانەدا دەژین یان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان کە پڕن لەو تەقەمەنیە مەترسیدارانە.

بەڕێوبەری باڵای پرۆژەکان لە دەزگاکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێهر لۆدهامەر، وتی ئەم یەکەم هاوکارییەی فەرەنسا "دەرەنجامێکی زۆر جیاوازی" بۆ کارەکانیان دەبێت.

وتی: "نەك تەنیا هاوکاری هەوڵەکانی دەزگاکە دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هه‌ڕه‌شه‌ی تەقەمەنیە مەترسیدارەکان، به‌ڵكو هاوکاری گەڕانەوەیەکی ئه‌مین و شکۆمەندانەی ئاوارەکانیش دەکات."

فەرەنسا 'پابه‌نده‌ به‌ پشتگیریكردنی نەینەواوه‌'

بەرپرسانی فەرەنسا بەم دواییانە چەندین جار سەردانی ناوچە رزگارکراوەکانی عێراقیان کردووە، وەك سەردانەکەی 8 تەمموز بۆ موسڵ کە تێیدا لەگەڵ بەرپرسە ناوخۆییە عێراقیەکان باسیان لە میکانیزمەکانی باشکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان کرد لە شارەکەدا.

راوێژکاری پارێزگاری موسڵ دورەید حیکمەت وتی: "فەرەنسییەکان دڵسۆزی خۆیان نیشانداوە به‌وه‌ی كه‌ هەموو شتێك ده‌كه‌ن کە لە دەسەڵاتیاندا بێت بۆ پارێزگاکەمان بۆئەوەی ئەو بەربەستانە نەهێڵێن کە رێگرن لە بنیاتنانەوە."

حیکمەت بە دیارونای وت فەرەنسا کۆمەکی دارایی داوە بۆ لابردنی تەقەمەنیەکان و چاکردنەوەی بیناکانی سێکتەری خزمەتگوزاری کە زۆربەیان لە رۆژئاوای موسڵن، بەتایبەتی به‌شه‌ دێرینه‌كه‌ی شاره‌كه‌.

وتی: "زۆر پێزانینمان هەیە بۆ ئەو بەخشندەییه‌ و چاومان لەڕێیە بۆ هاوكاریكردنی ئه‌رێنیی زیاتر له‌گه‌ڵیان."

فەرەنسا ئێستا کاردەکات لەگەڵ حکومەتی ناوخۆیی نەینەوا و پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی زانکۆی موسڵ بە 2.5 ملیۆن یۆرۆ (3 ملیۆن دۆلار).

شارەزایی تەکنیکی و پیشه‌ییش دەدات بە دەزگا پزیشكیه‌كانی عێراق، بەتایبەتی لە بواری چارەسەرکردنی شێرپەنجە و ئاساییكردنه‌وه‌ی باری دەروونیدا بۆ قوربانیەکانی تیرۆریزم.

پارێزگاری نەینەوا، عەبدولقادر سنجار، 8 تەمموز رایگەیاند كه‌ فەرەنسا فڕۆکەخانەی موسڵیش لە 13 مانگدا تەواو دەکات، کە لەسەر رێکەوتنێك وەستاوە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا.

'هاوبەشیكردن'

ئەندامی لیژنه‌ی خزمەتگوزاریەکان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نەینەوا، حوسامه‌دین عەبار، وتی داعش میراتێکی تاریکی وێرانکاریی بەجێهێشتووە کە زۆربەی بواره‌ گشتیەکانی گرتۆتەوە، کە راستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لەسەر ژیانی خەڵك و ماڵ و موڵکیان.

عه‌بار بە دیارونای وت: "بنیاتنانەوەی زۆربەی شارەکانمان کارێکی ئاسان نیە. به‌ڵام لەوانەیە هێشتا بتوانین سەرکەوین بەپشتگیریی وڵاتانی تر."

وتی: "فەرەنسا هاوکاریی کردووین بە هێزی ئاسمانی و چاودێریکردنی ئاسمانی و تۆپخانەکانی بۆ ئەوەی ناوچەکانمان لە دەست داعش بسێنینه‌وه‌." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ ئەو پشتگیرییە "فاکتەری سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن".

عەبار وتی پشتگیری فەرەنسا كۆتایی نه‌هات لەگەڵ کۆتایی شه‌ڕه‌كه‌، چونکە وڵاتەکە چالاکانە راهێنان بە هێزەکانی عێراق دەکات و بیناکانی دەزگا خزمەتگوزاریەکانیش چاکدەکاتەوە.

وتیشی: "ئێمە هیواخوازین پەیوەندیە دوولایەنەکانمان قوڵترببنەوە."

فەرەنسا هاوکاری مەدەنیەكانی سوریا دەکات

لەودیو سنوور لە سوریا، فەرەنسا بەهەمانشێوە کاری زۆر دەکات بۆ پاراستنی دانیشتوانی ئه‌و شارانه‌ی لە داعش رزگارکراون.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا 24 تەمموز رایگه‌یاند كه‌ هێزەکانی فەرەنسا هاوکاری لابردنی 5،000 مینیان کردووە کە نەتەقیبوونەوە لە 18 گوند لە ده‌وروبه‌ری رەقە و حەسەکە و دێرەزوور.

وەزارەتەکە رایگه‌یاند: "پشتگیری بۆ 10 بنکەی تەندروستیش چووە لەگەڵ نەخۆشخانە مەیدانیەکان و پرۆگرامی راهێنان بۆ كارمه‌ندانی بواری پزیشكی."

فەرەنسا بەردەوامە لە دابینکردنی هاوکاری مرۆییش بۆ سوریەکان و لە 23 تەمموز 50 تەن هاوکاری دا بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی بەسەر مەدەنیەکاندا دابەشیبکات.

هاوکارییەکە بەشێکە لە 50 ملیۆن یۆرۆ (58 ملیۆن دۆلار) له‌ کۆمەكی خێرا كه‌ فەرەنسا له‌ نیشاندا بەڵێنیدا بیداتە سوریا.

چالاکوانێكی سوری کە لە هەرێمە کوردیەکەی عێراق دەژی، مەدینە موسا، بە دیارونای وت: "هیچ سورییەك کە توانیبێتی هەڵبێت لە تیرۆریزمی داعش، ناتوانێت نكوڵیبكات له‌ رۆڵی ئەرێنی فەرەنسا و هەوڵەکانی بۆ بوژاندنه‌وه‌ی شارەکان."

وتی بەڵگەی روون هه‌یه‌ بۆ ئه‌و کارانه‌ی فەرەنسا ده‌یكات بۆ ده‌ستنیشانكردنی مەترسییەکانی تەقەمەنی و پاشماوەكانی شه‌ڕ و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ فەرەنسا كۆمه‌كی پششكه‌شكردووه‌ به‌ "هەزاران مەدەنی تا بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و لە گەڕەکەکانیاندا نیشتەجێببەنەوە".

وتیشی: "هه‌رچی چالاکیه‌كانی کۆمەکبه‌خشینیشه‌، فەرەنسا ئەرکی دابینکردنی خۆراك و دەرمان و کەلوپەلە مرۆییەکانی بۆ دانیشتوانە مەدەنیه‌کە خستۆتە ئەستۆی خۆی لەگەڵ هاوکاریکردنی بنیاتنانەوەی شارەکان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 Di icons no

0 كۆمێنت

* واتە ئەم خانەیە پێویستە
Captcha