هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

شارەوانی موسڵ و خۆبەخشان شارەکە پاکدەنەوە

خالید تائی

بلدۆزەرێکی شارەوانی داروپەردووه‌كان لە موسڵی کۆن پاکدەکاتەوە. [خاوەنی وێنە: شارەوانی موسڵ]

بلدۆزەرێکی شارەوانی داروپەردووه‌كان لە موسڵی کۆن پاکدەکاتەوە. [خاوەنی وێنە: شارەوانی موسڵ]

ماوەیەکە شارەوانی موسڵ لەگەڵ چەند تیمێکی خۆبەخشی خۆجێییدا کاردەکات بۆ نەهێشتنی هەموو پاشماوەکانی ئه‌و شەڕه‌ی دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئه‌نجامدرا.

سەرۆکی شارەوانی موسڵ، عەبدولستار حەبو، وتی: "لە کارەکانمان بەردەوامین و پلانمان هەیە بەشێکی نوێ دروستبکەین لەنێو شارەوانیدا بەناوی "بەشی پشتگیریی خۆبەخشان" بۆ گەشەدان بە پلانێك بۆ پرۆژەکانی ئەم تیمانە و بەهێزکردنی کاری پێکەوەیی."

وتی: "داروپەردووی ژمارەیەکی زۆر لە بینای رووخاومان لابرد، تا ئەمڕۆ بەکۆی 3.5 ملیۆن مەتر سێجا، لە گەڕەکەکانی موسڵ، لەنێویاندا موسڵی کۆن." ئاماژەشیکرد بەوەی 11,500 ماڵ لە موسڵ روخێنرابوون.

پاشماوەی 10,000 ئۆتۆمبیلی سوتاویش لابراون.

کارمەندانی شارەوانی موسڵ به‌ربه‌ستی ناوه‌ڕاستی شەقامێكی سەرەکیی شارەکە چاکدەکەنەوە. [خاوەنی وێنە: شارەوانی موسڵ]

کارمەندانی شارەوانی موسڵ به‌ربه‌ستی ناوه‌ڕاستی شەقامێكی سەرەکیی شارەکە چاکدەکەنەوە. [خاوەنی وێنە: شارەوانی موسڵ]

حەبو وتی: "ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی داروپەردووه‌كان و پاشماوەی شەڕ سه‌خت و مەترسیدارە، چونکە بۆمبی دەستکرد و پشتێنی بۆمبڕێژكراو و پاشماوەی شەڕ بوون به‌ژێر داروپەردووه‌كانه‌وه‌ یان شاردراونەتەوە."

وتیشی زۆربەی رێگاكانی موسڵ چاککراونەتەوە و ئێستا کراوەن بۆ هاتوچۆ.

هه‌روه‌ها وتی: "چەند رێگەیەکمان کردەوە بەدرێژایی 2,695 کیلۆمەتر كه‌ له‌سه‌دا 90ی تەواوبووە لە بەشی خۆرهەڵاتی موسڵ و له‌سه‌دا 50ش لە بەشی خۆرئاوا تەواوبووە."

وتی هەندێك شه‌قام له‌ موسڵی کۆن ناتوانرێت بەکاربهێنرێن تا ژێرخانه‌ زاینپێگه‌یشتووه‌كانی وەك بۆری ئاو چاکنەکرێنەوە.

حەبو وتی لەئێستادا ئاوی خواردنەوە بە له‌سه‌دا 90ی موسڵ دەگات، بەجۆرێك ئاو بە تەنکەر دەگەیەنرێتە 1,400 خێزان کە گەڕاونەتەوە بۆ موسڵی کۆن.

وتیشی شارەوانی و تیمە خۆبەخشە خۆجێیەکانیش بەشدارییانکردووە لە هەوڵەکانی حکومەتدا بۆهەڵگرتنەوەی تەرمی چەکدارانی داعش.

هەوڵە خۆبەخشیەکان

یەکێك لەو تیمە خۆبەخشانەی لەگەڵ کارمەندانی شارەوانیدا کاریکردووە موسابیرون لیلخەیرە (کارکردن بەوریاییه‌وه‌ بۆ چاکە)، کە لەلایەن چالاکوانی مەدەنی بەندەر عەگیدیەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

عەگیدی وتی تیمەکە لەگەڵ شارەوانی کاریکردووە بۆ پاککردنەوەی داروپەردوو لە کۆڵانە تەنگەکانی شارەکەدا و ئێستا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی دیکە.

وتیشی پرۆژەی پاککردنەوەی داروپەردووه‌كان رێیخۆشکرد بۆ "گەڕانەوەی سەدان خێزان بۆ ناوچەی نێشتەجێبوونیان لە موسڵی کۆن".

هەوڵەکانی دیکەی تیمەکان پێشکەشکردنی کۆمەکی فریاگوزاری بوو بە خێزانە زیانبەرکەوتوەکان و پێدانی سه‌به‌ته‌ی خۆراك و پێداویستی سەرەتایی پێیان لە رەمەزاندا.

وتی: "دەستمانکرد بە پرۆژەیەك بۆ چاککردنەوەی خانووی خەڵکی ناوچەکە کە بەهۆی شەڕەوە روخابوون. بەو پاڵپشتیە داراییەی پێماندراوە، خواستمان وایە لانیکەم 100 ماڵ دروستبکەین."

وتیشی: "لەئێستادا کاردەکەین بۆ چاککردنەوەی دوو ماڵ بە سەرچاوەیه‌كی دارایی کەمەوە. بەهیواین پرۆژە و هەڵمەتی خزمەتگوزارییمان ببێتە هاندەرێک بۆ هاریکاریی فراوانتر و گشتگیرتر بۆ نۆژەنکردنەوەی شارەکە."

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، خەڵەف حەدیدی، ستایشی ئاستی هاریکاریی نێوان حکومەتی خۆجێی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد و داوای لە تیمە خۆبەخشەکان کرد بەشێوەیەکی بەردەوام هەماهەنگی بکەن لەگەڵ حکومەتی خۆجێی.

حەدیدی بە دیارونای وت: "چالاکیەکانی پەیوەست بە خزمەتگوزاری کە لەلایەن لاوانی موسڵەوە ئەنجامدراون بۆ گەشاندنەوەی شارەکە پێویستن و نوێەنه‌رایەتی بزوتنەوەیەکی جەماوەری دەکەن و رەنگدانەوەی خواستی وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی هەوڵەکانی بنیاتنانەوەن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500