حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی بهرنامهیهكی خزمەتگوزاریی فراوان بۆ دابینکردنی سەرچاوەی داهات بۆ ئاوارە گەڕاوەکان.
لەڕێی بهرنامهیهكهوه بهناوی پارە-بۆ-کار، حکومەت هەوڵدەدات رۆڵی دانیشتوان بەهێزبکات لە بنیاتنانەوە و پەرەپێدانی ناوچەکەیاندا دوای شکستهێنان بە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).
وتەبێژێكی وەزارەتی كار، عەمار مونعیم، وتی پرۆگرامەکە هەموو ئهو ئاوارانهی ناوچەکانی ئەنبار، نەینەوا، سەلاحەدین، کەرکوك، دیالە و بەغدا دهگرێتهوه کە خۆیان لە داتابەیسی وەزارەتهكهدا تۆمارکردووە.
مونعیم بە دیارونای وت: "بیرۆکەکە ئەوەیە ئیشی کاتی بدرێتە [ئاوارە] گەڕاوەکان و وزەیان لە بنیاتنانەوەی شارەکاندا بەکاربهێنرێت."
وتی خەڵکانی گەڕاوە دهتوانن خۆیان خۆتۆماربكهن بۆ قەرزی مەرج-ئاسان تا یارمەتییان بدات لە بنیاتنانەوە و دامەزراندنەوەی كاروكاسبیهكانیان، کە دهتوانێت گوڕێك بدات به ئابوریی ناوخۆ.
سوککردنی باری سەرشانی گەڕاوەکان
ئەم بهرنامه 200 ملیۆن دۆلارییە لەلایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە پشتگیری دارایی دەکرێت و لەلایەن وەزارەتی کارەوە جێبەجێدەکرێت بە هاوکاریی وەزارەتەکانی پلاندانان و دارایی و بەشداریی رێکخراوە ناحکومییەکان.
مونعیم وتی وەزارەت هەموو ئامادەکارییە لۆجستییەکانی تەواوکردووە و "چاوەڕێی پارەکەیە بگوێزرێتەوە بۆ وەزارەت تا دەست بە پرۆگرامەکە بکرێت".
وتیشی: "بەهیواین لەڕێی ئەم پرۆگرامەوە باری سەرشانی خەڵکە گەڕاوەکە سوكبکەین، دۆخی ژیانیان باشتربکەین و بەشدارییان پێبکەین لە هەوڵی بنیاتنانەوەی شارەکانیان و فەراهەمکردنی سەقامگیریدا."
مونعیم وتی ئامانجێکی دیکەی پرۆگرامەکە هاندانی ئاواره عێراقییهكانی تریشه بۆ گەڕانەوە.
وتی بۆ ئەم مهبهستهش، ماوەیەکە حکومەت پشتگیریی دارایی دەبەخشێتە ئاوارەکان و راهێنانی پیشەییان پێدەکات لەگەڵ دامەزراندن.
پێدانی یارمەتی و پشتگیری
وتیشی ماوەیەکە وەزارەتی کار خزمەتگوزاریی چارەسەری دەروونی و بنیاتنەر دەبەخشێتە خەڵکەکە، تا یارمەتییان بدات بەسەر مەینەتییەکانیاندا سەربکەون و تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە.
مونعیم وتی: "خزمەتگوزارییەکانمان بۆ هەموو ئاوارەکانە،تەنانەت دوای ئەوەی دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان."
وتیشی وەزارەتی کار پرۆژەیەکی دەستپێکردووە بۆ هاندانی خێزانە تۆمارکراوەکان لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیدا بۆ سوودبینین لە خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەیی.
ههروهها وتی: "پرۆژەکە بەخشینی پارەی مانگانەی تێدایە بۆ خێزانەکان بە مەرجی خەرجکردنی تەنیا لە خزمەتی پەروەردە و تەندروستیی منداڵەکانیاندا،" بەجۆرێك ئهو خێزانانهی دهیانگرێتهوه، 25,000 دینار (21 دۆلار)یان بۆ هەر منداڵێك پێدەدرێت.
وتی لەئێستادا پرۆگرامەکە لە مهدینه سەدری بەغدا تاقیدەکرێتەوە و وتیشی وەزارەت هیوای وایە لە چەند ناوچەیەکی هەژارنشین تاقییبکاتەوە، بەتایبەتی لەوانەی پێشتر لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرابوون.
گەڕانەوەی خۆبەخشانە هاندەدرێت
بەڕێوبەری نوسینگەی نەینەوا لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، خالید عەبدولکەریم، وتی: "هەموو خزمەتگوزارییەکانمان ئاراستەی ئاوارەکان کراوە."
عەبدولکەریم بە دیارونای وت خەڵکانی ئاوارە هاندەدرێن خۆبەخشانە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و چارەسەری هەموو ئەو بەربەستانە دەکرێت کە رێگری له گەڕانەوەیان دهكهن.
وتی: "وەك بەشێك لە ئەرکەکانمان، کۆمەكی خواردن و خزمەتگوزاری پشتگیریی دەروونی و خوێندن و پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاریی تری مرۆیی پێشكهشدهكهین."
وتیشی: "خزمەتگوزارییەکانمان دەگهنه هەموو ئەو خێزانانە و بهدواداچوون بۆ بارودۆخیان دهكهین تەنانەت دوای گەڕانەوەشیان، بە هاوکاریی دەزگا و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی دیکە."
نزیکەی 200,000 ئاوارەی نەینەوا هێشتا لە 14 کەمپدان لە پارێزگاکە، لەکاتێکدا حکومەت کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە.
من چالاكوانێكی مهدهنیم، لهگهڵ تیمێك له خۆبهخشان كاردهكهم له رێكخراوێكی ناحكومیدا. هیوادارین بتوانین لهگهڵ ئێوه پێكهوه كاربكهین تا ئهم كاره سهركهوتوو بێت.
وهڵام بدهرهوه2 كۆمێنت
ئاوارە!
وهڵام بدهرهوه2 كۆمێنت