هێزەکانی عێراق، بە هاوکاریی هێزی زەمینی و ئاسمانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و خێڵەکیەکان و خەڵکی ناوچەکە، لە چەند مانگی رابردوودا چەند ئۆپەراسۆنێکیان ئەنجامداوە بۆ رووخاندنی ئەو حەشارگانەی لەلایەن توندڕەوانەوە لە ناوچە دوورەدەستەکانی پارێزگای ئەنبار بەکاردەهێنرێن.
توندڕەوە ماوەکان تۆڕێکی تونێل و ئەشکەوتی شاراوە بەکاردەهێنن بۆ خۆپاراستن لە هێرشی ئاسمانی و خۆڕێکخستنەوە دوای لەدەستدانی زۆرینەی خاکی ژێردەستیان لە عێراق و بەدرێژایی سنووری سوریا.
سەرۆکی ئەنجومەنی خۆجێیی هیت، محەمەد موهەنەد هیتی، وتی: "هێرشە ئاسمانییەکان حەشارگە و تونێلەکانی داعشیان لە ناوچەكانی دەوروبەری شارە دوورەدەستەکان کردۆتە ئامانج، لەنێویاندا شارەکانی هیت و قائیم و گوند و شارۆچکەکانیان."
هێرشە ئاسمانیەکان لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگریی پێدراو بوون لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرەوە، فیرقەی 7 ی سوپا و لیوای 29.
ئەم هێزە هاوبەشانە چاودێریی بەردەوامی قوڵایی بیابانهكه دەکەن بۆ دیاریکردنی شوێنی تونێلەکانی داعش و پێدانی زانیارییەکان بە هێزە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و عێراقی، کە دواتر دەیانکەنە ئامانجی هێرشی ئاسمانی.
وتی: "روخاندنی ئەم تونێلانە بە ئامانجی رێگرتنە لەو گروپە تیرۆریستیە لەوەی وەك بنکە بەکاریانبهێنێتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر شارەکان و خۆڕێکخستنەوە یاخود شاردنهوهی چەك و تفاق."
هێزە خێڵەکیەکان زانیاری هەواڵگری دەدەن
ئەو زانیارییانەی لەلایەن خێڵ و شوانەکانەوە دەدرێن بە هێزە ئەمنیەکان دەربارەی ئەم تونێلانە، رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە هەڵکوتانە سەر پاشماوەکانی داعش لە بیابانی ئەنبار.
فەرماندەیەکی هێزەکانی حەشدی خێڵەکی، فەلاح قەرەغولی، وتی هێزەکانی حەشدی خێڵەکی کە پێکهاتوون لەو خێڵەکیانەی لە هەموو ناوچەکانی ئەنبارەوە هاتوون، لەهەموو کەس ئاشناترن بە بیابانهكه و رێگەکانی.
قەرەغولی بە دیارونای وت هەواڵیان لە زۆر تونێل و رێگە داوە بە هێزە ئەمنیەکان.
وتی هاوکاریی زۆریش هەیە لەگەڵ شوانەکان لە بیابانهكه، کە زانیاریی "زۆر ورد" دەدەن دەربارەی هەر جوڵەیەکی گومانلێکراو لە قوڵایی بیابانهكهدا.
وتیشی: "زۆربەی [ئەم تونێلانە] لە ناوچەکانی تەنیشت شاڕێگەی نێودەوڵەتین، لە ناوچە سنورییەکانەوە تا کەناری شاری رەمادی و فەلوجە و ناوچەکانی باشوری خۆرئاوای شاری هیت."
قەرەغولی وتی هێزەکانی حەشدی خێڵەكی تەواو بەنهێنی لەگەڵ شوانەکان کاردەکات و مەبەستیانه شوناسیان لە ئەندامانی داعش بشارێتەوە.
چاودێریی زەمینی و ئاسمانیی ئاوێتە
پسپۆڕی ئەمنی، سەعید جەیاشی، بە دیارونای وت سەرەڕای زانیاریی دراو لەلایەن هێز و سەرچاوە زەمینیەکانەوە، هێزەکانی عێراق پشت بە فڕۆكه بێفڕۆكهوانهكانیش (درۆن) دەبەستن بۆ چاودێریی بیابانهكه و دەستنیشانکردنی تونێلەکانی داعش و دیاریکردنی جوڵەی چەکدارەکان.
وتی بەهێزکردنی ئەمنیەت لە بیابان لەڕێگەی لێدان لە پێگەکانی داعش و بەرگرتن بە جوڵەی ئەندامەکانیانەوە بەدەستهات بەبێ پێویستبوونی ئامادەیی هەمیشەیی هێزە ئەمنیەکان لەو ناوچانە.
وتیشی: "بە گەیشتنی زانیاری لەلایەن چاودێریی ئاسمانی یان سەرچاوە زەمینیەکانهوه، هێزەکانی عێراق لەسەر بنەمای ئەم زانیاریانە کاردەکەن بۆ رێگرتن لەهەر چالاکیەکی گومانلێکراو."
ئەم ستراتیژی شوێنکەوتنی زەمینی و چاودێریی ئاسمانییه ئاوێتەیە لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی تکریتیش بەکارهاتووە، لە زنجیرە چیای حەمرین و دەوروبەری بەلەدڕوز، کە بەمدواییانە چالاکیی داعشی تێدا بوژاوەتەوە.
جەیاشی وتی سەرکەوتنە سەربازییەکانی سوپای عێراق دژی داعش رێکخراوەکهی دابڕاندووە لە ناوچەکە و پاشماوەکانی لەنێو تونێل و ئەشکەوت و دۆڵە دوورەدەستەکاندا هاتوچۆدەکەن بەهیوای دووبارە خۆڕێکخستنەوە.
وتیشی: "هێزە ئەمنیەکان سوورن لەسەر بنەبڕکردنی بوونی ئەو گروپە تیرۆریستیە تا دەرفەتی دووبارە خۆڕێکخستنەوەیان پێنەدەن."