هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

مەغاویری سەورە: دیوارێکی بەرگری دژی داعش لە سێگۆشەی سنووری سوریا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

چەکدارانی جەیشی مەغاویری سەورە راهێناندەکەن لە ناوچەی سێگۆشەی سنووری کە سوریا لە ئه‌رده‌ن و عێراق جیادەکاتەوە. [خاوەنی وێنە: جەیشی مەغاویری سەورە]

چەکدارانی جەیشی مەغاویری سەورە راهێناندەکەن لە ناوچەی سێگۆشەی سنووری کە سوریا لە ئه‌رده‌ن و عێراق جیادەکاتەوە. [خاوەنی وێنە: جەیشی مەغاویری سەورە]

جەیشی مەغاویری سەورە، کە گروپێكی سوپای ئازادی سوریایە و لە ناوچەی بیابانی بادییەی سوریا چالاکە، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی مەدەنیەکاندا لە سێگۆشەی سنووری نێوان سوریا و عێراق و ئه‌رده‌ندا.

پەیوەندی نێوان هەردوولا پتەوە بەهۆی ئەو هاوکاریانەی جەیشی مەغاویری سەورە بۆ دانیشتوانە ناوخۆییەکە و ئاوارەکانی دابینکردووە، سەرباری وەستانەوە دژی ئه‌و هەڕەشانه‌ی لە ناوچەكانی چالاکیی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە دەکرێن.

گروپەکە بەزۆری لە ناوچەیەكی 55 کیلۆمەتریدایه‌ کە ناسراوە بە ناوچەی هێورکردنەوە لە باشوری رۆژهەڵاتی سوریا، ناوچەکە بە باری بازنەیی 55 کیلۆمەترە و دەوری بنکەی سەربازی تەنف و ناوچەی سێگۆشە سنووریەکەی داوە.

کەمپی نافه‌رمیی روکبان بۆ ئاوارە سوریەکان دەکەوێتە ئەو سنوورەوە.

منداڵان لە کەمپی ئاوارەکانی روکبان جانتای قوتابخانە وەردەگرن لە جەیشی مەغاویر کە بەشێكە لە هەڵمەتەکەیان بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەسەر گرنگی پەروەردە لە کەمپەکەدا.[خاوەنی وێنە: جەیشی مەغاویری سەورە]

منداڵان لە کەمپی ئاوارەکانی روکبان جانتای قوتابخانە وەردەگرن لە جەیشی مەغاویر کە بەشێكە لە هەڵمەتەکەیان بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەسەر گرنگی پەروەردە لە کەمپەکەدا.[خاوەنی وێنە: جەیشی مەغاویری سەورە]

ئۆپەراسیۆنی بەردەوام دژی داعش

جەیشی مەغاویری سەورە لەسەر پەیجی تویتەرەکەی رایگەیاند کە 19 تەمموز چەند چەکدارێکی داعشیان ده‌ستگیركرد لە سنوورە سێگۆشەییەکە لەکاتێکدا هەوڵیانده‌دا هەڵبێن بۆ سوریا.

گروپەکە رایگه‌یاند كه‌ ئەوەش ژمارەی داعشە دەستگیرکراوەکانی لای ئەوان گەیاندە 22 بەندکراو.

جەیشی مەغاویری سەورە لە 31 ئایار، بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر بارێك ماددەی هۆشبەردا به‌ نرخی 1.4 ملیۆن دۆلار، ئەمەش لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا دژی داعش لە دەوروبه‌ری بنکەی سەربازیی تەنف.

هاوپەیمانی نێودەولەتی رایگه‌یاند كه‌ حەشارگەکە زیاتر لە 33،000 حەبی کاپتاگۆنی تێدابوو،کە دەرمانێکی قەدەغەکراوە و زیاتر لەلایەن ئەندامانی داعشەوە بەکار دەهێنرێت و دەگوازرێتەوە.

وتەبێژی مەغاویری سەورە، محەمەد مستەفا جەڕاح، بە دیارونای وت: "مەدەنیەکان دەزانن بە تەواوی لەلایەن مەغاویری سەورەوە پارێزگارییان لێدەکرێت و ناوچەکە ئارامە، سوپاس بۆ دەورییەکانی گروپەکە."

وتی ناوچە 55 کیلۆمەتریەکە "هیچ چەکدارێکی داعشی لێنیە یان ئوانەی سەر بە گروپەکانی هەواداریانن،" وتیشی هەر کەسێك هەوڵبدات دزەبکاتە ئەم ناوچەیە هەر لە جێدا لێیدەدرێت.

دابینکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ دانیشتوانەکە

جه‌ڕاح وتی پەیوەندیی جەیشی مەغاویر لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکە، بە خەڵكەکەی و ئاوارەکانیشەوە، "لە باش باشترە".

وتیشی نوسینگه‌ی کاروباری مەدەنیەکان هاوکاری دانیشتوانەکە دەکات بەوەی لە توانایدایە. نوسینگه‌كه‌ نەخۆشخانەی شام بەڕێوەدەبات، کە دەکەوێتە ناو کەمپی روکبان و دەرمان دابەش دەکات و خزمه‌گوزاریی پزیشكی بۆ دانیشتوانی کەمپەکە دابیندەکات سەرباری کەمیی سەرچاوەکانی.

نوسینگه‌كه‌ هەڵمەتی بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاریش لەسەر پەروەردە ئەنجامدەدات و منداڵان دەنێرێتە قوتابخانە.

جه‌ڕاح وتی کەلوپەلی قوتابخانەشیان بۆ منداڵان دابینکردووە و هاوکاریی درووستکردنی کورسیی پۆلەکانی قوتابخانەی بەیت ئەلتەدموریان کردووە لەناو روکباندا.

وتیشی لە ئێستادا "نوسینگه‌كه‌ دڵنیایی دەدات لە دابینکردنی ئاو بەبێ وەستان لەرێگای چاکكردن و دروستكردنی بیری ئیرتیوازییه‌وه‌، کە لەلایەن شوانەکان و بەدەویەکانیشەوە بەکاردەهێنرێن لە گەرمای ئەم وەرزی هاوینەدا لە ناوچەکە."

دانیشتوویه‌كی کەمپی روکبان، باسم عه‌قایدات، پەیوەندیی ئەرێنی نێوان جەیشی مەغاویر و خەڵكی ناوچه‌كه‌ی گەڕاندەوە بۆ بەردوامیی پێکەوە گفتوگۆکردن لەلایەن هەردوولاوە، كه‌ دانیشتوانەکە زانیاری دەدەن بە مەغاویری سەورە بۆ ئەوەی هاوکاریان بن لە پاراستنی ئەمنیەتی کەمپەکەدا.

وتی لە بەرامبەردا، جەیشی مەغاویر خزمەتگوازریەکان دابیندەکات "وەك هەبوونی ئاو بە بەردەوامی، کە زۆر پێویستە بەتایبەتی لە مانگەکانی هاویندا کە تێیدا بیرە ناوخۆییەکان وشكدەکەن، هەروەها خزمەتگوزاری تەندروستی، دەرمان، كۆمه‌كی خۆراك، هەمووی بەپێی ئەوەی لە توانای هێزەکەدایە."

زیاتر پێویستە

دانیشتوویه‌كی کەمپەکە، رەهیف خالیدی، وتی: "دانیشتوانی کەمپی روکبان کۆمیتەی تایبەتیان دروستکردووە بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ جەیشی مەغاویر سەورە بۆ ئەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان دابینبکرێن."

وتی سەرباری ئەو هاوکاریانەی مەغاویری سەورە، رەوشی کەمەپەکە و ناوچەکانی چواردەوری خراپن، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی هیچ هاوکارییەك ناکرێن لەلایەن رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانەوە.

جەیشی مەغاویر له‌ 18 تەمموز لە تویتێکدا داوای لە رێکخراوەکان کرد خۆراك و ئاو بەرن بۆ کەمپەکە بۆئەوەی یارمەتی دانیشتوانەکە بدرێت، بەتایبەتی منداڵەکان، کە بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن "بەهۆی پئیسبوونی ئاو و کەمیی خۆراکەوە".

منداڵانی نێو کەمپەکەش له‌لای خۆیانه‌وه‌ داوایان له‌ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووه‌ بۆ هاوکاریکردن.

لە ڤیدیۆیەکدا کە سەرەتای تەمموز لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە، کچێکی منداڵ له‌ روکبان گۆرانی دەلێت بەسەر نه‌هامه‌تیی منداڵەکانی کەمپەکەدا و داوای كۆمه‌ك ده‌كات لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

خودا سه‌ركه‌وتووتان بكات، ئه‌ی پاڵه‌وانانی عێراق!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌