فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا دووشەممە (4 حوزەیران) ئاشکرایکرد کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 600 گومانلێکراو دەستگیرکراون لە پارێزگاکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی نەینەوا عەمید حەماد نەمیس جبوری بە دیارونای وت.
وتی زۆربەی گومانلێکراوان ئەندامی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بوون.
وتیشی "پشکی شێر بۆ هاوڵاتیانە لە دۆزینەوەی داعش و دواکەوتنی گومانلێکراواندا،" چونکە زۆربەی زانیارییه هەواڵگریەکان دەربارەی حەشارگەکانی تیرۆریزم "لە خەڵکی ناوچەکەوە دێت".
"خەڵکهكه بڕێك زانیاریمان دەدەنێ و ئێمەش بەدوایدا دەڕۆین."
جبوری وتی ئەم هاوکارییە "سەریشیکێشاوە بۆ دەستگیرکردنی ئهو سەرکرده باڵایانهی داعش کە هەڕەشەی ئەمنی بوون".
وتیشی هەندێك لە ئەندامە دەستگیرکراوەکان خۆیان لە گەڕەکەکاندا شاردبووهوە، لەکاتێکدا ئەوانیدیکە خۆیان لە ئەشکەوت یان تونێلی پاشماوەی ناوچەکەدا شاردبووهوە.
دەستگیرکردنەکانی ئەمدواییە
پۆلیسی نەینەوا یەکشەممە (3 حوزەیران) ژنێکی دەستگیرکرد لە گەڕەکی تەئمیم لە خۆرهەڵاتی موسڵ، کە کاری بۆ بەشی خزمەتگوزاری داعش کردبوو.
لە 2 حوزەیران، پۆلیس پیاوێکی دەستگیرکرد ناوی حوسام عەبدوڵا خدر بوو لە گەڕەکی تەل رومان لە خۆرئاوای موسڵ، کە کاری بۆ دەزگای ئەمنی داعش کردبوو.
پێش ئەوە، لە 31 ئایار، هێزەکانی عێراق عەلی دەسان خەزعەلیان دەستگیرکرد، کە بەرپرسی "نوسینگهی مزگەوت و خێر"ی گروپەکە بوو. لەنێو ئاوارەکانی باشوری موسڵدا خۆی شاردبووهوە.
جبوری وتی پۆلیسی نەینەوا چیتر پشت بە زانیاری نهێنی نابەستێت، چونکە ئێستا دانیشتوان خۆیان بە زانیارییەوە دێن، لێدوانەکانیان دەدەن و لەبەردەم دادگادا دەردەکەون بۆ شایەتیدان.
وتیشی: "گەر بەردەوامیی زانیاری و هەوڵی خەڵکی ناوچەکە نەبوایە، بەم ئاستە لە ئەمنیەت نەدەگەیشتین کە ئێستا موسڵی تێدایه."
وتی: "پشتگیریی جەماوەری توانایەکی زیاترمان پێدەبەخشێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمن و شکستهێنان بە پلانەکانی. ماوەیەکی زۆرە هیچ دزەکردنێکی تیرۆریستی نەبووە لە شارەکەماندا و ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە کە بەهۆی خەڵکەکەمان و هێزەکانمانەوەیە."