فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەڕا هەینی (8 حوزەیران) رایگەیاند ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ پاکردنەوەی دورگەی سامەڕا لە پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئەنجامی ئەرێنیی بەدەستهێناوە.
فەرماندە لیوا عیماد زوهەیری بە دیارونای وت هێزەکانی فەرماندەییەکە سێشەممە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورەیان دەستپێکرد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تۆپخانە و هێزە ئاسمانیەکان و تیمەکانی ئەندازیاری سوپای عێراق و هێزی میلیشیاکان.
وتی: "ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە لەناوبردنی شوێنە گرنگەکانی داعش و شانەکانی بوون کە لە دورگەی سامەڕا خۆیانشاردۆتەوە، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی دەکەوێتە نێوان گوندی ئەلبو جەروب، کەناڵی دەریاچەی سەرسار و رێگای لینە [رۆژئاوای سامەڕا]."
ناوچەکە بە درێژایی 30 کیلۆمەتر دووجا درێژدەبێتەوە و ناسراوە بە هەڵکەوتە جوگرافیە سەختەکەی و بوونی جۆرهها رووهكی سروشتی.
زوهەیری وتی: "ژمارەیەك چەکداری داعش کە لە موسڵ و تەلەعفەر و ئەنبارەوە هەڵهاتبوون هاتبوونە ئەم ناوچەیە و سوودیان لە هەڵکەوتە جوگرافیەکەی و نزیکیی لە ناوچە بیابانیەکان وەرگرتبوو."
ههروهها وتی: "هەڵمەتەکەمان لەسەر هەواڵگریی دروست ئەنجامدرا و یەکینەکانمان بەگوێرهی پلانێكی بهباشی داڕێژراو جوڵهیاندهكرد."
وتیشی: "هەڵمەتەکە ئەنجامی ئەرێنیی بەدەستهێناوە، چونکە سەرکەوتووبوو لە پاکردنەوەی دورگەکە لە چەکدارە پاشماوەکان و بەدەستهێنانی ئاسایش."
توندکردنی پەتەکەی ملی داعش
زوهەیری وتی هێزە هاوبەشەکان لانیکەم 13 چەکداری داعشیان کوشت لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، زۆربەشیان فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە.
وتیشی حەوت مۆڵگەی حەوانەوهی داعشیشیان لەناوبرد دوای ئەوەی چەندین چەك و تەقەمەنییان تێدا دۆزینەوە.
ههروهها وتی: "زیاتر لە نیوەی گژوگیاكهمان [لە دورەگەکە] سوتاند، چونکە ژینگهیهكی نمونهییان بۆ خۆشاردنهوهی چەکدارەکان دابینكردبوو."
وتی هێزەکانی عێراق دەیانەوێت ناوچە کشتوکاڵیەکان بگرنەوە لە ناوچەکە بۆ ئەوەی دانیشتوانەکە بتوانن کشتوکاڵی تێدابکەن و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن تێیدا بمێیننەوە.
وتیشی: "هەڵمەتەکەمان کۆتایی پێهات بەڵام لێرەدا ناوەستین و ئۆپەراسیۆنە هێرشبهرییهكهمان بەردەوامدەبێت لەو بەشەدا كه لێی بەرپرسیارین."
زوهەیری وتی ئەوەش ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە له دەریاچەی سەرسارهوه لە رۆژئاوا درێژدەبنەوە بهرهو روباری عوزێم لە رۆژهەڵات و ههروهها له موکەیشیفەوه لە باکور بۆ عەبایجی لە باشور.
وتیشی: "هەموو ئهو ناوچانهی لهژێر بەرپرسیارێتیماندان بهتهواوی ئهمینكراون. [چەکدارانی داعش] هیچ بژاردەیەکیان نەماوە ئەوە نەبێت بە گروپی بچوك خۆیان حەشاربدەن لە ناوچه دابڕاوهكانی نێو سنووری بهرپرسیارێتیی یەکە سەربازیەکانماندا."