هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق گردەکانی حەمرین شه‌نوكه‌وده‌كه‌ن بەدوای شانەکانی داعشدا

خالید تائی

سەرەکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی سەرکردە ئەمنیەکان دەبینێت بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی بنەبڕکردنی شانە نوستوەکانی داعش لەم وێنەیەدا کە 25 حوزەیران لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرەکوەزیرانی عێراق]

سەرەکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی سەرکردە ئەمنیەکان دەبینێت بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی بنەبڕکردنی شانە نوستوەکانی داعش لەم وێنەیەدا کە 25 حوزەیران لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرەکوەزیرانی عێراق]

وەزارەتی بەرگری عێراق سێشەممە (26 حوزەیران) رایگەیاند سوورە لەسەر بنەبڕکردنی شانە نوستوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و پاراستنی مەدەنیەکان لە هەڕەشەی تیرۆریزم.

بەیاننامەکەی وەزارەت چەند كاتژمێرێك دوای ئەوە هات کە هێزێکی سەربازی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی شه‌نوكه‌ویان دەستپێکرد لە ناوچەی حەمرین بۆ دۆزینەوەی شەش عێراقی کە هەفتەی رابردوو لەلایەن داعشەوە رفێنران لەکاتی تێپه‌ڕینیاندا به‌ رێگەی بەغدا-کەرکوكدا.

داعش شەش کەسەکەی لە کەرکوك رفاند و لەڕێی ڤیدیۆوە هەڕەشەی كرد کە دەیانکوژێت گەر ئەو ژنە ئەندامانەی داعش ئازادنەکرێن کە سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە لە عێراق.

وتەبێژێكی وەزارەت، لیوا تەحسین خەفاجی، وتی: "دوای ئەوەی لەڕووی سەربازییەوە شکستی هێنا، لەمڕۆدا داعش هەوڵدەدات ورەی ئەندامە ماوەکانی بەرزبکاتەوە بە چالاککردنی شانە نوستووەکانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی وەها کە دەتوانرێت لانیکەم بە ترسنۆکانە لەقەڵەمبدرێت."

هێزەکانی عێراق بڵاوبوونەتەوە لە گردەکانی حەمرین بۆ گەڕان بەدوای شەش عێراقیدا کە لەلایەن داعشەوە لەسەر رێگەی بەغدا-کەرکوك رفێنران. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی دیالە]

هێزەکانی عێراق بڵاوبوونەتەوە لە گردەکانی حەمرین بۆ گەڕان بەدوای شەش عێراقیدا کە لەلایەن داعشەوە لەسەر رێگەی بەغدا-کەرکوك رفێنران. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی دیالە]

وتی گروپەکە هەوڵیداوە بوونی خۆی بسەلمێنێت بە ئەنجامدانی تاوان دژی خەڵك، وەك رفاندنی ئەمدواییەی شەش عێراقی.

خەفاجی وتی لە کۆبوونەوەیەکی درێژی ئەمنیدا، دووشەممە، لەگەڵ سەرەکوەزیران حەیدەر عەبادی "رێنمایی توندمان پێدرا بۆ شوێنپێهەڵگرتنی شانە نوستوەکانی داعش لە هەرکوێیەك بن". وتیشی: "سوورین لەسەر لەناوبردنی ئەم شانانە".

خەفاجی وتی لە ئەنجامی کۆبونەوەکەدا، هێزێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەت پێکهێنرا بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی عێراق و "پاراستنی رێگەکان لە باندە تیرۆریستی و تاوانکارییەکانو ئەنجامدانی هەڵمەتی دەستبەجێ بۆ شوێنپێهەڵگرتنی تیرۆریستان".

وتیشی: "رێنماییەکان تەرکیزیان لەسەر بەرەوپێشبردنی کاری هەواڵگری و گۆڕینەوەی زانیاریی و هەوڵی هەماهەنگیه‌ بۆ بەرگرتن بە پێدانی هەر دەرفەتێك بە تیرۆریستان و رێگرتنیان لە هەڕەشەکردن لە ئەمنیەتی هاوڵاتیان."

پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ خەڵك

خەفاجی وتی: "سەرکەوتنمان [بەسەر داعشدا] بەهۆی پەیوەندییەکی بەهێزەوە بەدەستهاتووە کە لەنێوان خەڵك و هێزە ئەمنیەکاندا گەشەیپێدراوە."

وتیشی: "قوربانیدانی سەربازەکان و بەدەمەوەچوونیان بۆ رزگارکردنی خەڵك لە گەمارۆی داعش بە هەر باجێك بێت ئەوەیە کە پەیوەندی و متمانەی دوولایەنەی لەنێوان هەردوولا بەهێزکردووە."

خەفاجی وتی: "پشت بەو پەیوەندییە دەبەستین بۆ شوێنپێ هەڵگرتنی تیرۆریستان، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی دەستپێشخەرانە دژی بنکە نهێنیەکانیان و هێرشکردنە سەر حەشارگەكانی چەك و ئامرازه‌كانیان."

هێزێکی ئەمنیی هاوبەش کە پێکهاتبوو لە ستافێك لە فیرقەی 5، هەواڵگریی سەربازی و پۆلیسی دیالە، بە هاوکاریی هێزی ئاسمانی، دوشەممە، ئۆپەراسیۆنێکی بنکەفراوانی گەڕانی دەستپێکرد.

وتی ئامانجەکە شوێنپێهەڵگرتنی پاشماوەکانی داعشە لە گردەکانی حەمرین.

بەگوێرەی بەیاننامەیەك کە فەرماندەیی پۆلیسی دیالە دەریکردووە، توندڕەوێك کوژراوە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا.

بەیاننامەکە رایگەیاند كه‌ جیا لەوەش، سێ شوێنی حەوانەوە و 10 ماتۆڕ تێکشکێنراون، نۆ بۆمب پوچەڵکراونەتەوە و دەستگیراوه‌ بەسەر پیکابێك و چەند بۆمبێك و ئامێر و خۆراکیشدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500