هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

دیواری ئەمنی بەغدا بەرەو تەواوبوون دەچێت

خالید تائی

کاری ته‌ختكردن و هەڵکەندن دەکرێت لە مانگی ئایاردا بۆ پرۆژەی دیواری بەرگری. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا]

کاری ته‌ختكردن و هەڵکەندن دەکرێت لە مانگی ئایاردا بۆ پرۆژەی دیواری بەرگری. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا]

بەرپرسانی ناوخۆیی بە دیارونایان وت هێزەکانی عێراق نزیکبوونەتەوە لە تەواوکردنی دروستکردنی دیوارێکی کۆنکرێتی کە توێژێكی دیکە له‌ بەرگری دەداتە بەغدا بۆئەوەی لەو دزه‌كه‌رانه‌ پارێزراوبێت کە ده‌شێت ببنه‌ مەترسی ئەمنی.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەستیكرد بە کارەکان لە سەر دیوارەکە لەسەرەتای 2016 و ئەوەش بەشێك بوو لە هەوڵە گشتیەکان بۆ بەرگریکردن لە پایتەختەکەی عێراق.

ئەندامێكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا سەعد مەتلەبی بە دیارونای وت: "دیوارە ئەمنیەکە دەوری پایتەخت دەدات لە سێ لاوە لە باکور و رۆژئاوا و باشورەوە."

وتی لە ناوچەکانی رۆخی باکوری بەغداوە دەستپێدەکات، کە گەڕەکی تارمییە دەگرێتەوە، لەوێشەوە دەوری رۆژئاوا دەدات بەرەو ئه‌و ناوچانه‌ی بەستراون بە فەلوجە و عامریە فەلوجەوه‌، ئینجا بەرەو باشور درێژدەبێتەوە بەرەو یوسفییە و لەتیفییە و مه‌دائین.

به‌ربه‌ستێكی کۆنکرێتی لادەبرێت لە گەڕەکێکی بەغدا له‌ تشرینی دووەم بۆ ئەوەی به‌كاربهێنرێت له‌ دروستكردنی ئه‌و دیواری بەرگرییه‌دا كه‌ به‌ دەوری شارەکەدا درێژده‌بێته‌وه‌. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا]

به‌ربه‌ستێكی کۆنکرێتی لادەبرێت لە گەڕەکێکی بەغدا له‌ تشرینی دووەم بۆ ئەوەی به‌كاربهێنرێت له‌ دروستكردنی ئه‌و دیواری بەرگرییه‌دا كه‌ به‌ دەوری شارەکەدا درێژده‌بێته‌وه‌. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا]

وتیشی: "دیوارە ئەمنییەکە ئێستا نزیکەی 95 کم درێژە و زیاتر پێکهاتووە لەو به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێتییانه‌ی بەناو گەڕەکەکانی پایتەختدا بڵاوکرابوونەوە و دەوری چەند گەڕەکێکی سەرەکی و بیانا گشتیەکانیان دابوو."

هه‌روه‌ها وتی هەشت دەروازەی ئەمنی درووستدەکرێن بەدرێژایی دیوارەکە تا پشكنین بۆ ئۆتۆمبیلەکان بکرێت و بە ئامێری دۆزینەوەی تەقەمەنی بپشکنرێن، لەکاتێکدا تاوەری چاودێریشیان لێ دادەنرێت به‌ کامێرا و ئامێرەکانی هه‌ستكردن به‌ جوڵه‌وه‌.

مەتلەبی وتی: "دیوارە ئەمنیەکە ئاشكرایە رێگریدەکات لە هاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکان." وتیشی بۆشاییەکان و رێگا خۆڵەکان دەگرێت کە ده‌كرێت بۆ گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی بەکاربهێنرێن.

هاوکاری لە هێزە خێڵەکیەکانەوە

شێخ خالید جەنون، سەرۆکی ئەنجومنی خێڵ و پیاوماقۆڵانی لەتیفییە لە بەغدا، وتی دیوارەکە لەلایەن یەکەی ئەندازیاریی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداوە دروستدەکرێت بە هاوکاری هێزە خێڵەکیەکانی سەحوە.

جەنون وتی هێزەکانی سەحوە هاوکاری دانانی چەندین دیواری بەرگرییان کردووە "لە دەوری چەند ناوچەیەك لە سەر رێنماییەکانی فەرماندەییەکە"، هەروەها پاسەوانییان کردووە لەناو تاوەرکانی چاودێریدا بۆ پاراستنی ئەمنیەتی ناوچەکان و هەواڵگریشییان دابینکردووە.

وتی دیوارەکە لە باشوری بەغدا بە درێژی 40 کم درێژدەبێتەوە كه‌ "رێکارێکی زۆر باشە بۆ سنووردارکردنی جوڵەی تیرۆریستەکان و رێگریکردن لە بەکارهێنانی ناوچەکانمان وەك رێڕەوێك کە لێوەی هەڕەشە لە پایتەخت بکەن".

وتیشی ئەو ناوچانە پێشتر "زۆر مەترسیدار" بوون، چونکە گروپە توندڕەوەکان بەکاریانده‌هێنان وەك پەناگە و بنکەی دەستپێکردنی هێرشەکانیان.

جەنون وتی چەند شانەیەکی نووستوی داعش لە ناوچەکە ماون بەڵام "پارێزراو نین و بەردەوام دەکرێنە ئامانج و راوەدوودەنرێن".

پرۆژەیەکی شوراكێشیی فراوانتر

دیوارە ئەمنییەکە بەشێکە لە پرۆژەیەکی شوراكێشی کە ملیارێك دینار (838،000 دۆلار)ی تێدەچێت و هەڵکەندنی خەندەقیش لەخۆدەگرێت -- 2 مەتر قوڵ و 3 مەتر پان -- لەو ناوچانەی لەلایەن دیوارە ئەمنیەکەوە نەپارێزراون.

وتی پرۆژه‌كه‌ باڵۆنی چاودێری و سیستمی ئەلکترۆنیش لەخۆدەگرێت کە بە 360 پلە چاودێری بەدەوری بەغدادا دابیندەکات.

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، غالیب زاملی، بە دیارونای وت پرۆژەی بەرگرییەکە "تەنیا بۆ سنووردارکردنی هێرشە تیرۆریستییەکان نیە".

وتی هاوکاریی هێزە ئەمنیەکانیش دەکات بۆئەوەی ژمارەی بازگەکان کەمبکەنەوە و رێکارە ئەمنیەکانیش لە گەڕەکەکانی بەغدا سوکتربکەن، ئەمەش ئەرکی سەرشانی هێزە ئەمنیەکان و دانیشتوانەکەش کەمدەکاتەوە.

وتی بازگەکان ناسروان بەوەی دەبنە هۆی دروستکردنی قه‌ره‌باڵغی لەسەر شەقامەکانی پایتەخت و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ پرۆژەی شورا ئه‌منییه‌كه‌ پاراستن زیاتر دەکات و رێشخۆشدەکات بۆ کردنەوەی رێگای زیاتر و ئەو ناوچانەی بە هۆکاری ئەمنی داخراون، ئەمەش ئاسانكاری ده‌كات بۆ جموجۆڵی زیاتر.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

وادەی بینین لە چ وەزارەتێك؟

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌