چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و خێزانەکانیان دەستیانکردووە بە جێهێشتنی ناوچەکانی باشوری دیمەشق، چالاکوانێکی خۆجێی وتی، هەرچەندە رژێمی سوریا هێشتا پشتڕاستینەکردۆتەوە کە رێککەوتنی گواستنەوەی چەکدارانی لەگەڵ گروپەکە ئەنجامدابێت.
روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دووشەممە (21 ئایار) رایگەیاند دووەم گروپی چەکدارانی داعش لەکاتی شەودا ناوچەکەیان جێهێشت، یەکەم گروپ یەکشەممە بە پاس لە ناوچەکە گوێزرانەوە و بەرەو ناوچەی (بیابانی) بادیە رۆیشتن.
بەگوێرەی روانگەکە، هەنگاوەکە دوای زیاد لە مانگێك لە شەڕی توند هات لەنێوان هەردوولادا لە ناوچەی باشوری دیمەشق کە زیاد لە 250 چەکداری هێزەکانی سەربە رژێمی تێدا کوژران، لەگەڵ 233 چەکداری داعش و زیاد لە 60 مەدەنی.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه گواستنەوەکە دیمەشق و ناوچەكهی دەوروبەری دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی رژێمەوە.
گواستنەوە دەستپێدەکات
چالاکوان بەها سەهلی بە دیارونای وت كه تێبینی ئەوە کراوە پاس چەکدارانی داعش دەگوازێتەوە لە گەڕەکی تەزامون و کەمپی ئاوارە فەلەستینیەکانی یەرموکەوە بۆ ناوچەیەکی ژێردەستی داعش لە بیابانهكه.
وتی دەنگی تەقە و تەقینەوە لە شەڕی نێوان هەردوولادا وردەووردە کەمبووهوە و شەوی شەممەش بەتەواوەتی وەستا.
وتی بەیانی یەکشەممە یەکەم کاروان بینرا کە یەرموکیان بەرەو ناوچەی بادیە جێهێشت و ژمارەیەك پاس دەبینران کە نیوەڕۆی یەکشەممە چوونە کەمپەکەوە بۆ گواستنەوەی دووەم گروپ.
سەهلی وتی پاسەکان لە مەیدانی بهتیخە گردبوونەوە لە دەروازەی یەرموك، لەژێر پارێزگاریی ئەمنیی توندا.
وتی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە گەڕەکەکانی حەجەر ئەسوەد و یەرموك و تەزامونەوە بەرەو خاڵی گردبوونەوە دەچوون.
وتیشی یەکشەممە چەند پەڵە هەورێکی رەش بەسەر یەرموکەوە بوون -- هی شەڕ نەبوون، بەڵکو هی ئەوە بوو كه ئەندامانی داعش بنکە و ماڵەکانیان دەسوتاندن لەو ناوچەیەی لێی دەکشانەوە.
سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەكه "شەو و بەنهێنی" ئەنجامدرا.
وتیشی: "رژێمی سوریا دان بەوەدا نانێت كه دانوستانی لەگەڵ داعش کردووە و دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی کاروانەکان لەلایەن هاوپەیمانانەوە ناکرێنە ئامانج."