وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگه‌یاند كه لانیکەم 20 کوژران و 110 کەسی دیکەش برینداربوون دوای ئەوەی ئهمبارێكی چەك تەقییەوە لە گەڕەکی مه‌دینه سەدر لە بەغدا ئێوارەی چوارشەممە (6 حوزەیران).
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنه ئەمنییه‌كانی بەغدا لە بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاند: "ئهمبارێكی چەك تەقییەوە. هێزه ئەمنیەکان لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیان ده‌ستپێكردووه بۆ دۆزینه‌وه‌ی هۆکارەکەی."
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان لە بەشی روسافە، عەقید حسێن مەفریجی، بە دیارونای وت تەقینەوەکە بەهۆی چەکی قورسه‌وه بوو، کە گولهئاربیجی و تۆپیشیان تێدابوو.
سەرچاوە پزیشكییه‌كان وتیان ژن و منداڵ لەناو قوربانیەکاندا بوون.
شاهیدەکان وتیان زیانێکی زۆری ماددیش بە ماڵ و بیناکانی تری گەڕەکی مه‌دینه سەدر کەوتووە.
مەفریجی وتی: "هێزە ئەمنیەکان بەدواداچوونیان بۆ ئه‌م رووداوە به‌دبه‌ختانه‌یه دەستپێکردووە."
وتیشی: "رووداوەکە بەهۆی ئه‌مباركردنی چەك و تفاق و تەقەمەنیەوە روویدا لە حسێنیەکەی ئیمام حسێندا."
هه‌روه‌ها وتی: "پلەی بەرزی گەرما و پشتگوێخستن تەقینەوەکەی لێکەوتەوە كه بووه‌هۆی رووخانی لانیکەم 20 خانوو."
مەفریجی وتیشی: "هەڵگرتنی چەك لە گه‌ڕه‌كه‌كاندا هەڵەیەکی گەورەیە و رێکاری یاسایی دەگیرێته‌به‌ر دژی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان پێوه هه‌بووه."