هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

دانیشتوانی حەویجە و پۆلیس باوەڕبوون بە یەکدی بنیاتدەنێن

خالید تائی

دانیشتوانی حەویجە و پۆلیس پەنجەی سەرکەوتن بەرزدەکەنەوە. زانیاریەکانی دانیشتوانەکە رۆڵی گەورە ده‌بینن لە باشکردنی پاراستنی شارەکەدا دوای داعش. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵ]

دانیشتوانی حەویجە و پۆلیس پەنجەی سەرکەوتن بەرزدەکەنەوە. زانیاریەکانی دانیشتوانەکە رۆڵی گەورە ده‌بینن لە باشکردنی پاراستنی شارەکەدا دوای داعش. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵ]

بەرپرسان بە دیارونا دەڵێن كه‌ دانیشتوانی شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکوك ئارامی دەخوازن و پەیوەندیەکی توندوتۆڵ لەگەڵ هێزە ئەمنیەکاندا لەسەر بنەمای باوەڕبوون بە یەکتری بنیاتدەنێن.

وتیان هاوكاریه‌كان بوونەتە هۆی گرتنی چەند ئەندامێکی باڵای چەکدارانی داعش و دۆزینەوەی چەندین حەشارگەی چەکدارەکان.

سەرکردەکان و خێڵەکان و پۆلیسی فیدراڵ لە حەویجە بەردەوام کۆدەبنەوە بۆ تاووتوێکردنی چەندین کێشە.

وتەبێژی پۆلیس عەقید عەبدولڕەحمان خەزعەلی بە دیارونای وت: "لانیکەم رۆژناڕۆژێك راوێژدەکەین لەگەڵ دانیشتوانە ناوخۆییەکە و باسی ئەمنیەتی ناوچەکە و کاروباری رۆژانەیان بۆ دەکەین."

سەرکرە ئەمنیەکان لەگەڵ سەرکردەی خێڵەکان کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر هاوكاریی ئه‌منی. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵ]

سەرکرە ئەمنیەکان لەگەڵ سەرکردەی خێڵەکان کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر هاوكاریی ئه‌منی. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵ]

وتی: "خەڵك هۆشیارن کە دێتە سەر ئەمنیەت و یارمەتی هێزەکانمان دەدەن و پشتگیرییان ده‌كه‌ن بۆ ئەوەی بەباشی ئه‌ركه‌كانیان راپەڕێنن." باسی لەوەش کرد كه‌ ئەو زانیاریه‌ هەواڵگرییانه‌ی دانیشتوان پێشكه‌شیده‌كه‌ن زۆر گرنگن.

وتی: "هەست بە هه‌ر شتێكی گۆمانلێكراو بکەن یەکسەر ئاگادارمان دەکەنەوە و ئێمەش ئەو کارەی ماوە جێبه‌جێیدەکەین. زانیاریەکان هاوکارن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان کە تیرۆریستەکانن و ئه‌ركه‌كانمان زۆر باشتر و كاراتر دەکەن."

خەزعەلی وتی :"لە ئەنجامدا توانیومانە چەندین تیرۆریستی مەترسیدار دەستگیربکەین و چەندین حەشارگەی چەك و تەقەمەنی لە ناوچە دوورەدەستەکاندا بدۆزینەوە."

وتیشی ئه‌و زانیاریه‌ هەواڵگرییانه‌ی دانیشتوانەکە داویانە هاوکاربووە بۆ دۆزینەوەی تونێل و پەناگەکان، کە ژمارەیەکی زۆر ئامێری تەقینەوەیان لێ هەڵگیرابوون.

هاوكاری ئارامی ده‌سته‌به‌رده‌كات

خەزعەلی وتی جگه‌ له‌ راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش، پۆلیس هاوکاریی هەوڵەکانی دانیشتوانه‌كه‌ش ده‌كه‌ن بۆ هێنانه‌دیی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان و ده‌سته‌به‌ركردنی کەشێکی ئارام تائاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

وتیشی: "فیرقەی شەشی پۆلیسی فیدراڵ رۆڵێکی گەورە دەگێڕن لەو لایەنەوە." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ ئەو کەشە هاوکاربووە بۆ ئەوەی خەڵكێکی زۆر بگەڕێنەوە گەڕەکەکانیان.

فەرماندەی هێزە خیڵەکیەکانی حەویجە، شێخ وەسفی عاسی، بە دیارونای وت: "زیادبوونی هاوکاری ناوخۆیی بۆ هێزە ئەمنیەکان دەرئەنجامێکی چاوەڕوانکراوبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی دانیشتوانەکە زۆریان چەشت بە دەست تیرۆریزمەوە."

وتی: "تیرۆریستەکان خەڵکیان زۆر ئازاردا لە سێ ساڵی رابردوودا و زۆر سروشتیە بۆیان ئێستا هاوکاریبكه‌ن بۆ راماڵینی تیرۆریزم لە ناوچەکانیان."

وتیشی داعش چەند هەوادارێكی ناوخۆیی ماوە و هاوکاریانن بۆ دۆزینەوەی پەناگە. هه‌روه‌ها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ "خەڵك جگە لە تراژیدیا هیچیان نەبینی و کەسیش بیر لە دووبارەکردنەوەی ئەو ئەزموونە ناکاتەوە".

عاسی وتی: "تەنیا چەند چەکدارێکی کەمی داعش لە گوندە دوورەدەستەکانی حەویجە ماون و ئەوانیش توانای هێرشکردن و راکێشانی ئەندامی نوێیان نییە."

پێویسته‌ حکومەت ده‌ستبه‌كاربێت

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، مەعان محەمەد حەمەدانی، بە دیارونای وت زۆر گرنگە باوڕەبوون بە یەکدی و هاوكاری لەنێوان دانیشتوانە ناوخۆییەکە و هێزە ئەمنییەکاندا بنیاتبنرێت.

وتی: "حەویجە یەکەیەکی ئیداریە و بۆ 200 کم درێژدەبێتەوە و 5,000 گوند لەخۆدەگرێت." ئەوەش وایکردووە سەخت بێت ئەمنیەت دابینبکرێت بەبێ هاوکاری دانیشتوانە ناوخۆییەکە.

حەمەدانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ چەند گوندێکی دوورەدەست بە چۆڵی ماونەتەوە دوای ئەوەی بەهۆی داعشەوە دانیشتوانەکەیان ئاوارەبوون.

وتی لەو ناوچانە زۆربەی ئاوارەکان جوتیارن و پێویستیان بە هاوکاری دەوڵەت هەیە بۆ دابینكردنی ئاو بۆ ئاودێری تا بتوانن بگەڕێنەوە و دەستبکەنەوە بە کار لەسەر زەویەکانیان.

وتیشی ئەو گوندە چۆڵانە مەترسیەكی گەورەن چونکە دەکرێت ببنە حەشارگەی چەکداران و داوای ده‌ستبه‌كاربوونی دەستبەجێی حکومەتی کرد بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500