هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

هێزەکانی سوریای دیموکرات خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ مەدەنیەکانی هەجین دابیندەکەن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

تیمێکی تەندروستی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەرمان دابەشدەکات بەسەر ئاوارەکانی ناوچەی هەجیندا کە لە کەمپێك لە شارۆچکەی بەحرە دەمێننەوە. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

تیمێکی تەندروستی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەرمان دابەشدەکات بەسەر ئاوارەکانی ناوچەی هەجیندا کە لە کەمپێك لە شارۆچکەی بەحرە دەمێننەوە. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

لەکاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە پشتگیری دەکرێن، ئامادەکاری دەکه‌ن بۆ هێرشکردنە سەر دوا مۆڵگه‌ی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە رۆژهەڵاتی سوریا، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەوڵی زۆر دەدەن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و کۆمەك بۆ ئەوانەی لە ناوچەکە هەڵدێن.

عەمید فرێدریك پاریسۆت، کە سەرۆکایەتی ئۆپەراسیۆنە مەدەنی و سەربازییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات دژی داعش لە عێراق و سوریا، لە 24 تەمموز وتی داعش ناوچەیەکی لەژێردەستدایە کە 30 بە 10 کیلۆمەترە لە رۆژهەڵاتی سوریا.

ئەو شوێنە دەکەوێتە پارێزگای دێرەزوور، هەروەها شارۆچکەی هەجین لەخۆدەگرێت، کە 50 کیلۆمەتر لە سنووری عێراقەوە دوورە.

بنکە پزیشكیه‌ گەڕۆك و جێگیره‌كان

شارۆچکەی هەجین بەردەوام ئاوارەی لێوەدێت بۆ ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لەوێش تیمەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێداویستی تەندروستی و کەلوپەلی دیکەی کۆمەك بۆ ئاوارەکان دابیندەکەن.

پیاوێکی ئاواره‌ پۆستەرێکی بەدەستەوەیە کە هۆشیاری دەدات لەسەر مەترسی مین و لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بڵاوکراوەتەوە لە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەدا لە دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

پیاوێکی ئاواره‌ پۆستەرێکی بەدەستەوەیە کە هۆشیاری دەدات لەسەر مەترسی مین و لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بڵاوکراوەتەوە لە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەدا لە دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مستەفا بالی بە دیارونای وت ئاوارەکان خزمەتگوزاری پزیشكی و فریاكه‌وتن و خۆراك و کۆمەکیان بۆ دابیندەکرێت لەلایەن بنکە پزیشكیه‌ گەڕۆك و جێگیره‌كانه‌وه‌.

وتی: "بنکە پزیشكیه‌كان لەو ناوچانەن کە ئاوارەکانی هەجین بەشێوەیەکی کاتی یان بە بەردەوامی تێیدا کۆبوونەتەوە، وەکو ئەو کەمپەی کە لە نزیك شارۆچکەی بەحرە دروستکراوە و زیاتر لە 1,000 ئاوارەی لێیە."

وتی خزمەتگوزارییە پزیشكیه‌كان بریتین لە پشکنینی تەواوەتی و دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشەکان، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

بالی وتی ئەو خزمەزتگوزارییانە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات وئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوورەوەدابینکراون بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

وتیشی تیمەکان هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی هؤشیاریش بەڕێوەدەبەن لەسەر پاکوخاوێنی بۆئەوەی رێبگرن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا.

وتی هەڵمەته‌کان هۆشیاری بڵاودەکەنەوە لەسەر مەترسی مین و ئه‌و هەنگاوانه‌ی پێویستن بۆ رووبەڕووبوونه‌وه‌یان.

بالی وتی هەندێك لە تیمە پزیشكییه‌كان جێگیرکراون لەناو کەمپی ئاوارەکاندا و ئەوانی دیکە گەڕۆكن و خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەو خێزانانە دابیندەکەن کە لە کەمپە نافەرمییەکاندا دەژین.

هاوپەیمانان رێگا بۆ رێخراوە کۆمەکبەخشەکان دەکه‌نه‌وه‌

بەرپرسی مانگی سووری کوردی لە عەفرین، ئازاد دودێکی، وتی سەرباری بەربەستی چوونە ناو هەرێمی دێرەزوور بۆ ئەو رێخراوانەی کۆمەكی مرۆیی دەبەخشن، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رێگای بۆ ئه‌و گروپانه‌ کردۆتەوە كه‌ لەگەڵ رێکخراوی منداڵانی سه‌ربه‌ نەتەوە یەکگرتووەکان، یونسێف، كارده‌كه‌ن.

دودێکی بە دیارونای وت ئەو گروپانە "هاوکاری تەندروستی بۆ منداڵان دابیندەکەن لەڕێی هەڵمەتەکانیانه‌وه‌ دژی نەخۆشی پۆلیۆ."

وتی ئەو هەڵمەتانە بە هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات بەڕێوەدەچن، کە تیمە پزیشكیه‌ گەڕۆکەکان دەپارێزێت لە چوون و هاتنیان لەنێوان ئاوارەکان و کەمپە نافەرمییەکاندا.

دودێکی وتی: "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆتۆمۆبیلی فریاکەوتنیشی دابینکردووە بەتایبەتی بۆ هەرێمی دێرەزوور."

وتی ئەنجومەنی مەدەنیی دێرەزوور پێنج لە ئۆتۆمبیلەكانی فریاکەوتنی داوە بە لیژنه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان و وتیشی ئۆتۆمبیلەکانی فریاکەوتن خزمەتی دانیشتوانەکە و ئاوارەکانیش دەکەن.

کۆمەك بۆ هەمووان

ئەوانەی لە زۆنه‌كانی شەڕ هەڵدێن لە ناوچەی هەجین -- بەتایبەتی لە شارۆچکەکانی هەجین، شەعفا، سوسا و باغوز تەحتانی -- خۆیان هەڵدێن یان لەڕێی ئەو رێڕه‌وانه‌ی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردویاننەتەوە و ئه‌مینیان كردوون لە بیابانەکەدا.

چالاکوانێكی بواری میدیا لە حەسەکە، عەمار ساڵح، بە دیارونای وت: "کۆمەك و خزمه‌تگوزاری پزیشكی كه‌مێك سەختە چونکە ژمارەیەکی زۆر كارمه‌ند پێویستن."

وتی ئه‌و ئاوارانه‌ی بە رێڕه‌وه‌ مرۆییەکاندا دێن یەکسەر چاودێری پزیشكییان بۆ دابیندەکرێت و وتیشی پشکنینی پزیشكیشیان بۆ دەکرێت و هاوکاریی خێراش دابیندەکرێت بۆ ئەوانەی پێویستیانە.

هه‌روه‌ها وتی: "زیاتر لەوەش، ده‌رمان ده‌درێت به‌وانه‌ی نەخۆشی درێژخایەن، فشارێكی خوێنی تایبه‌ت، شەکرە یان نەخۆشی دڵیان هه‌یه‌."

ساڵح وتی بۆ ئەوانەی بەبێ هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵدێن، تیمە پزیشكیه‌ گەڕۆکەكان و تیمەکانی کۆمەك سەردانی کەمپە نافەرمییەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی ئاگاداریان بن.

وتیشی ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوور، بە هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات، کاریش دەکات بۆ ئەوەی تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو چاکبکاتەوە.

هه‌روه‌ها وتی ئەوەش رێگای کردۆتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی کشتوکاڵ لەو ناوچانه‌ی لە داعش رزگارکراون و ئۆپەراسیۆنەکانی پاکردنەوەی مین تێیاندا کۆتایی هاتووە.

وتی ئەنجومەنەکە ئامێری قورسی هێناوە بۆ لابردنی خۆڵوخاشاك و پاشماوەكانی شه‌ڕ و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ "ئەو خزمەتگوزارییانە پێویستن، بەتایبەتی لەو ناوچانه‌ی خەڵك تێیاندا نیشتەجێن".

وتی ئەنجومەنە ناوخۆییەکان بە تەواوی هاوکاری ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوور دەکەن لەو هەوڵانەدا و وتیشی ئەنجومەنەکە و هێزەکانی سوریای دیموکرات رێیان پێدراوە کۆمەك وەربگرن و خزمەتگوزاری بۆ هەرێمەکە دابینبکەن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

خودا خێزانه‌كه‌تان بپارێزێت!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌