چالاکوانێك وتی ململانێ هەڵگیرساوە و پێکدادانی هەڕەمەکی لە شاری سەرمین له پارێزگای ئیدلیب و دەوروبەری روودەدات دوای شەڕێکی توند لەنێوان رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و تەحریر شامدا.
چەند شەڕێکی ئەمدواییە لەنێوان ئەو دوو گروپە توندڕەوەدا گەیشتە لوتکە بە کشانەوەی ئەندامانی داعش لە ناوچەکە، بەجۆرێك تەحریر شام بەدوایاندەکەوت.
چالاکوان هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت ئەندامانی داعش لە چەند پێگەیەکی ناوەوە و دەرەوەی سەرمین جێگیربووبوون.
وتی ریشسپیەکانی ناوچەکە هەوڵیاندا رێککەوتنێك بکەن تا شارەکە نەبێتە جێی شەڕی نێوان ئەو دوو لایەنە.
بەڵام رێککەوتنەکە شکستیهێنا و تەحریر شام هێرشێکی فراوانی دەستپێکرد، هێرشیکردە سەر هەموو بنکەکانی داعش لە ناوچەکە و وایکرد داعش بکشێتەوە لە هەموویان.
ئیدلیبی وتی ئەو هاوپەیمانێتیە توندڕەوە ناوچەکە کێوماڵ دەکات بەجۆرێك چەند رۆژێکی پێدەچێت بۆ گەڕان بەدوای ئەو ئەندامانەی داعشدا کە دەکرێت لە شارۆچکە و کێڵگە و دارستانەکانی ئەو دەوروبەرەدا خۆیان شاردبێتەوە.
كوشتار و قوربانیان
ئیدلیبی وتی لە شەڕەکانی ئەمدواییەدا داعش هەشت چەکداری لەسێدارەدا کە پێشتر دەستگیریکردبوون. سیانیان ئەندامی تەحریر شام بوون و ئەوانیدیکە ئەندامی گروپی چەکداری دیکە بوون.
وتی تەحریر شام دەیان ئەندامی داعشی کوشت و بریندارکرد و زۆری دیکەشی گرت، "لەنێویاندا ژمارەیەك ئەمیر و بەرپرسی ئەمنی".
ئیدلیبی وتی: "دوای هێرشەکەی بۆ سەر سەرمین، هێرشەکەی تەحریر شام فراوانبوو بۆ هەموو ناوچەکانی ئیدلیب لە خۆرهەڵات، بەتیابەتی شارۆچکەی مەعەساران."
وتیشی لەوێ هاوپەیمانێتیەکە ژمارەیەك ئەندام و سەرکردەی داعشی دەستبەسەرکرد، كه هەندێکیان چالاکبوون لە شاری رەقەدا.
ئیدلیبی وتی تەحریر شام بەتەواوی دەستیگرت بەسەر شارۆچکە و گوندەکانی جوباس و نیرەب و قمیناسدا و "هەموو رێگە سەرەکیەکانی گرت بۆ ئاسانکاری بۆ ههڵمهتهكان و جوڵەی ئەندامانی".
وتیشی دواتر ئەو هاوپەیمانێتیە توندڕەوە ژمارەیەکی زۆر بازگەی دانا بەنێو ئیدلیبی خۆرهەڵاتدا و چاودێری ناسنامەی گەشتیاران دەکات لە گەڕانیاندا بەدوای ئەو ئەندامانەی داعشدا کە ناویان تۆمارکراوە.