هه‌واڵه‌كانی عێراق
میدیا

فیلمێکی عێراقی باس له‌ په‌شیمانبوونه‌وه‌ی خۆکوژان ده‌كات

خالید تائی

دەرهێنەری عێراقی محەمەد دەراج خەڵاتێك وه‌رده‌گرێت بۆ فیلمەکەی، گەشتێك، لە فیستیڤاڵی مەسقەت لە مانگی ئازار. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی فیلمی گەشتێکەوە وەرگیراوە]

دەرهێنەری عێراقی محەمەد دەراج خەڵاتێك وه‌رده‌گرێت بۆ فیلمەکەی، گەشتێك، لە فیستیڤاڵی مەسقەت لە مانگی ئازار. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی فیلمی گەشتێکەوە وەرگیراوە]

فیلمێکی نوێ لەلایەن دەرهێنەری عێراقیه‌وه‌ محەمەد دەراجی، دەربارەی ژنێکی خۆکوژ کە پەشیماندەبێتەوە، ستایشدەکرێت بەهۆی پەیامە دژە تائیفیەکەیەوە.

فیلمی "گەشتێك" كه‌ ساته‌وه‌خته‌كه‌ی ئه‌و رۆژەیه‌ کە سەدام حسێنی تێدا لەسێدارەدرا، 30 کانونی یەکەم 2006، چیرۆکی سارا ده‌گێڕێته‌وه‌، ژنێکی لاو کە بەنیازە خۆی بتەقێنێتەوە لەناو خەڵکدا لە نێوەندی بەغدادا.

چرکەیەك پێش تەقاندنەوەی پشتێنەکەی، سارا، کە لەلایەن ئەکتەری عێراقی زەهرا غەندورەوە رۆڵی دەبینرێت، دەچێتە نێو گەشتێکی خەیاڵییه‌وه‌ بۆ زانینی ژیانی گەشتیارانی دەوروبەری و مەینەتیەکانیان.

دوای بینینی ئازاری پیاوێك کە تاقە کوڕەکەی لەدەستداوە بەهۆی رفاندنی لەلایەن گروپێکی تیرۆریستیەوە، سارا به‌ بیروباوه‌ڕكانیدا ده‌چێته‌وه‌.

دیمەنێك لە 'گەشتێك' کە فیلمێکی عێراقیە و چیرۆکی ژنێکی گەنجی خۆکوژ ده‌گێڕێته‌وه‌ کە پەشیماندەبێتەوە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی فیلمی گەشتێکەوە وەرگیراوە]

دیمەنێك لە 'گەشتێك' کە فیلمێکی عێراقیە و چیرۆکی ژنێکی گەنجی خۆکوژ ده‌گێڕێته‌وه‌ کە پەشیماندەبێتەوە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی فیلمی گەشتێکەوە وەرگیراوە]

دەراجی بە دیارونای وت فیلمەکە، کە لەسەر بنه‌مانی چیرۆکێکی راستەقینەوه‌ داڕێژراوه‌، هەوڵدەدات "بچێتە نێو دەروونی خۆکوژەکەوە تا ئەوەی ماوەتەوە لە هەست و نەستی دەریبخات".

وتی: "پەیامی فیلمەکە ئەوەیە كه‌ ژیان و چاکە سەردەکەون و ئەوەش كه‌ سیناریۆیه‌كه‌ رێیتێده‌چێت بۆ خۆکوژێك مرۆڤایەتی بدۆزێتەوە کە بەهۆی مێشکشۆردنەوەیه‌وه‌ له‌لایه‌ن تیرۆریستانەوە لەدەستیداوە."

پێش نیشاندانی لە سینەماکانی بەغدا، 'گەشتێك' لە 15 فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمدا نمایشکرا، لەنێویاندا فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی دوبەی بۆ فیلم له‌ 2017 و فیستیڤاڵی تۆرۆنتۆ بۆ فیلم. چەندین خەڵاتی بردەوە، لەنێویاندا خەڵاتی فیلمی فیچەری درێژ، لە 10هه‌مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی مەسقەت بۆ فیلم.

لە تەمموزدا، فیلمەکە لە سینەماکاندا نمایشدەکرێت، لە مەغریبەوە بۆ کەنداو.

'میهرەبانی و شەرەفی عێراق'

ئەمیر جەبارە رۆڵی سەلام دەبینێت، کاراکتەرێکی ئاڵۆز کە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە دروستکردنی رووداوه‌ تراژیدیەکانی فیلمەکەدا.

جەبارە بە دیارونای وت: "هەڵسوکەوتی سەلام لە ئاسایی ناچێت، بەڵام میهرەبانی و شەرەفی راستەقینەی عێراقیەکانی هەیە."

وتی: "کاتێك سەلام دەزانێت ئەم ژنە بۆمبی شاردۆتەوە، بەشێوەیەکی سروشتی هەوڵدەدات خێزانەکەی بپارێزێت لەجیاتی پاراستنی خۆی و دەستدەکات بە هاوسۆزی لەگەڵ خۆکوژەکە و دەبێتە بەشێکی گرنگ لە گۆڕینی."

جەبارە وتی 'گەشتێك' بەرهەمێکی گرنگی عێراقیە کە راستەوخۆ باس لە کێشەی تیرۆریزم و توندڕەوی دەکات.

وتیشی: "پەیامەکەمان روونە: دەمانەوێت ئەوانەی مێشکیان شۆراوەتەوە بیربکەنەوە و راستی بۆ خۆیان بدۆزنەوە. فیلمەکە بەتوندی دژی توندڕەوی و ئەو جۆرەیە لە بیرکردنەوە کە توندوتیژیی بەرهەمهێناوە."

مۆسیقا میراتی کلتوری ده‌گوێزێته‌وه‌

مۆسیقای فیلمەکە لە مۆسیقا کۆنەکانی بەغداوە وەرگیراوە.

مایسترۆ عەلی خەساف کە مۆسیقاکەی بەرهەمهێناوە وتی: "مۆسیقای عێراقیمان هەڵبژارد تا میراتی کولتوریی فیلمەکە بگەیەنین لەگەڵ پەیوەندیی بە عێراقیەکان و ژینگەکەیانه‌وه‌ بە هه‌موو وردەکارییه‌كانیەوە."

خەساف رۆڵی کاراکتەرێکیشی بینی کە دەستبەسەری جەنگ بوو، گەڕابووه‌وە.

وتی: "لەم فیلمەدا، توانیمان رەنگدانەوەی وێنەی راستەقینەی ئەو عێراقیانە بین کە بران و تیرۆریزم ناتوانێت لێکیانبکاتەوە. بەوجۆرە دەمێنینەوە بەهۆی میرات و چارەنوسمانەوە."

خەساف وتی فیلمەکە ناوەندێكە بۆ گەیاندنی پەیام و دروستکردنی گۆڕانکاریی ئەرێنی کۆمەڵایەتی.

وتیشی: "هەربۆیە دەمانەوێت سوود لە توانای هونەرییمان ببینین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئایدۆلۆژیای تیرۆریزم." ئاماژەشیکرد بەوەی کە فیلمەکە "بەردەوام ستایشی پێدەگات و جه‌ماوه‌رێتییه‌كی به‌رفراوانی هه‌یه‌ له‌ناو خه‌ڵكدا".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500