هێزەکانی رژیمی سوریا پێنجشەممە (9 ئاب) پێگەکانی ئپۆزسیۆن و توندڕەوانیان لە پارێزگای ئیدلیبی باکوری رۆژئاوا تۆپبارانکرد هەرکە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دانوستانی کرد بۆ دوورکەوتنەوە لە "رشتنی خوێنی مەدەنیان" لەو دوایین قەڵا سەرەکیەی ئۆپۆزسیۆندا لە سوریا.
رۆژنامەوانێکی ئااژنسی فرانس پرێس پێنجشەممە وتی ههلیکۆپتەرەکانی حکومەت بهیاننامەیان بەسەر شارۆچکەکانی دەوروبەری رۆژهەڵاتی ئیدلیبدا فڕێدایە خوارەوە و داوایان لە خەڵك کرد خۆیان بەدەستەوە بدەن.
بهیاننامهكان کە بە مۆری سەربازی ئیمزاکرابوون، رایانگهیاند: "ئێمە داواتان لێدەکەین پەیوەندیبكهن بە ئاشتەوایی نێوخۆییەوە ههروەك زۆربەی خەڵکی سوریا کردیان."
رێکەوتنه هاوشێوەكانی خۆبەستەوەدان بەزۆری رادەستکردنی ناوچهكانی ژێردهستی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان بە سوپای حکومەت بەخۆوەدەبینن لەبەرامبەر راگرتنی تۆپباران و گەڕانەوەی دامودەزگاکانی حکومەت و پێدانی ههلێك بۆ ئەوەی یان پەیوەندی بە حکومەتەوە بکەن یان بە پاس لەناوچەکە ببرێنه دەرەوە.
بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ بەیانی پێنجشەممە تۆپباران و موشەکبارانێکی خەست ناوچهكانی دەوروبەری جسر شوغوری گرتەوە کە ناوچەیەکی سەرەکییە لە بەشی باشوری رۆژئاوای پارێزگاکە.
سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی: "تۆپبارانەکە ئامادەکارییە بۆ هێرشێك بەڵام تا ئێستا هیچ پێشڕەوییەکی زەمینی ئەنجامنەدراوە."
وتیشی: "هێزهكانی پشتگیریی رژێم به کەلوپەل و سەرباز و ئۆتۆمبێل و تەقەمەنییهوه لە سێشەممەوە گەیشتوون."
ئەوانە بەسەر سێ بەرەی ژێردەستی رژێمدا دابەشکراون، لەنێویاندا پارێزگای لازقیەی هاوسێی لە رۆژئاوای جسر شوغور، لە دەشتی سەهل غابی باشوری ئیدلیب و لە ناوچەیەکی بچوکی باشوری رۆژهەڵاتی پارێزگاکە کە لە پێشترەوە لەژێردەستی حکومەتدایە.
رۆژنامەی ئەلوەتەن، کە لە حکومەتەوە نزیکە، پێنجشەممە رایگەیاند هێزەکانی سوپا بۆمبارانی پێگەکانی ئۆپۆزسیۆن و توندڕەوانیان لەناوچەکەدا کردووە.
ئیدلیب، کە لە 2015وە لەژێردەستی حکومەت دەرچووە، لەسەر سنووری تورکیا هەڵکەوتووە بەڵام لەلاکانی ترەوە تاڕادهیهك بەتەواوی بە ناوچهكانی ژێردەستی حکومەت دەورەدراوە.
نزیکەی لەسەدا 60 پارێزگاکە ئێستا لەژێردەستی هاوپەیمانی توندڕەوی تەحریر شامدایە، لەکاتێکدا بەشەکەی تری لەژێردەستی گروپه ئۆپۆزسیۆنەکاندایە.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدهدات لە 'خوێنڕشتن' لە ئیدلیب
نەتەوە یەکگرتووەکان پێنجشەممە رایگهیاند كه دانوستانی بەپەلە پێویستە بۆ دوورکەوتنەوە لە "رشتنی خوێنی مەدەنییان" لە ئیدلیب.
بەرپرسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، جان ئێگەلاند، لە جنێف بە رۆژنامەوانانی وت: "ناکرێت رێگەبدرێت شەڕ بەرەو ئیدلیب بچێت."
ئێگەلاند وتی "هیواخوازە" هەوڵە دیپلۆماسیەکان کە بەردەوامن رێگەبگرن لە هێرشێکی سەرەکی زەمینی کە سەدان هەزار کەس ناچار بە هەڵهاتن دەکات.
وتیشی "بارودۆخ ئێستا خراپە" لە ئیدلیب بەڵام "دهتوانێت 100 بهرابهر خراپترببێت".
هەروەها وتی ئۆپەراسیۆنێکی سەرەکی سەربازی لە ئیدلیب بارودۆخێکی خراپی مرۆیی دەخوڵقێنێت چونکە هیچ ناوچهیهكی ژێردهستی ئۆپۆزسیۆن لەسوریادا نەماوە کە بتوانرێت خەڵكی بۆ بگوازرێتەوە.
وتیشی: "ناتوانم مهزهنهی گواستنەوەی خەڵك بكهم بۆ ناوچەکانی تری ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن." رونیشیکردەوە كه پلانی فریاگوزاری دانراون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵێك سیناریۆدا.
ئێگەلاند وتی لە کۆبوونەوەی پێنجشەممەی ئهركه مرۆییهكاندا باڵوێزەکان بژراندەکانیان تاووتوێکرد بۆ خێراکردنی کۆمەك له حاڵهتی هەر رووداوێکی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی زیاتردا و ئاماژەشی دا بەوەی "زۆر سەختە کە خۆراك بۆ خەڵکی زیاتر دابینبکرێت و هیچ داڵدهیهكی (تریش) لهبهردهستدا نیە" له ناوچهكه.
وتیشی شێوازی رێکەوتنی خۆبەدەستەوەدان کە لە شوێنەکانی تر لەماوەی شەڕی سوریادا ئەنجامدرا، دەتوانرێت لە ئیدلیبیش جێبەجێبکرێت بۆ پاراستنی ژیانی مەدەنیهكان.
دهیان کەس دەستگیرکران
تەحریر شام چەندین کەسایەتی لە پارێزگاکە دەستگیرکردووە کە دانوستانیان لەگەڵ رژێمدا کردووە.
بەگوێرەی ئاژانسە میدیاییەکانی سەربە تەحریر شام، بەرەبەیانی پێنجشەممە گروپەکە چەند کەسایەتییەکی لە گوندەکانی باشوری رۆژهەڵاتی ئیدلیب دەستگیرکردووە و بە "سەرکردەی خیانەتکاری" ناوزەندکردوون.
روانگەکە رایگەیاند كه زیاتر لە 100 دەستبەسەرکردنی هاوشێوەی تۆمارکردووە لەلایەن هاوپەیمانێتیەکە و هێزە ركابهرهكانیهوه تەنیا لەم هەفتەیەدا.
پارێزگای ئیدلیب شوێنی نیشتهجێی نزیکەی 2.5 ملیۆن کەسە، لەنێویاندا شەڕکەرانی ئۆپۆزسیۆن و ئەو مەدەنیانەی بەکۆمەڵ بۆی گوێزراونەتهوە لە ناوچهكانی ترەوە کە کەوتنەدەست هێزەکانی سوریا دوای هێرشی چڕوپڕ.
پارێزگاکە ساڵی رابردوو وەك یەکێك لە چوار هەرێمی "هێورکردنەوە" ناسێنرا کە دەبوایە توندوتیژی تێدا کەمببێتەوە پێش ئەنجامدانی ئاگربەستێکی سەرانسەری.
ئەوە تاکە هەرێمی هاوشێوەیە کە مابێتهوه، دوایئەوەی هێزەکانی ئەسەد لەم مانگانەی دواییدا سێ هەرێمەکهی تریان گرتەوە لهڕێی هێرشی سەربازی و رێکەوتنی "ئاشتەوایی"هوه.
وهك ئهفغانییهك كه پشتگیریی رێژیمی سوریا دهكهم، دهخوازم بڵێم حكومهتی سوریا و هاوپهیمانهكانی نابێت كاتی زیاتر بدهن به تیرۆریستان و پێویسته بهردهوام هێرشهكانیان زیادبكهن تا ئیدلیب دهكهوێته دهست هێزهكانی حكومهتی سوریا لهماوهی ههفتهیهكدا. ئهگهرنا، بهدهستهێنانی سهركهوتن بهبێ قوربانیدان مهحاڵه.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت