هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەروەرەدە و خوێندن

عێراق سەدان کتێبی دانسقەی دزراو لەلایەن داعشەوە به‌ده‌ستدێنێته‌وه‌

خالید تائی

هێزە ئەمنیەکانی عێراق دەستیانگرت بەسەر سەدان کتێبی دانسقەدا لە راوە، خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار، کە لەلایەن ئەندامانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)ەوە دزرابوون. [خاوەنی وێنە: کارگێڕیی قەزای عەننە]

هێزە ئەمنیەکانی عێراق دەستیانگرت بەسەر سەدان کتێبی دانسقەدا لە راوە، خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار، کە لەلایەن ئەندامانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)ەوە دزرابوون. [خاوەنی وێنە: کارگێڕیی قەزای عەننە]

هێزەکانی عێراق توانییان سەدان کتێبی دانسقە بگەڕێننەوە کە دزرابوون لەلایەن ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە لەکاتی فەرمانڕەوایی گروپەکەدا لە شارەکە، ئیداره‌ی ناوخۆی راوە لە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار چوارشەممە (20 حوزەیران) رایگەیاند.

قایمقامی راوە، حسێن عەلی عەگیدی، بە دیارونای وت کتێبەکان لەکاتی گەڕانێکی ئاساییدا به‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كاندا دۆزرانەوە، لە ماڵێکی چۆڵدا لە راوەی كۆن.

وتی زانیاریی دانیشتوانه‌كه‌ سەریکێشا بۆ دۆزینەوەی بەشێکی دیکە لە کتێب کە شاردرابوونەوە لە ماڵێکدا لە هەمان ناوچە.

وتیشی کتێبەکان، کە هەموویان 722 کتێبن، هی کتێبخانەی قەزای عەننەن، کە هاوسێی راوەیە.

عەگیدی وتی: "کتێبەکان مۆری کتێبخانەکەیان پێوەیە و بە بایەخدار دادەنرێن، چونکە زۆربەیان له‌ سەدەیەك کۆنترن."

هه‌روه‌ها وتی: "کتێبی ئایینی و مێژووییان تێدایە لەسەر كه‌له‌پور و مێژووی عێراق، لەگەڵ کتێب دەربارەی فەلسەفە، ئابوری، هزر و کولتور."

ئاماژەشیکرد بەوەی ئیداره‌ی راوە تیمێکی تایبەتی دامەزراند بۆ بەدەستهێنانەوە و گواستنەوەی کتێبەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ ئیداره‌ی قەزای عەننە و دواتریش بۆ کتێبخانەكه‌.

داعش هەوڵیدا کولتور بنەبڕبکات

عەگیدی وتی: "دۆزینەوەی کتێبەکان دەیسەلمێنێت کە داعش دەستیهەبووە لە دزینی کاڵا مێژوویی و کولتورییەکانی عێراقدا."

وتیشی گروپەکە هەوڵیداوە سوود لە بە قاچاخبردن و فرۆشتنی کەلەپور وه‌رگرێت لەڕێگەی سنوورەوە.

هه‌روه‌ها وتی: "[داعش] گرنگی نادات بە کتێبەکان و بەهای مێژوویی و ئەکادیمییان." ئاماژەشیکرد بەوەی تەنیا کولتورێك گروپەکە لەخۆی دەگرێت "خوێن و توندڕەوی و بڵاوکردنەوەی پاشاگەردانی و تێكدانه‌".

وتی: "ئەندامه‌كانی چەندین کتێبخانە و ناوەندی زانستی و زانیارییان تاڵانكردووه‌ و سوتاندویانە تا تەنیا کولتوری بەربەری بڵاوببێتەوە لە کۆمەڵگەکانی ژێردەستیاندا."

بەگوێرەی عەگیدی رەنگە شتی دانسقەی دیکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە ماڵەکانی دیکەی شارەکەدا شاردرابنەوە، کە ناکرێت دەستیان پێیانڕابگات بەهۆی زۆریی بۆمبە چێنراوه‌كانه‌وە.

وتیشی دوای ئازادکردنی راوە لە 17 تشرینی دووەمدا، زیاد لە 100 ماڵی بە بۆمب تەنراو پاککرانەوە.

وتی: "بەڵام 32 ماڵ هێشتا بە بۆمب تەنراون و پسپۆڕان هێشتا ته‌قه‌مه‌نییه‌كانیان پوچەڵنەکردۆتەوە لەنێو ماڵەکاندا، چونکە بەشێوەیەکی زۆر ئاڵۆز دایانناون."

هه‌روه‌ها وتی: "نازانین چیتر لەم ماڵانەدا شاردراونەتەوە جگە لە ته‌قه‌مه‌نی."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500