هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

36 پاشماوەی داعش کوژراون یان دەستگیرکروان لەم مانگه‌دا له‌ دیالە

خالید تائی

هێزە ئەمنیەکانی عێراق لە 14 تەمموزدا شه‌نوكه‌وی ناوچەی عوزه‌یم دەکەن لە پارێزگای دیالە وەك بەشێك لە ئۆپەراسیۆنێكی بەردەوام بۆ نەهێشتنی پاشماوەکانی داعش لە پارێزگاکە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی دیالە].

هێزە ئەمنیەکانی عێراق لە 14 تەمموزدا شه‌نوكه‌وی ناوچەی عوزه‌یم دەکەن لە پارێزگای دیالە وەك بەشێك لە ئۆپەراسیۆنێكی بەردەوام بۆ نەهێشتنی پاشماوەکانی داعش لە پارێزگاکە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی دیالە].

لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە سێشەممە (24 تەمموز) رایگەیاند کە لە سەرەتای تەمموزەوە 24 ئه‌ندام له‌ پاشماوەكانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) کوژراون و 12ی دیکە دەستگیرکراون.

سەرۆکی لیژنەكه‌، سادق حوسه‌ینی، وتی ئۆپەراسیۆنە ئەمنیە بەردەوامەکان "زەبرێکی کوشندە"یان لە گروپەکە داوە، چونکە ئەندامەکانی چیتر شوێنێکیان نیە پەنای بۆ بەرن.

حوسه‌ینی بە دیارونای وت: "لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و پشكنیندا لەم مانگەدا لە چەندین ناوچەی دیالە، 24 ئەندامیان کوژراون و 12ی دیکەش دەستگیرکراون، لەنێویاندا چوار سەرکردەی بەناوبانگ لە بەناو ویلایەتی دیالەی داعش، بەتایبەتی لە حەوزی حەمرین و عوزه‌یم و بەلەدڕوز."

حوسه‌ینی وتی هێزە ئەمنیەکان "15 حەشارگەی تیرۆریستانیان تێکشکاندووە، شەش لە بەلەدڕوز، چوار لە حەمرین، سێ لە موتەیبجە و دوانیشیان لە ناوچەکانی کەنعان و به‌هریز".

وتیشی زۆرێك لەم حەشارگانە چەك و ئامرازی تەقەمەنی و كه‌ره‌سه‌ی بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبیل و دروستکردنی بۆمبی دەستکردنیان تێدابووە.

بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن

حوسه‌ینی وتی هێزە ئەمنیەکان تەکنەلۆژیای مۆدێرن بەکاردەهێنن، بەتایبەتی درۆن لەکاتی هەڵمەتەکانی گەڕان و کنەکردندا.

وتی درۆن بەتایبەتی بۆ چاودێریی بەرزاییەکان و دۆڵە ئاڵۆزەکان گرنگە کە یەکە سەربازییەکان نایانگەنێ و ئاماژەیکرد بەوەی یارمەتی هێزە ئەمنیەکانی داوە لە دۆزینەوەی حەوت شوێنی حەسانەوەدا (پەناگە بۆ خۆکوژەکان) لە موتەیبجە.

حوسه‌ینی وتی بەهۆی هەوڵە ئەمنیەکانەوە، "هەڕەشەی تیرۆریستی" لە پارێزگاکە لەداکشاندایە، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامدەبن تا ئەوکاتەی پاشماوەکانی داعش بنەبڕدەکرێن و حەشارگەکانیان دەڕوخێندرێن.

وتیشی هێزەکانی پۆلیسی دیالە لە شەممەوە (21 تەمموز) ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە لە گوندەکانی باشوری بەلەدڕوز، بەتایبەتی لە دیمە، مەنهەل، بەندەر و قەرەغول.

ئۆپەراسیۆنەکە بەشێکە لە زنجیرەیەك هەڵمەتی ئەمنی بەمەبەستی دەرکردنی پاشماوەكانی ئەندامانی داعش لە پارێزگاکە.

حوسه‌ینی وتی هاوکات، 24 کەسی داواکراو لەلایەن دادگاوە بە چەندین تۆمەتی تاوانکاری و تیرۆریستی لە دیالە خۆویستانە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنیەکان کردووە لەمساڵدا، لەنێویاندا پێنج کەسی داواکراو تەنیا لەم مانگەدا.

وتیشی: "ئەمە ئاماژەیه‌ بە برەوسەندن لە چالاکیی ئەمنیدا لە پارێزگاکە و رەنگدانەوەی بەهێزبوونی متمانەیە بە دەزگا ئەمنییه‌كان و سیستمی دادوەری."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

؟؟؟؟؟؟

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

؟؟؟؟؟؟

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌