هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

عێراق کارەبا دەگەڕێنێتەوە بۆ موسڵ بەڵام هێشتا به‌بڕێكی كه‌م

خالید تائی

کرێکارانی کارەبا مۆلیدەیەك چاکدەکەنەوە کە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە موسڵ تێكیدابوو. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی دابەشکردنی کارەبا لە نەینەوا]

کرێکارانی کارەبا مۆلیدەیەك چاکدەکەنەوە کە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە موسڵ تێكیدابوو. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی دابەشکردنی کارەبا لە نەینەوا]

وەزارەتی کارەبای عێراق کۆتایی ئایار رایگەیاند کارەبای گەیاندۆتەوە رۆژهەڵات و رۆژئاوای موسڵ، دوای کۆتایهاتنی هەوڵێکی گەورەی نۆژەنکردنەوە کە لە کانونی یەکەمی 2016 دەستیپێکرد.

هەنگاوەکە چاکردنەوەی تۆڕەکانی گەیاندن و پێداویستیەکانی کارەبای لەخۆگرتبوو کە لە شەڕی دژی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا تێکدرابوون.

بەڕێوبەری فه‌رمانگه‌ی دابەشکردنی کارەبا لە نەینەوا ئەحمەد ئەمجەد وتی کەرتی کارەبا زۆر زیانی بەرکەوت بەدەستی داعش.

ئەمجەد بە دیارونای وت: "هه‌ر زوو دەستمانكرد بە کاری نۆژەنکردنەوە له‌ 15 كانونی یه‌كه‌می 2016. هەر كه‌ سوپا ناوچەیەکی لە تیرۆریستەکان رزگاردەکرد، یەکسەر دەچوینە ئەوێ بە ستافەکەمانەوە بۆ ئەوەی دەستبکەین بە کارەکانی چاکردنەوەی ئەوه‌ی تێکدرابوو."

تۆڕە نوێکانی کارەبا دانراون بۆ ئەوەی پێویستیی خەڵك به‌ کارەبا لە گەڕەکەکانی رۆژئاوای موسڵ به‌دیبهێنرێت. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی دابەشکردنی کارەبا لە نەینەوا]

تۆڕە نوێکانی کارەبا دانراون بۆ ئەوەی پێویستیی خەڵك به‌ کارەبا لە گەڕەکەکانی رۆژئاوای موسڵ به‌دیبهێنرێت. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی دابەشکردنی کارەبا لە نەینەوا]

ئەمجەد وتی زیاتر لە سەدا 65 ی رۆژهەڵاتی موسڵ خاپووركرابوو، بەشی رۆژئاوای شارەکەش لەوە زیاتر وێرانیی بەخۆوە بینی.

وتی: "بە توانایەکی بێوێنەوە کاردەکەین و هەوڵیشمانداوە بەسەر ئەو بەربەست و کێشانەدا سەرکەوین کە دێنه‌ڕێمان."

وتیشی: "ئێستا ئەرکەکانمان تەواوکردووه‌ و توانیمان خزمەتگوزاری بۆ موسڵ بگەڕێنینەوە. یەك گەڕەك نەماوە خزمەزگوزاریی نەبێت، جگە لە شاره‌ کۆنه‌كه‌،" کە زۆرترین وێرانکاری بەخۆوە بینیوە.

ئەمجەد وتی لە شاره‌ کۆنه‌كه‌دا، دانیشتوانەکە ئێستا لەڕێی مۆلیدەی بچوکەوە کارەبایان بۆ دابیندەکرێت و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ ئێستا 10,000 لەوانە بەکاردەهێنن و هەر کڕیارێك تا 10 ئەمێری پێدەدرێت.

وتیشی: "ئەمە چارەسەرێکی کاتییە تا کێشەکە چارەسەردەکرێت."

دابینکردنی کارەبا هێشتا كه‌مه‌

دابینکردنی کارەبا لە موسڵ هێشتا کەمە، هەرچەندە کارەکانی نۆژەنکردنەوە تەواوبوون، كه‌ به‌گوێره‌ی ئەمجەد هۆکارەکەی ئەوەیە وەزارەتی کارەبا ئیدامه‌ی به‌رده‌وام ئه‌نجامده‌دات لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی.

وتی ئەوەش بۆتە هۆی کەمکردنەوەی کاتی کارەبای رۆژانە لە موسڵ لە 1,200 مێگاواتەوە چەند هەفتەیەك لەمەوبەر، بۆ 600 مێگاوات.

وتیشی: "ئێمە کە وزەمان پێدەگات دەیدەین به‌ دانیشتوانەکە بۆ ئەوەی لانیکەم 20 کاتژمێر کارەبا دابینبکرێت لە رۆژێکدا بەڵام ئێستا ئەوە کەمبۆتەوە بۆ حه‌وت کاتژمێر.

هه‌روه‌ها وتی: "هیوادارین بەمنزیکانەوە بگەڕێینەوە بە توانایەکی مەزنەوە دوای ئەوەی کارەکانی چاککردنەوە تەواودەبن و یەکەی بەرهەمهێنانی نوێ دادەنرێن."

ئەندامێكی لیژنەی خزمەتگوزاریەکان له‌ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حوسام عەببار وتی کاری چاکردنەوەی کەرتی کارەبا لە موسڵ تەحەدایەکی گەورەیە چونکە زۆر زیانی بەرکەوتووە.

عەببار بە دیارونای وت: "تەواوبوونی کارەکان زۆر گرنگە لەم بارەیەوە، چونکە لە کاتێكی خێرای بێپێشینەدا ئەنجامدران، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئاستی تێکدانه‌ی کاریكردبووه‌ سه‌ر تۆڕەکانی کارەبا و تاوەرەکان."

وتی کەمبوونەوەی کاتەکانی کارەبا کێشەیەكه‌ لە سەرانسەری وڵاتدا و وتیشی: "بڕوامان وایە دوا چارەسەر بۆ ئەم کێشە به‌رده‌وامه‌ی کارەبا کردنەوەی دەرگایه‌ بۆ وەبەرهێنان."

هه‌روه‌ها وتی: "دەبێت دەرگاکان بۆ وەربەرهێنەران بکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین کێڵگەی وزە درووست بکەین و كورتهێنانه‌كان پڕبکرێنەوە."

ئەندامێكی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حەسەن شەبیب، هاوڕای عه‌ببار بوو، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دابینکردنی کارەبا و کەمبوونەوەی دەرئەنجامی کەمیی بەرهەمهێنانە هەر بۆیە ناتوانرێت لە ئاستی داواکاریەکاندا دابینبکرێت.

شەبیب بە دیارونای وت: "پێویستمان بە جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی وزەیە لەگەڵ دروستکردنی ئەو دەزگایانەی بە غاز کار دەکەن. پێویستیمان بە کارەبا ساڵ بە ساڵ زیاد دەکات و چارەسەرێکی واقعیانەمان پێویستە بۆ ئەم قەیرانە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

بێ توانج.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌