هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

عێراق بەدواداچوون دەکات بۆ بێسەروشوێنەکانی موسڵ

خالید تائی

شارەزایانی عێراقی گۆڕێكی بە کۆمەڵی ئەو مەدەنیانە هەڵدەدەنەوە کە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کوشتبوونی لە رۆژئاوای موسڵ. [خاوەنی وێنە: دەزگای شەهیدانی عێراقی]

شارەزایانی عێراقی گۆڕێكی بە کۆمەڵی ئەو مەدەنیانە هەڵدەدەنەوە کە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کوشتبوونی لە رۆژئاوای موسڵ. [خاوەنی وێنە: دەزگای شەهیدانی عێراقی]

دەسەڵاتدارانی عێراق هەینی (13 تەمموز) دەستیانکرد بە لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ چاره‌نوسی ئەوانەی بێسەروشووێن بوون لەكاتی شەڕه‌كاندا بۆ گرتنه‌وه‌ی شارەکەدا لە دەست "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

ئەندامێكی لیژنەی خزمەتگوزاری له‌ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حوسامه‌دین عەبار، وتی لە رزگارکردنی موسڵەوە تەمموزی پار، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا چەندین راپۆرتی لەلایەن دانیشتوانەکەوە پێگەشتووە ده‌رباره‌ی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ خزمەکانیاندا نامەوە بەر لە هەڵمەتی رزگارکردنەکە و دواتریش.

وتی: "زۆربەی بێسەروشوێنان لە بەندیخانە نهێنیه‌كان و بنكه‌كانی ده‌ستگیركردندا بوون به‌ هۆکاری جیاواز، كه‌ زۆربەیان پەیوەندییان بە وەستانەوە دژی ئایدۆلۆژیای داعش و کارە وەحشیگه‌راکانیانەوە هەبوو."

وتیشی: "یەکەمجار ژوورێکی ئۆپەراسیۆنمان دامەزراند لە نەینەوا بۆ کۆکردنەوەی هەموو زانیاریەکان لەسەر ناسنامەی بێسەروشوێنەکان، وەك ناوی سیانی و تەمەن و رۆژی بێسەروشوێنبوونیان."

عەبار وتی: "تائێستا زانیاری تەواومان کۆکردۆتەوە لەسەر 1,400 کەسی بێسەروشوێن."

هه‌روه‌ها وتی: "کەیسەکانیانمان بە سێ جار ناردووە بۆ حکومەت و کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی [عێراق] و دەزگا و کۆمیتەکانی دیکەی مافی مرڤ، چونکە پێشتر کێشەکەمان بۆ بەرزکردبوونەوە."

وتی: "دەزگا حکومی و ئەمنییە پەیوەندیدارەکان ئەمڕۆ پێیان وتین دەستیانکردووە بە بەدواداچوون بۆ چاره‌نوسی بێسەروشوێنەکان."

وتیشی ئەنجامەکانی بەدواداچوونەکە دەبێت لە دوو هەفتەدا بخرێنەڕوو.

هەزاران قوربانی

بەر لە دەستپێکردنی شەڕی موسڵ، داعش ئەو مەدەنیانەی دژی بوون لە زیندانی نهێنیدا ده‌یهێشتنه‌وه‌ و بە کۆمەڵ دەیکوشتن و هەندێکجار ناوی ئەوانەشی بڵاودەکردەوە کە دەیکوشتن.

ئەم هەڵمەتی کوشتنانه‌ مه‌ركی هەزاران مەدەنی و کارمەندانی پێشووی سەربازی و حکومی لێکەوتەوە، كه‌هه‌ڕه‌مه‌كیانه‌ لە گۆڕی بەکۆمەڵدا دەنێژران.

گۆڕی خەفسە لە ناوچەی حەمام عەلیل لە باشوری موسڵگەورەترینی ئه‌و گۆڕانەیە کە دۆزراونەتەوە.

خەفسە یەکێك لە بەدناوترین گۆڕە بەکۆمەڵەکانە كه‌ تا ئێستا دۆزراونەتەوە، کە بەگوێره‌ی ئاماری نافەرمی دەوترێت نزیکەی 25،000 تەرمی تێدایە.

عەبار وتی: "ئەم گۆڕە چاڵێکی 180 مەتر قوڵە و تیرۆریستەکان قوربانیەکانیان فرێدەدایە ناویەوە."

وتی: "بڕوامان وایە هەزاران قوربانی لەوێدا نێژراون." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ ئێستا زۆر سەختە گۆڕەکە هەڵبدرێتەوە، چونکە داعش قوربانیەکانی خستۆتەژێر چەندین تەن خۆڵ و خاشاکەوە.

لە دواهاتی جەنگەکەشدا، تیمەکانی بەرگری شارستانی عێراقی سەدان تەرمیان لەژێر خۆڵوخاشاکی بینا روخاوەکاندا دۆزیەوە لە رۆژئاوای موسڵ، بەتایبەتی لە شاری کۆن.

دەرهێنانەوه‌ی ته‌رمه‌کان لەسەر زانیاریەکانی دانیشتوانەكه‌ ئەنجامدران کە ئازیزه‌كانیان لەدەستدابوو یان ئەو کەسانەیان دەناسی کە بێسەروشوێن بوون.

عەبار وتی سەرەتای 2018، دانیشتوانەکە راپۆرتەکانی خۆیان رادەستکرد لەسەر بێسەروشوێنەکان. دوای ئه‌وه‌ هەر تەرمێك کە لەناو داروپه‌ردووه‌كاندا دەدۆزرایه‌وه‌ و ناوی له‌ هیچ راپۆرتێكدا ده‌رباره‌ی بێسه‌روشوێنان نه‌بوو، به‌ "نەناسراو" پۆلێندەکرا.

وتیشی: "ئه‌وه‌ی ئەمڕۆ سەختە ناسینه‌وه‌ی ئەو سەدان تەرمه‌ دەرهێنراوه‌ن كه‌ تۆمارنه‌كراون (...) ئایا ئەوانە مەدەنیی بێسەروشوێنن یان چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان؟"

هه‌روه‌ها وتی: "ئەمەش کێشەیەکی دیکەیە كه‌ دەبێت بەخێرایی چارەسەریبکەین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500