topic/human_rights |

2018-08-08

عێراق سەرقاڵی کێشە یاسایی و مرۆییه‌كانی منداڵانی داعشە

Di icons tw 35 Di icons fb 35

ئەو منداڵە عێراقیانەی رزگاریانبووه‌ لە شەڕی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئاماژەی سەرکەوتن بەرزدەکەنەوە لەم وێنەیەدا کە 16 تەمموز 2018 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق].
ئەو منداڵە عێراقیانەی رزگاریانبووه‌ لە شەڕی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئاماژەی سەرکەوتن بەرزدەکەنەوە لەم وێنەیەدا کە 16 تەمموز 2018 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق].

عێراق هەنگاودەنێت بۆ دڵنیاییدان لەوەی ئه‌و منداڵانه‌ی دایكیان عێراقییه‌ و له‌ هاوسەرگیریی تۆمارنەکراودا له‌دایكبوون -- جا لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا بێت یان لە دۆخی دیکەدا -- دەتوانن ناسنامەی لەدایکبوون به‌ده‌ستبهێنن لەگەڵ هەموو سوودەکانی هاوڵاتیبوون.

زۆرێك لەم منداڵانە بێ بەڵگەنامەن چونکە باوکە تیرۆیستەکانیان یان کوژراون، یان هەڵاتون بۆ شوێنی نادیار، یاخود لەکاتی شەڕەکانی رزگاریدا بۆ دەرکردنیان لەو ناوچانەی داگیریانکردبوو، ونبوون.

هەربۆیەش دەستنیشانکردنی باوکیان سەختە، کە بۆتە هۆی ئەوەی دەرکردنی بەڵگەنامەی یاسایی ببێتە ئاستەنگێك.


منداڵانی ئاوارەی پارێزگای نەینەوا ئەو سندوقه‌ جلانە هەڵدەگرن کە لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە پێیاندراوە لەم وێنەیەدا کە 5 شوبات 2018 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: لقی نەینەوای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]

منداڵانی ئاوارەی پارێزگای نەینەوا ئەو سندوقه‌ جلانە هەڵدەگرن کە لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە پێیاندراوە لەم وێنەیەدا کە 5 شوبات 2018 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: لقی نەینەوای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]

بەڵام بەرپرسانی عێراق هەوڵدەدەن ئەم کێشەیە چارەسەربکەن پێشئەوەی لەدەست دەربچێت و ببێتە هۆی چەندین کێشە لە داهاتوودا.

هاوڵاتیبوون لەڕێگەی دایکەوە

چارەسەر بۆ ئه‌م کێشەیە لە چوارچێوەی دەستوری عێراق و سیستمی یاساییدا چه‌سپێنراوه‌، کە مافی هاوڵاتیبوون دەداتە هەر منداڵێك کە لە دایکێکی عێراقی بێت.

پسپۆڕی یاسایی و سەرۆکی رێکخراوی کلتوری یاسایی، تاریق حەرب، وتی: "منداڵان کە دایکیان عێراقی بێت و باوکیان بیانی ... مافی بەدەستهێنانی هاوڵاتیبوونیان هەیە چونکە دەستور و یاسای عێراق دایك وادەبینێت کە مافی ئەوەی هەیە نەتەوەی خۆی بۆ منداڵەکەی بگوێزێتەوە."

حەرب بە دیارونای وت: "ئەمە بەسەر هەمووکەسێكدا جێبەجێدەکرێت، تەنانەت منداڵانی چەکدارانی بیانیی داعش، بەڵام دایکەکە دەبێت سەرەتا بەڵگەنامەی هاوسەرگیرییەکە تۆماربکات لە دادگاکان و دایکایەتی بۆ منداڵەکانی پشتڕاستبکاتەوە."

"دایکەکە مافی ئەوەی هەیە بچێتە دادگاکانی [عێراق] بۆ بە فەرمیکردنی بەڵگەنامەی هاوسەرگیری لەگەڵ مێردە داعشەکەی (جا عێراقی بێت یاخود بیانی)، تەنانەت گەر بەڵگەنامەکە لە دادگایەکی داعشیشدا دەرکرابێت."

حەرب وتی: "لەحاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر ئەو بەڵگەنامەیە ونبووبێت، دەتوانێت دوو شایەت بهێنێت تا لەبەردەم دادوەردا گەواهیی دروستیی هاوسەرگیریی نێوان دوو کەسەکە بدەن لە به‌روارێكی دیاریکراودا، ئەوەش کە ئەوان دایکوباوکی ئەو منداڵە، یاخود منداڵانەن کە کێشەکەیان هەیە و باوکەکەش مردووە یان ونبووە."

"دوای بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی هاوسەرگیری، ژنەکە مافی داواکردنی دایکایەتیی منداڵ یان منداڵەکانی هەیە و لە ئەنجامیشدا دەتوانێت مافه‌كانی هاونیشتمانێتییان پێببەخشێت."

وتی: "حاڵه‌تی ئەو جۆرە هاوسەرگیریانە لێکدانەوەی باشی بۆ کراوە لە سیستمە یاساییەکەدا و بەرپرسیارێتی و کارڕاییکردنی زۆری بۆ کراوە."

حەرب وتی لەمبارەیەوە دادگاکان لە بەرژەوەندیی چەندین ژن لە پارێزگای دیالە فەرمانیان دەرکردووە.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی دیارونا، لەنێوان حوزەیرانی 2014 بۆ حوزەیرانی 2015، دادگا مەدەنیەکانی دیالە بەڵگەنامەی هاوسەرگیری و بەڵگەنامەی دایکایەتیان له‌ زیاد لە 300 کەیسدا دەرکردووە.

په‌سه‌ندكردنی کۆمەڵایەتی و خێڵەکی

چالاکوانان دەڵێن جیا لە ئاستەنگە یاساییەکان، کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی هەیە کە دەبێت چارەسەربکرێن تا دڵنیایی بدرێت لە تەندروستی منداڵان و مافەکانی هاوڵاتیبوونیان.

لەیلا بەرزنجی، چالاکوانێكی مافی مرۆڤ کە تەرکیز دەخاتە سەر ژنان و منداڵانی زیانبەرکەوتوو بەهۆی شەڕەوە، وتی زۆربەی هاوسەرگیرییەکان لەنێوان ژنانی عێراقی و پیاوانی داعشدا بە زەبری هێز بووە، بەڵام ژنان و منداڵان دەکرێت رووبه‌ڕووی دۆخی نەخوازراو ببنەوە لەلایەن خێزان یان ئەندامانی خێڵەوە.

بەرزنجی بە دیارونای وت: "ئەمە کێشەیەکی ئاڵۆزە و چارەسەرکردنی ئاسان نیە، بەڵام لە کۆتاییدا ناتوانین ئەم منداڵانە بەبێ بەڵگەنامەی فەرمی بۆ باری کەسێتی بهێڵینەوە."

بەرزنجی کە ئه‌ندامی تۆڕی باڵیۆزانی دارولسەلامه‌، كه‌ رێکخراوێکی ناحکومییه‌ لە موسڵ کاردەکات، وتی: "لەگەڵ حکومەت و یونیسێف کاردەکەین بۆ بەرگرتن بەم کێشەیە و لەئێستادا پرۆژەی هاوبەشمان هەیە بۆ دەرکردنی بەڵگەنامەی لەدایکبوون بۆ 2,500 منداڵی زیانبەرکەوتوو بەهۆی شەڕەوە لە خۆرئاوای موسڵ."

ئەم پرۆژە هەشت-مانگییە ئەو منداڵانە دەکاتە ئامانج کە تەمەنیان لەنێوان یەك بۆ شەش ساڵدایه‌.

وتی بۆ منداڵانی داعش، دوو رێگە هەیە: یان لەژێر ناوی دایکیاندا تۆماربکرێن یان بەڵگەنامەی هاوسەرگیریی فەرمی بەدەستبهێنن کە ناوی راستەقینەی باوکیانی تێدابێت.

بەگوێرەی خەمڵاندنی بەرزنجی، پرۆژەکە ژمارەیەکی کەم منداڵان لە خۆدەگرێت کە ناسنامەیان نیه‌، بەڵام رەنگە زیاد لە 10,000 کەیس هەبێت تەنیا لە پارێزگای نەینەوا.

هێشتا خەمڵاندنێکی ورد نیە دەربارەی ژمارەی منداڵی لەوشێوەیە.

لەخۆگرتنی منداڵانی بێ بەڵگەنامە

نوها دەروێش کە وانەی دەروونناسی و کۆمەڵناسی دەڵێتەوە لە زانکۆی بەغدا، وتی هەموو ئەو منداڵانەی لەلایەن کاربەدەستانی ناوچەکەوە تۆمارنەکراون مانای وانیە باوکیان ئەندامی داعش بووە.

وتی دەکرێت هەندێکیان لە ئەنجامی هاوسەرگیرییەکەوە بێت کە بە فەرمی تۆمارنەکراوە یان باوکیان ونبووە یاخود لەلایەن داعشەوە لەکاتی شەڕدا کوژراوە.

دەروێش بە دیارونای وت ئەو منداڵانەش هەن کە باوکیان وازی لە دایکیان هێناوە بە چەندین هۆکار و نایەوێت ددانبنێت بە باوکایەتی خۆیدا، یان ئەو منداڵانەی کە دایکیان ناچارکراوە یان خۆی هەڵیبژاردووە کە وازیان لێبهێنێت بەهۆی ئەوەی لە هاوسەرگیرییەکی بەزۆردا لەدایکبوون، یان لە ئەنجامی لاقەکردندا له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ لەدایکبوون.

وتی کەیسی دیکە زۆرن کە حکومەت پێویستە پۆلێن و چارەسەریان بکات لەسەر بنەمای كه‌یس به‌ کەیس و وتیشی جێهێشتنی ئەم منداڵانە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی دەکرێت ئاکامی کارەساتباری لێبکەوێتەوە.

هه‌روه‌ها وتی ئەو منداڵانەی ناسنامەیان پێنادرێت مافی دەستڕاگەیشتنیان نابێت بە خوێندن و کار و هاوسەرگیری و هه‌موو مافە مەدەنیەکانی دیکە، كاتێك گەورەده‌بن.

دەروێش وتیشی: "دەبێت هەموو ئەم منداڵانە لەخۆبگرین تا نەبنە نێچیرێکی ئاسان بۆ تیرۆریستان و تاوانباران و قاچاخچیانی مرۆڤ و دەبێت ئەمەش دەستبەجێ ئەنجامبدەین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 Di icons no

0 كۆمێنت

* واتە ئەم خانەیە پێویستە
Captcha