هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش دروزەكانی سوریا راده‌چڵه‌كێنێت بە زۆرترین قوربانیی شه‌ڕ

وەلید ئەبو خەیر لە قاهیرە و ئاژانسی فرانس پرێس

وێرانکاری و رووخاوی دەبینرێت لە دوای هێرشێکی خۆکوژی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە شاری سوەیدە لە باشوری سوریا چوارشەممە (25 تەمموز). [خاوەنی وێنە: نزار ئەبو عەلی]

وێرانکاری و رووخاوی دەبینرێت لە دوای هێرشێکی خۆکوژی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە شاری سوەیدە لە باشوری سوریا چوارشەممە (25 تەمموز). [خاوەنی وێنە: نزار ئەبو عەلی]

ژمارەی قوربانیەکانی هێرشەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)لە سوەیدەی سوریاگەیشتە نزیکەی 250 کەس پێنجشەممە (25 تەمموز)، کە زۆترین قوربانییە بەدرێژایی حەوت ساڵی شه‌ڕ لەم پارێزگایه‌دا كه‌ زۆرینه‌ی دروزن.

سوەیدە، کە به‌شی زۆری لەژێر دەستی حکومەتدایە، بەگشتی پارێزراو بوو لەو شەڕە گەرمەی لە تەواوی ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکەدا لە 2011ەوە به‌رده‌وامه‌.

هێرشەکەی چوارشەممە ئەو نیمچه‌ ئارامییەی لەناوبرد دوای ئەوەی چوار خۆکوژ هێرشیان بردەسەر شارەکە، لەکاتێکدا چەکدارانی دیکەی داعش هێرشیانبردە سەر گوندەکانی باکور و رۆژهەڵات بە چەك و تەقەمەنییەوە.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی ژمارەی قوربانیەکانی پێنجشەممە گەیشتۆتە 246 کەس و 135 كه‌سیان مەدەنین.

مەدەنیەکان چەکیان هەڵگرت بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە هەڵیانکوتایە سەر گوندەکانیان لە ناوچه‌ گوندنشینه‌كانی باکوری پارێزگای سوەیدە. [خاوەنی وێنە: نزار ئەبو عەلی]

مەدەنیەکان چەکیان هەڵگرت بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە هەڵیانکوتایە سەر گوندەکانیان لە ناوچه‌ گوندنشینه‌كانی باکوری پارێزگای سوەیدە. [خاوەنی وێنە: نزار ئەبو عەلی]

کوژراونی تر چەکداری حکومەت و دانیشتوانی ناوخۆیی بوون کە چەکیان هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی بەرگری لە گوندەکانیان بکەن.

سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولرەحمان، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ژمارەکە لە زیادبووندایە چونکە ئەو مەدەنیانەی برینداربوون دەمرن و ئەوانەش کە نەژمێردرابوون بە مردوویی دۆزراونەتەوە."

تەلەفزیۆنی دەوڵەت ڤیدیۆی پرسەکانی لە سوەیدە بڵاوکردەوە، کە پیاوەکانی بە کڵاوی سپی نه‌ریتیی كه‌مایه‌تیی دروزه‌كانه‌وه‌ نیشاندا كه‌ سەرەخۆشییان لەیەکتر دەکرد.

پیاوەکان کفنەکانیان بەرزکردبووه‌وە کە داپۆشرابوون بە ئاڵای دوو ئەستێرەیی حکومەت لەگەڵ وێنەی کوژاروەکان له‌سه‌ر باكگراوندێكی پەلکەزێرینە کە نیشانەی دروزییەکانه‌.

لانیکەم 56 توندڕەویش لەكاتی ئه‌نجامدانی هێرشەکاندا کوژران.

شەڕی سەخت بەردەوامە

دانیشتوویه‌كی سوەیدە و شرۆڤەکاری سیاسی، نزار ئەبو عەلی، بەدیارونای وت دوای هێرشەکە، چەکدارانی داعش دزەیانکردە ناو شارۆچکە و گوندەکانەوە بۆ ئەوەی داگیریان بکەن، تەقەشیان لە مەدەنیەکان کرد بەبێ جیاوازیکردن.

وتی کۆمیتە چەکدارەکانی خەڵك کە لە دانیشتوانە ناوخۆییەکە پێکهاتوون دەستیانكرد بە چالاکیەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش و وتیشی گروپەکە سەرکەوتووانە لە شارۆچکەکان وەدەرنران.

هه‌روه‌ها وتی: "شەڕی سەختی بێوچان بەردەوامە لە هەندێك شارۆچکەدا، کە چەکدارانی داعش پێگەی لەبار بۆ بەرگریکردنیان تێدا گرتووە، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینه‌كانی رۆژهەڵاتی پارێزگاکە."

ئەبو عەلی وتی چەندین گەنجی ناوخۆ هاتن خۆبەخشانە پشتگیری بەرەنگاربوونەوەی ئەو داعشانە بکەن کە لە سوەیدە و حورانەوە هاتوون.

وتیشی: "چوار خۆکوژی داعش کە ویستیان دزەبکەنە شاری سوەیدە لە بازگەیەکی خۆبەخشەکان گیران."

هه‌روه‌ها وتی یەکێکیان ویستبووی بچێتە نەخۆشخانەی نیشتمانی سوەیدە.

ئەو شارۆچکانەی شەڕی سەختیان به‌خۆوه‌بینی بریتین لە مەتونە، دەوما، تەیمە، ته‌ل بەسیر، رامی و عەرەجی لەگەڵ گوندەکانی شەبکی و شوریحی وتەربە.

ئەبو عەلی وتی ژمارەی قوربانیەکان دەشێت زیادبکات بەهۆی بەردەوامیی شەڕەکەوە و "ئەو رەفتارە توندڕەوەی چەکدارانی داعش دژی دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەیکەن کە دزەیانکردۆتە ناویان".

وتیشی: "چەکدارەکان تەقە لە مەدەنیەکان دەکەن، لە ژن و منداڵەکان و بە کۆمەڵ دەیانکوژن."

زەینە، کە دانیشتووی گوندی بچوکی مەتونەیە، وتی خێزانەکەی بە دەنگی تەقە و تەقینەوەی رومانە خەبەریانبووه‌وە دەوروبەری کاتژمیر 5:30 بەیانی چوارشەممە.

زەینە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "زۆربەی خزمەکانمان تەقەیان لەو چەکدارە کردەوە کە لە دەرەوەی ماڵەکەمان بوو، گوێمان لێبوو هاواریكرد: 'كافره‌كان كوشتیانم'."

ئامۆزاکەی و ژنه‌كه‌ی هەردووکیان کوژران.

زەینەی تەمەن 32 ساڵ پێنجشەممە وتی: "ئه‌و گوندانه‌ی هێرشیان کرابوونە سەر دوێنێ شەو زۆر دەترسان و پیاوه‌كان لە حاڵەتی ئامادەباشیدابوون."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500